لە دوایین یاری خولی باسكەی نایابی یانەكانی كوردستان لە نێوان هەردوو یانەی دەربەندیخان و سیروانی نوێی شاری سلێمانی كە لە یاریگای تیپی یەكەم بەڕێوەچوو، دوای پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرز لە نێوان هەردوو یانە تیپی دەربەندیخانی خاوەن یاریگا زۆر بەزەحمەت توانی یارییەكە بباتەوە بە تەنیا جیاوازی یەك خاڵ بە ئەنجامی(58-59)خاڵ، دوای دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن رزگار رەئوفی ڕاهێنەری تیپی سیروانی نوێ بۆ سەر تاولەی یارییەكە لەلایەن ژمارەیەكی زۆری هاندەرانی وەرزشی یانەی دەربەندیخان هێرشی دەكرێتە سەری و بریندار دەكرێت، لەم بارەشەوە رزگار رەئوف بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: هیچ هۆكارێك نەبوو لە یارییەكە بەڵام بەپێچەوانەی هەموو پێش بینییەكان نزیكەی حەفتا هاندەری یانەی دەربەندیخان هێرشیان كردە سەرم و ئازاریاندام، هەر چەندە من لە یارییەكە هیچ وشەیەكی دوور لەگیانی وەرزشیم بە كار نەهێناوە سەرەڕای ئەوەش شتێكم نەكردبوو كە ببێتە هۆی مایەی دڵگرانیی یانەی دەربەندیخان و هیچ كێشەو گرفتێكم لەگەڵیان نەبووە یان لە ڕاگەیاندنی یانە لە هەر شوێنێكی تر قسەیەكم نەكردووە كە ئەوانم بریندار كردبێ، بە پێچەوانەوە هەموو دەربەندیخان دەزانێت ئەوەندەی من سوودم بە دەربەندیخان گەیاندووە كەس وەكو من سوودی بۆ ئەوان نەبووە، بەڵام زۆر بەداخەوە بە نزیكەی حەفتا كەس لە من و دوو یاریزانی یانەكەمانیان دا، ئێمە سكاڵای فەرمیمان لەسەر یانەی دەربەندیخان تۆماركردوە لە یەكێتیی تۆپی باسكەی كوردستان،بە سوپاسەوە ئەوانیش بەفەرمی نوسراویان كردووە بۆ یانەی دەربەندیخان كە دەبێ ئیجرائاتی یاسایی لە دژی ئەو كەسانە ئەنجام بدەن كە هێرشیان كردۆتە سەر ئێمە، گوتیشی ئێمە لە پۆلیس هیچ سكاڵایەكمان تۆمار نەكردووە چونكە كێشەكە شەخسی نییە كارێكی یاسایی وەرزشییە، من نازانم كێ بووینە كە هێرشیان كردۆتە سەر من، چونكە من كێشەم لەگەڵ كەس نەبووە جگە لە خزمەت كردنم بە وەرزش، بەڵام من دەڵێم كۆمەڵێك گەنجی چەقۆ وەشین بووینە كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە و پێشتریش كێشەیان دروست كردووە.