نوری شێخ ڕەزا: گرنگیی بە وەرزشــی خاوەن پێداویستی تایبەت نادرێت

نوری شێخ ڕەزا: گرنگیی بە وەرزشــی خاوەن پێداویستی تایبەت نادرێت
هەرچەندە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە چەندین بۆنەی وەرزشی و پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان ئەنجامی پێویستیان بەدەست هێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گلەییان هەیە لەلایەنی بەرپرس بە هۆی گرنگیی پێ نەدانی زیاتر بە وەرزشی ئەوانەوە، لەم بارەشەوە نوری شێخ ڕەزا سەرۆكی یانەی رۆژی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەمینداری لێژنەی پارا ئۆڵۆمپی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی(( وەكو هەموو یانەكانی تری كوردستان كە یانەكەی ئێمەش تایبەتمەندیی خۆمان هەیە پێویستی بەهاوكاریی زیاترە لەلایەن حكومەت و كەسانی تریشەوە هاوكارییەكانیش كەمە، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش بەڵێنی هاوكاری كردنیان بە ئێمە داوە كە وەكو هەموو یانەكانی تری كوردستان هاوكاریمان بكەن، دامەزراوەیی وەرزشیمان بۆ بكەن و ژێرخانی وەرزشی و هاوكاری مادییمان بكەن و لە هەمان كاتیشدا كێشەی هاتوچۆی یاریزانانی تیپەكەمان هەیە)) ناوبراو گوتیشی یانەكەی ئێمە تاكە شوێنە بۆ كۆكردنەوەی یاریزانە خاوەن پێداویسیتە تایبەتەكان و نزیكەی 85یاریزانمان هەیە و زیاتر لە حەوت یاریمان هەیەو بودجەی یانەكەمان تەنیا چوار ملیۆن دینارە كە بەشی هیچ ناكات، دامەزراوەكانی یانەكەمان هەمووی هی خۆمانە و لەسەر پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی دروست كراون و جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش هیچ كەسێك هاوكاریمان ناكات، وەرزشی كەم ئەندامان هیچی كەمتر نییە لە وەرزشوانی ئاسایی، چونكە دەتوانین لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەكان میدالیای ئاڵتـون لە مل بكەین و ئاڵای بۆهەڵكرێ، داواكارین زیاتر بایەخ بە وەرزشی كەم ئەندامان بدرێت، بەگشتی زیاتر گرنگی بە وەرزشكاری ئاسایی دەدرێت لە چاو وەرزشكاری ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پاڵەوانی جیهانمان هەیە، لە بارەی بەرنامەكانیشیان بۆ ئەمساڵ ناوبراو گوتی((بەرنامەی ئەمساڵ دوو تا سێ هۆڵمان هەیە دەخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخەی بودجەوە وای لێ هات تا ئێستا هیچی بۆنەكراوە، بە دروست كردنی ئەم هۆڵانەش تاڕادەیەكی باش كێشەو گرفتەكانمان چارەسەر دەبێت)).
Top