لەجامی یەكێتی ئاسیا ئەمڕۆ هەولێر چاوی لە بەدەست هێنانی دووەم سەركەوتنە كارزان كانەبی

لەجامی یەكێتی ئاسیا ئەمڕۆ هەولێر چاوی لە بەدەست هێنانی دووەم سەركەوتنە كارزان كانەبی
لە چوار چێوەی یارییەكانی جامی یەكێتی یانەكانی ئاسیا بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە یانەی هەولێر لە دووەمی یاری خۆی لەسەر یاریگای یانەی عەرەبی قەتەری لە وڵاتی قەتەر لە كاتژمێر 5ی ئێوارە میوانداری یانەی ئەلی ئاوشی وڵاتی قیرغستان ببێتەوە، بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی یانەی هەولێر ئامادەكارییەكی باشیان كردوە لە رۆژی دووشەممەوە گەشتی وڵاتی قەتەریان كردوە بە ئامانجی ئەنجامدانی دووەم و یاری و بەدەست هێنانی سەركەوتنی گرنگ لە خولەكە هەر چەندە دەبوایە ئەم یارییە لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی فەرنسۆ هەریری ئەنجامدرایە، بەڵام بەهۆی گەمارۆكانی فیفا لەسەر عێراق یارییەكە گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، یانەی هەولێریش بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ تەنیا بەسەركەوتن ڕازی دەبن و تەواوی یاریزانانی یانەكەش لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی درێژە بەسەركەوتنەكانیان بدەن، لەبارەی ئامادەكارییەكانی یانەی هەولێریش بێجان ئیبراهیم ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی وەرزشی هەولێر گوتی: ئامادەكارییەكانمان یەكجار باشبووە و رۆژانە تیپەكەمان لەسەر دەستی ڕاهێنەری یانەكەمان ئەیوب ئۆدیشۆ مەشقی چڕو پڕیان ئەنجامداوە و بە ئامانجی درێژە دان بە ئەنجامە باشەكانی یانەكە، هیچ كێشەو گرفتێكمان نیە لە ریزی یانەكەمان هەموو یاریزانان ئامادەن بۆ بەدەست هێنانی سەركەوتن و بەلێنی سەركەوتنیان داوە، ئێمە وەكو ئیدارەی یانەكە هیچ زانیارێیكمان لەسەر تیپی ئەلی ئاوش نیە و بەڵام دەستەی ڕاهێنەران زانیاریان لەسەر تیپەكە كۆكردۆتەوە، بۆیە تاكە ئامانجی ئێمە لەم یارییە تەنیا سێ خاڵی یارییەكەیە بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەكانمان بدەین، یاریزانانیش هەموویان بەلێنی ئەوەیان داوە كە سەركەوتن ئامانجیان بێت
Top