سالار هەمزە: ئافرەتانی فوتساڵی هەولێر بیر لە وازهێنان دەكەنەوە

سالار هەمزە:  ئافرەتانی فوتساڵی هەولێر بیر لە وازهێنان دەكەنەوە
هەر چەندە ماوەی چەند ساڵێكە سالار هەمزە ڕاهێنەری بەتوانای فوتساڵی ئافرتانی هەولێر لە شاری هەولێر لەگەڵ یانەكەی بەشدارە لە یارییەكانی خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان، شوێن پەنجەی ئەم ڕاهێنەرە دیار بووە لە دەست نیشان كردن و پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا بۆ یانەی ئافرەتانی هەولێرو هەڵبژاردەی پەروەردەی هەولێر، ئەم ساڵیش ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كردبوو لە یارییەكانی خولی فوتساڵی نایابی كوردستان، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاری دەست لە كاركێشانەوەی دابوو لە مەشق پێكردنی یانەكە، بەڵام دوای وتوێژ لەگەڵ سەرۆك و كارگێڕانی یانەكە، ڕاهێنەری ناوبراو بڕیاری دەست لە كاركێشانەوەكەی جارێ بە كاتی ڕاگرتووە، لەبارەی هۆكاری دەست لە كار كێشانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە، سالارهەمزە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» بەر لە دوو هەفتە من دەست لە كاركێشانەوەم بە سەرۆكی یانەكە راگەیاندبوو، بەڵام ناوبراو قبوڵی نەكرد و گوتی جارێ تا دوو هەفتەی تر بەردەوام بە، چەند جارێكیش بەخۆی ئەوەی بەمن راگەیاندووە كە ناتوانین بە هیچ جۆرێك دەستبەرداری تۆ بین، لەلایەكی تریشەوە یاریزانەكانیش ئەم دەست لەكاركێشانەوەی من قبوڵ ناكەن ئەوەشیان ڕاگەیاندووە كە ئەگەر دەست لەكاربكێشمەوە واز دەهێنین چونكە ماوەی شەش ساڵە لەگەڵ من بەردەوامن و لەگەڵ خانەوادەكەی ئەوان وەكو یەك خێزانمان لێهاتووە، من ئەوە ئاشكرا دەكەم كە ناتوانم لەم ئەركە بەردەوام بم، بەڵام ئەمە دوایین بڕیارم نابێت، گرنگ نییە ئێمە هەر پلەیەك لە خولەكە بەدەست دەهێنین، گرنگ ئەوەیە ئەوەی لەگەڵتە یارمەتیدەربێت و من یاریدەدەری ئافرەتم نییە، هەمیشە گوتوومە بڕیا یاریدەدەرێكی ئافرەتمان هەبوایە، هەر چەندە هەشبووە بەڵام وەكو پێویست نەبووە دوایین بڕیاریشم بۆدوای خولەكە دەبێت.
Top