تیپێكی شاری هەولێر ئامادەی كردنەوەی یارییەكانی مۆندیال دەبێت

تیپێكی شاری هەولێر ئامادەی كردنەوەی یارییەكانی مۆندیال دەبێت
بەبەشداریی 400 تیپی قوتابخانەكانی هەر یەك لە پەروەردە گشتییەكانی هەولێرو دهۆك و سلێمانی و گەرمیان و كەركوك و بەسەرپەرشتیی كۆمپانیای كۆكا كۆلاو بە هاوكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم یارییەكانی جامی كۆكاكۆلا بۆ یاریی فوتساڵی قوتابخانەكانی سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، دوای ئەنجامدانی چەندین یاری لە نێوان قوتابخانەكانی شارەكان هەردوو تیپی قوتابخانەی زیوەری شاری هەولێرو زۆزكی گەرمیان گەیشتنە یاریی كۆتایی خولەكە، لەهۆڵی شەهید فرەنسۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری هاندەرانی وەرزشی هەردوو تیپ رووبەڕووی یەكتری بوونەوە، لەم یارییەشدا یاریزانانی تیپی زیوەری هەولێر توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و یارییەكەشیان بە ئەنجامی(4-0)گۆڵ بردەوە و نازناوەكەیان بەدەستهێنا، بڕیاریشە تیپی زیوەری هەولێر لە كردنەوەی جامی جیهانی 2014ی وڵاتی بەرازیل لە كردنەوەی یەكەم یاریی پاڵەوانێتییەكە لە نێو هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و كرواتیا ئامادەی یارییەكە بن، جێگای ئاماژەپێكردنە ئەمە چوارەم ساڵە یارییەكانی جامی كۆكاكۆلا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و پاڵەوانەكانی جامەكەش لە رێوڕەسمێكی وەرزشی لەسەر ئاستی جیهان بەشداری دەكەن.
Top