نەسرین خێروڵڵا یاریزانی ئافرەتانی هەولێر: پێویستە زیاتر بـایەخ بە تـۆپی پێی ئافرەتان بدرێت
نەسرین خێروڵڵا یەكێكە لە كچە ئاست بەرزەكانی یاریی فۆتسالی كچان (تۆپی پێ لە هۆڵی داخراو) ماوەی چەند ساڵێكە لەم یارییە ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و سەرنجی هەمووانی بۆ خۆی راكێشاوە و گۆڵكارێكی بەتوانایە، نەسرین تەمەنی 19 ساڵە و قوتابی قۆناغی یەكەمی كۆلێژی پەروردەی وەرزشیی زانكۆی سەڵاحەدینە و ماوەی شەش ساڵە لە یانەی ئافرەتانی هەولێر یاری دەكات و دەڵێت: زۆر شانازی بە شارەكەم دەكەم بۆیە حەز دەكەم هەردەم خزمەتی بكەم و ناوی بەرزبكەمەوە.
لە دوای تەواوبوونی یارییەكانی خولی كوردستان بۆ فۆتسال لەسەر ئاستی كچان و بە دەستهێنانی یانەی ئافرەتانی هەولێر پلەی دووەم، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە دیمانەیەك لەگەڵ نەسرین خێروڵڵادا بكەین.
*هۆكاری هەڵبژاردنی تۆپی پێ بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- یەكێك بوو لە ئارەزووەكانم، بۆیە بە بێ دوودڵی یاریی تۆپی پێم هەڵبژارد.
* لە وەرزی رابردوو ئاستێكی یەكجار بەرزت پێشكەش كرد، بەڵام لە وەرزی ئەم ساڵدا بە پێچەوانەوە ئەو ئاستە نەبوو، كە لێت چاوەڕوان دەكرا هۆكارەكەی بۆ چ دەگەڕێنیەوە؟
- هۆكارەكان زۆرن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئاستی زۆربەی یاریزانەكان لە چاو وەرزی رابردوو زۆر خراپ بوو، بەتایبەتی من كە لە وەرزی رابردوودا یەكێك بووم لە گۆڵكارەكانی تیپ، بەڵام ئەم ساڵ نەمتوانی هەمان ئاست پێشكەش بكەم، هەروەها چوونم بۆ كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی بەشێوەیەكی كەم كاریگەری لەسەرم هەبوو ئەویش بەهۆی ماندووبوون، بە گشتی لە وەرزی ئەم ساڵدا تەنیا لە یەك یاریدا ئاستێكی باشم پێشكەش كرد ئەویش یاری ئافرەتانی هەولێر و قەڵا بوو، لە یارییەكانی تر زۆر خراپ بووم.
* ئەم ساڵ تێبینی دەكرا لە تیپەكەتدا كێشە و گرفت هەبوو تا چەند ئەمە راستە؟
- ئەوەی راستی بێت دوای دۆڕانە گەورەكەی بەرامبەر یانەی زێڕەڤانی یاریزانەكان تووشی شۆك بوون و بەهۆی ئەم یارییە هەندێك كێشە روویدا، كە زۆربەی یاریزانەكان تا ئێستاش نەیانتوانیوە دان بەوەدا بنێین، كە بەم ئەنجامە تووشی دۆڕان هاتین، بۆیە كاریگەری لەسەر یارییەكانی دواتر هەبوو، سوپاس بۆ خوا لە دوایین یارییەكاندا توانیمان بگەڕێینەوە سەر رێگەی راست و پلەی دووەم بە دەست بهێنین.
* چۆن دەڕوانیە ركابەرییەكانی خولی كوردستان ئایا وەرزی رابردوو بەهێزتر بوو یان ئەم ساڵ؟
- لە وەرزی رابردوودا ركابەرییەكە تەنیا لە نێوان هەردوو یانەی ئافرەتانی هەولێر و زێرەڤانی بوو، بەڵام لە وەرزی ئەم ساڵدا ركابەرییەكە بەهێزتر بووە و ئێستا هەریەكە لە یانەكانی سەنحاریب و ئەفرۆدێت ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و بوونە ركابەری خولەكە شان بەشانی یانەكانی ئافرەتانی هەولێر و زێرەڤانی.
* چی بكرێت بۆ پێشخستنی یارییەكە؟
- داوا لە یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان دەكەم زیاتر بایەخ بە تیپەكانی كچان بدات و جیاوازی لەگەڵ تیپەكانی كوڕان نەكەن، چونكە كچە یاریزانی ئاست بەرزمان هەیە و دەتوانن شتی زۆر باش پێشكەش بكەن و حەز دەكەین یارییەكان زیاتر ئەنجام بدرێت واتە خولەكە بە دوو قۆناغ بەڕێوەبچێت نەوەك یەك قۆناغ بۆ ئەوەی ئاستەكە بەرزتر بێت.
* تا چەند كچ لە كوردستان ئارەزووی یاریی فۆتسال-ی هەیە؟
- ساڵ بە ساڵ ژمارەی كچە یاریزانەكان بەرەو زیاد بوون دەڕوات و چونكە كچیش حەز بە یاریی تۆپی پێی دەكات و هیوادارین لە داهاتوو لە یاریگای گەورە یاری بكەین ئەوە ئاواتێكی هەموو كچە یاریزانەكە، كە شان بەشانی كوڕان خولێكی تایبەت بە ئافرەتان لە یاریگەی گەورە هەبێت.
* ئایا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوی؟
- بەڵێ بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كراوم، بەڵام تا ئێستا بڕیارم نەداوە بچم یان نا.
* تا چەند یانەكان پشتگیری لە تیپەكانی كچان دەكەن؟
- تا راددیەك باش نییە، یانەكەی خۆم، كە تایبەتە بە ئافرەت باشە، بەڵام هێشتا تیپەكانی كچان پێویستیان بە پشتگیری هەیە بۆ ئەوەی ئاستیان بەرز بێتەوە بتوانن ركابەری تیپەكانی تر بكەن بەتایبەتی لە دەرەوەی عێراق.
* لە وەرزی ئەمساڵدا چ كچە یاریزانێك سەرنجی راكێشای؟
- یاریزانەكانی یانەی زێڕەڤانی ئاستیان زۆر باشە، بەڵام یاریزانی یانەكە سیپەل زۆر سەرنجی راكێشام یاریزانێكی ئاست بەرزە.
* تا چەند كۆمەڵگا رێخۆشكەرە بۆ هاتنی كچان بۆ نێو وەرزش؟
- بۆچوونی كۆمەڵگا ساڵ دوای ساڵ دەگۆڕدرێت بۆ نموونە پێشتر رێگەنەدەدرا كچ بێتە نێو وەرزش، خۆشم یەكێك بووم لەو كەسانە كە پێشتر رێگریم لێدەكرا، بەڵام ئێستا بۆچوونەكە گۆڕاوە و رێخۆشكەر بووینە بۆ ئەوەی كچەكانیان وەرزش ئەنجام بدەن، چونكە كچ هەیە ئاستی زۆر بەرزە و بەهرەمەندە داوا لە دایك و باوكەكان دەكەم، كە پشتگیری لە كچەكانیان بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بوونی خۆیان لە كۆمەڵگاو بواری وەرزش بسەلمێنین.
* كێشەتان چییە؟
- كێشەی سەرەكی نەبوونی هۆڵی تایبەت بە یاریی فۆتسال بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشق و یاری ئەمەش دەبێتە هۆكاری دابەزینی ئاستی كچە یاریزانەكان.
* دوا وتەت چییە؟
- دەستخۆشی لە هەردوو راهێنەرەكەم دەكەم، كە لە وەرزی ئەم ساڵدا زۆر ماندوو بوون لەگەڵمان و توانیمان تۆزێك ماندووبوونی ئەوان بكەینە ئەنجام بۆبە دەستهێنانی پلەی دووەم و دەستخۆشی لە یاریزانەكان دەكەم بۆ ئەم ئاست بەرزی كە پێشكەشیان كرد بەهیوای ئەوەم زیاتر بایەخ بە وەرزشی ئافرەتان بدرێت.
