گۆنا كەمال:بەهیچ شێوەیەك بڕیارم نەداوە واز لە وەرزش بــــهێنم
دیمانە:كارزان كانەبی
*چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی ئەفرۆدێت كرد؟
- من یاریزانی تیپی باسكەی یانەی سیروانی نوێ بوو لە هەمان كاتیشدا یاریی گۆڕەپان و مەیدانم ئەنجام دەدا، لە هەمان كاتیشدا لە مەلەوانگەی یانەكەش چاودێربووم ئێتر كۆمەڵێك كارەم لەخۆم كۆكردبووە نەمدەتوانی ئامادەیی مەشقەكان بم، بۆیە ئەمجارە یارییەكەی خۆم گۆڕی بۆ فوتساڵ و هاتمە ریزی یانەی ئەفرۆدێت.
* بەچ شێوەیەك لەگەڵ یانەكە پێك هاتووی؟
- هیچ گرێبەستێك لە نێوان من و یانەی ئەفرۆدێت نییە و تەنیا موچەیەكی مانگانەم پێ دەدەن منیش لە ریزی ئەم یانەیە درێژە بە وەرزشكردنی خۆم دەدەم.
* هەست ناكەی لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بە یارییەكانی فوتساڵ نادرێت؟
-- بەڵێ هەستی پێ دەكرێت ئەوەندەی گرنگی بە یارییەكانی تۆپی پێی كوڕان دەدرێت، ئەوەندە گرنگی بە كچان نەدراوە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووش لەلایەن یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان گرنگیی باش لە شارەكانی كوردستان بەم یارییە دراوە.
*بڕیاری ئەوەت نەداوە واز لە وەرزش كردن بهێنیت، كە ماوەیەكی زۆرە لە خزمەتی وەرزشیدایت ؟
- تا ئێستا بیرم لە واز هێنان نەكردۆتەوە، جارێ تەمەنم لە پێش ماوە بۆ خزمەت كردنی زیاتری وەرزشی لە كوردستان.
* هیچ گرێبەستێكت بۆ هاتووە لە لایەن یانەكانی تر؟
- بەڵێ گرێبەستم پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی تری كوردستان، بەڵام خۆم حەزم نەكردووە لە شاری سلێمانی دوور بكەومەوە.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی یاریی فوتساڵی كچانی بەرز بكرێتەوە؟
- پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار گرنگی زیاتر بە ئاستی یارییەكانی ئافرەتان بدرێت بە تایبەتی لە یاریی فوتساڵ یاریزانی باشتر بهێنرێتە پێشەوە بۆئەوەی خولەكە زیاتر بەهێز بێت، كردنەوەی خولی بەردەوام و پشتگیری كردنی بەردەوامیش.
* لە كوردستان چ یانەیەك بە ڕكابەریی یانەی ئەفرۆدیت دەزانی؟
- زێرەڤانی و ئافرەتانی هەولێر ئەم دوو یانەیە زۆر بەهێزن.
*كێشەو گرفتتان چییە وەكو یاریزانان؟
- نەبوونی یاریگای پێویست بۆ ئەنجامدانی مەشقە بەردەوامەكان و كەمیی كەل و پەلی پێویست و كەمیی موچەی یاریزانان ئەوانە ئێستا هەمووی بۆتە گرفت لەبەردەم گەشە كردنی ئاستی یاریزانان.
* كێشەت بۆ دروست نابێت بۆ وەرزش كردن لەلایەن هاوسەرەكەت و خانەوادەكەت؟
- سوپاس بۆخوای گەورە تاكو ئێستا هیچ كێشەكم بۆ دروست نەبووە، بگرە هاوسەرەكەم هاندەری یەكەممە و لێرەوە پێی دەڵێم نموونەت زۆر بێت سەربەزرم پێت .
* هیواو ئاواتت لەم یارییە چییە ؟
- بەهیوای ئەوەم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم و ببمە جێگای ستایشی وەرزشكاران و سەری خۆم و شارەكەم بەرز بكەمەوە.
* بەچ یاریزانێكی جیهانی زۆر سەرسامی؟
- بێكهامی یاریزانی پێشووی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.
* جگە لەم وەرزشە چەند وەرزشی تریشت ئەنجام دەدەیت؟
- ئێستا جگە لە یاریی فوتساڵ هیچ یارییەكی تر ئەنجام نادەم، بەڵام بەگشتی هەموو یارییەكانم ئەنجامداوە.
*پێشتر یاریی گۆڕەپان ومەیدانت ئەنجامدا بۆچی یارییەكەت گۆڕا؟
- لەبەر ئەوەی هەستم دەكرد لە یاریی تۆپی پێی ئاستم بەرزترە، بۆیە پێم باش بوو لەم یارییە درێژە بەم وەرزشە بدەم.

