یاریزانی هەڵبژاردەی بەلژیكا و یانەی چێلسی ئینگلیزی ئەدین هازارد رایگەیاند گشت كۆششەكانی دەخاتە گەڕ بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتە كەسییەكانی وەك هەردوو ئەستێرەكەی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنیل میسی. هەروەها هازارد دووپاتی كردۆتەوە لەسەر دەستی راهێنەری یانەكەی جۆزی مۆرینهۆ تەواو پێگەیشتووە . جێی وەبیر هێنانەوە بەپێی كەناڵی سكای سپۆرت یاریزانی بەلژیكی ئەدین هازارد بەشێوەیەكی نوێ لەم وەرزە شان بەشانی یاریزانی بەرازیلی یانەكەی ئۆسكار دەركەوتووە، بۆیە ئەم ئاستە بەرزەی یەكێك بووە لەهۆكارە سەرەكییەكانی رۆیشتنی یاریزانی ئیسپانی خوان ماتا بۆ یانەی مانچستەر یونایتد . هەر لەدرێژەی قسەكانیدا هازاردی تەمەن 23 ساڵ روونی كردۆتەوە بە هەوڵ و كۆششەكانی وا دەكات رۆژێك لەرۆژان ببێتە یەكێك لە پاڵێوراوانی بەدەست هێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان هەروەك رۆناڵدۆ و میسی. شایەنی وتنە هازارد لە هاوینی 2012دا لەیانەی لیلی فەرەنسییەوە هاتە ریزی یانەی چێلسی.