لە خولی پلە دووەكانی كوردستان گارە و ئاسۆ و غازی باكور سەركەوتنی گرنگیان تۆماركرد
لەمیانی یارییەكانی هەفتەی حەفتەمی خولی یانە پلە دووەكانی كوردستان لە چەند یاریگایەكی شارەكانی كوردستان هەشت یاری گرنگ بەرێوەچوو، لە گروپی یەكەم چوار یاری ئەنجامدرا، یانەی گارە لەسەر یاریگای خۆی لە شاری دهۆك لە یارییەكی بەهێزدا ڕووبەرووی یانەی بەردەڕەش بووە لەم یارییەشدا یاریزانانی یانەی گارە توانیان ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن و یارییەكەشیان لەبەرژەوەندی خۆیان بە كۆتایی هێنا بە ئەنجامی(2-0)گۆڵ بەم ئەنجامەش بە جیاوازی گۆڵ یانەی گارە هاتە پێشەنگی یانەكانی ئەم گروپە، یانەی ئاسۆش لە یارییەكی زەحمەت و بەهێزدا میوانداری یانەی خەباتی كردو لەم یارییەشدا یانەی ئاسۆ زۆر بەزەحمەت یارییەكەی بردەوە بە تاكە گۆلێكی بێ بەرامبەر بەم ئەنجامەش یانەی ئاسۆ كۆی خاڵەكانی بۆ11خاڵ بەرز كردەوە هاتە پلەی دووەم، یانەی پیشەسازی لەسەر یاریگای خۆی دووخاڵی گرنگی لەدەستدا كاتێك میوانداری یانەی ئاكرێ كردو لەم یارییەشدا هەردوو یانە بە گۆلێك و بەخالێك یەكسان بوون، یانەی پێشكەوتنیش لەسەر یاریگای شەهیدان میوانداری یانەی جیهانی كردو لە یارییەكی ئاست بەرزدا هەردوو یانە بە گۆلێك یەكسان بوون و خالێكیان لە یارییەكە پێبرا، لە گروپی دووەمیش یانەی سۆلاڤ لەسەر یاریگای خۆی لە یانەی دووبزی بردەوە بە ئەنجامی(2-0)گۆڵ، یانەی كەیوانیش درێژەی بە ئەنجامە باشەكانی دا و لە یارییەكی بەهێزدا لە یانەی دووزی بردەوە بە ئەنجامی(3-1)گۆڵ، لە یارییەكی بەهێز و لوتكەشدا هەردوو یانەی كفری و ڕانیە ڕووبەرووی یەكتری بوونەوە لەم یارییەشدا یانەی كفری توانی یارییەكە بباتەوە بە ئەنجامی(3-2)گۆڵ، یانەی مەخموریش لەسەر یاریگای خۆی دووچاری شكستێكی چاوەڕوان نەكراوو لەبەرامبەر یانەی غازی باكور بە ئەنجامی(2-0)گۆڵ یارییەكەی دۆڕاند و غازی باكوریش لە پێشەنگی یانەكانی گروپەكە مایەوە
