لە پاڵەوانێتیی عەرەب باسكەی سیروانی نوێ بەنیازی نووسینەوەی مێژوون

لە پاڵەوانێتیی عەرەب باسكەی سیروانی نوێ بەنیازی نووسینەوەی مێژوون
ڕاپۆرتی: كارزان كانەبی

هەر چەندە تیپی باسكەی كچانی سیروانی نوێ بە لێهاتوویی رزگار رەئوفی راهێنەری گەنجی یانەكە توانیان بۆ یەكەمجار نازناوی سوپەری باسكەی كوردستان ببەنەوە شاری سلێمانی دوای ئەوەی لە یاریی كۆتایی دەست نیشان كردنی پاڵەوانی سوپەری كوردستان نازناوەكەیان لە چنگی كچانی ئەكادی عەنكاوە دەرهێنا، بڕیاریشە رۆژی دووشەممە لە شاری شاریقەی وڵاتی ئیماراتی عەرەبی كچانی سیروانی نویێ شاری سلێمانی بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان و عێراق شان بەشانی حەفت یانەی تری وڵاتانی عەرەبی بەشداری لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بكەن بۆ یەكمجار كە بڕیارە یارییەكانی تاكو رۆژی 12ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، هەرچەندە كچانی سیروانی نوێ بە تیپێكی لاوەوە بەشدارن، بەڵام بۆ نووسینەوەی مێژوو بەشداری لەم پاڵەوانێتییە دەكەن لەبارەی بەشداری كردنیان لەم پاڵەوانێتییەدا كچانی سیروانی نوێ بە ئومێدەوە بەشداری ئەم یارییانە دەكەن ئێمەش لەم بارەیەوە ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامداوە.


ڕزگار رەئوف ڕاهێنەری باسكەی كچانی سیروانی نوێ لەبارەی بەشداری كردنیان لەم پاڵەوانێتییەدا بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: بەشداری كردنی تیپی ئێمە دوای ئەو زنجیرە سەركەوتنانە هات كە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەدەستمان هێناوە لە پاڵەوانێتییەكانی كوردستان و عێراق، ئێمە چەند رۆژێك بەر لە ئێستا جامی سوپەری كوردستانمان هێنایەوە شاری سلێمانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی شارەكە ئەم نازناوەمان بەم شارە شاد كردەوە، بۆ بەشداری كردنیش لە پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەبی ئامادەكارییەكانمان بەردەوام بووە و رۆژانە مەشق و راهێنانەكانمان لە هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی كردووە. لە بارەی كێشەكانیان ڕاهێنەری ناوبراو گوتی: كێشەی سەرەكیی ئێمە نەبوونی هۆڵێكی تایبەتە بە خۆمان بۆ ئەوەی بتوانین بە بەردەوامی مەشقەكانی خۆمانی تێدا ئەنجام بدەین، لەگەڵ ئەوەشدا دلێری ڕاهێنەری باسكەی پێشمەرگە هاوكاری زۆر باشی كردووین، بۆ ئەم پاڵەوانێتییەش كچە یاریزانێكی بیانی بە ناوی (رەشیدەت ئۆدۆن)هاتۆتە ریزی یانەكەمان بەپێی رێنماییەكانی پاڵەوانێتییەكەش هەر یانەیەك دەتوانێت سێ یاریزانی پیشەگەر بباتە ریزی یانەكەیەوە، بەڵام بەهۆی كەمیی دارایی و كێشەكانمان نەمانتوانی یاریزانی زیاتر بهێنین، ئێمە بۆ پلەی یەكەم لەم پاڵەوانێتییەدا بەشداری ناكەین، بەڵكو بۆ چوونە نێو پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان بەشدار دەبین، ئێمە ڕەنگە تاكە تیپ بین لەم پاڵەوانێتییە كە تیپێكی گەنجین تەواوی یاریزانەكانمان بچووكن و دەمانەوێت ئەزموون لەم بەشداری كردنە وەربگرین، تیپەكانی بەرامبەر ئێمە ئەزموونی بەشداری كردنیان بۆ زیاتر لە 25 ساڵ دەگەڕێتەوە، كچانی ئێمەش یەكەمجارە لە مێژوودا بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییە دەكەن، منیش وەكو ڕاهێنەر یەكەم جارە بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكی وا دەكەم دەمەوێ ئەزموون وەربگرم سەرجەم تیپە بەشداربووەكانیش لە چاو ئێمە ئاست و توانای باشیان هەیە لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتیەكان، گوتیشــی: ئێمە لەلایەن یەكێـتیی تۆپی باسكەی وڵاتانی عەرەبی بانگهێشتی ئەم پاڵەوانێتییە كراوین كە دووەمی كوردستان و عێراق بووینە، لە هەمان كاتیشدا سوپەری كوردستانمان بەدەست هێناوە، بەڵام هیچ كەمپێكی مەشقیمان ئەنجام نەداوە لە دەرەوەی وڵات تەنیا لە ناو شاری سلێمانی خۆمان ئامادەكردووە.
لەلایەن خۆشیەوە چۆمان نەواف كچە یاریزانی تیپی باسكەی سیروانی نوێ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی» پێشبینی دەكەین ئاستی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرز بێت، ئێمەش ئامادەكاریی باشمان كردووە لەسەر دەستی ڕاهێنەری بەتوانای كوردستان مامۆستا ڕزگار، بۆیە ئەگەر ئێمە وەكو تیپێكی كوردستان بەشداری بكەین بۆ ئێمە دەبێتە دەستكەوتێكی زۆر باش كە بتوانین ئەنجامی باشیش بەدەست بهێنین، كچە یاریزانەكانی ئێمە هەمووی گەنجن و دەیانەوێ وەكو یەكەم بەشداری كردن ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەن، ئامادەكارییەكانیشمان هەر لە شاری سلێمانی بووە.
وەفا جاسمیش لە بارەی ئامادەكارییەكانی تیپەكە بۆ گوڵان گوتی: ئێمە وەكو یاریزانان بەردەوام لە ناو خولەكانی كوردستان و عێراق بووینە دواتریش نازناوی سوپەری كوردستانمان بەدەست هێنا، ئامادەكاریی باشمان كردووە بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامی باش، ڕاهێنەری تیپەكەشمان زۆر ماندوو بووە لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەمان، ئەو بەشداری كردنەشمان دەبێتە دەروازەیەكی باش بۆ تیپەكەمان بۆ بەشداری كردنی زیاتر لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە.
مێراندا نەواف بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: بەشداری كردنی ئێمە لە پاڵەوانێتییەكی وا گەورەدا دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ ئەوەی خۆمان بسەلمێنین كە یانەیەكی ئاست بەرزین لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، ئامادەكارییەكانیشمان وەكو پێویست لە شاری سلێمانی ئەنجامداوە، ڕاهێنەری تیپەكەمان زۆر ماندوو بووە لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەمان بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنین، حەزمان دەكرد یاریزانی پیشەگەری زۆرتر لەگەڵ ئێمە یارییان بكردایە بەڵام بەهۆی كەمیی توانایی داراییمان نەمانتوانیوە یاریزانی زیاتر بهێنین، بۆیە ئێمە وەكو یاریزانان متمانەی تەواومان بەخۆمان هەیە كە بوونی خۆمان وەكو كچانی كورد بسەلمێنین.
Top