لە جامی كوردستان چوار تیپ گەیشتنە یاری پێش كۆتایی

لە جامی كوردستان  چوار تیپ گەیشتنە یاری پێش كۆتایی
كارزان كانەبی
لەمیانی یارییەكانی قۆناغی هەشتەمی جامی یانەكانی كوردستان لە چەند یاریگایەكی شارەكانی كوردستان چوار یاری گرنگ و بەهێز بەرێوە چوون، یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەسەر یاریگای خۆی لە شاری هەولێر لە یارییەكی بەهێزدا میوانداری یانەی بروسكی كرد، لەم یارییەشدا یاریزانانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر توانیان ئاستێكی بەرز لە یارییەكە پێش كەش بكەن و سەركەوتنەیش بكەنە دیاری هاندەرانیان و یارییەكەشیان بە ئەنجامی(3-0)گۆڵ بردەوە، گۆڵەكانی پێشمەرگە لەرێگای هەریەك لە یاریزانان(عەبدوللا سەربەست و وریا نوری ئەحمەد عیسا) تۆماركران و یانەی پێشمەرگەش خۆی گەیاندە قۆناغی پێش كۆتایی، لەسەر یاریگای سێمێلیش لە شاری دهۆك لە یارییەكی بەهێزدا هەردوو یانەی زاخۆ و كەركوك رووبەرووی یەكتری بوونەوە، لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد لە یارییەكەدا و یانەی كەركوك بە زەحمەت توانی یارییەكە بباتەوە بە تاكە گۆلێكی یاریزان ستار یاسین كەلە خولەكی 11ی یارییەكە تۆماری كرد، یاریزانانی زاخۆ هەوڵی زۆریان دا بۆ ڕاست كردنەوەی ئەم یارییەكە بەڵام گشت هەوڵەكانیان بێ‌ سوود بوو، یانەی سیروانی نوێ‌ لەسەر یاریگای ئاشتی لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی هەلۆی دەڤەری بارزانی كرد لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردو سەرئەنجامیش یانەی سیروانی نوێ‌ توانی یارییەكە بەتاكە گۆلێكی شاڵاوعەباس بباتەوە كە لەخولەكی 13ی یارییەكە تۆماری كرد، لە شاری سلێمانیش لە یارییەكی بەهێزدا هەردوو یانەی سلێمانی و زێرەڤانی رووبەرووی یەكتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردو یارییەكەش بە سوودی یانەی زێرەڤانی بە كۆتایی هات بە تاكە گۆلێكی یاریزان مستەفاسالار كە لە گێمی دووەم تۆماری كرد، بەم ئەنجامەش هەریەك لە یانەكانی پێشمەرگەی هەولێرو كەركوك و سیروانی نوێ‌ و زێرەڤانی گەیشتنە قۆناغی پێش كۆتایی جامی كوردستان.
Top