راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان بڵاویان كردەوە یانەی پاریس سان جێرمان تا ئێستا مكوڕە لەسەر بەدەست هێنانی تواناكانی یاریزانی ئەرژەنتین و یانەی بەرشلۆنە لیۆنیل میسی. هەروەها ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە یانەكەی پاریسی پایتەخت بەبایەخەوە لەهەوڵی بەدەستهێنانی یاریزان میسییە، هەرچەندە هەریەك لەیاریزانی ناوبراو و خۆسیە ماریای سەرۆكی تازەی یانەی بەرشلۆنە ئەم هەواڵەیان رەت كردۆتەوە، بەڵام بەپێی رۆژنامەی لیكیبی فەرەنسی خاوەنی یانەی سان جێرمان، قەتەری ناسر خەلیفی تا ئێستا گەشبینە بە هێنانی یاریزانی تەمەن 26 ساڵ لیۆنیل میسی بۆ یاریگای باخچەی میرەكان، هەروەها بەپێی رۆژنامەكە ناسر خەلیفی پێشبینی دەكات هێنانی میسی هەنگاوێكی گەورە بێت لە بەدەست هێنانی خەونەكانی كە بە هۆیەوە یانەی سان جێرمان ببێتە یەكێك لە بەهێزترین و باشترین یانەی جیهان. جێی وەبیر هێنانەوەیە لەسەرەتای وەرزی نوێی ئەمساڵدا میسی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە تا هاوینی 2018 نوێ كردەوە و ئێستا سەرۆكی تازەی یانەی ناوبراو هەوڵ دەدات بۆندەكەی میسی باشتر بكات و بیكاتە خاوەن گەورەترین مووچە لە جیهاندا.