ئەنشلۆتی: لەماوەیەكی نزیكدا ڤاران دەگەڕێتەوە یاریگاكان

ئەنشلۆتی: لەماوەیەكی نزیكدا ڤاران دەگەڕێتەوە یاریگاكان
بەڕێوەبەری هونەری تیپی ریال مەدریدی ئیسپانی كارلۆ ئەنشلۆتی رایگەیاند یاریزانی نێودەوڵەتیی فەرەنسی رافائیل ڤاران لەماوەی دە رۆژی داهاتوودا ئامادەیە بگەڕێتەوە یاریگاكان،دوای ئەوەی ماوەیەكی درێژە بەهۆی پێكانەوە دابڕاوە. هەروەها ئەنشلۆتی روونی كردەوە خۆشبەختانە ڤاران لەئێستادا لەبارێكی باشدایەو بەشێوەیەكی تەواو لەپێكانەكەی چاك بۆتەوە كە پێكانی ئەژنۆی بوو. هەروەها ئەنشلۆتی وتی دوای ئەوەی ڤاران دەستی بە راهێنان كردەوە و بینیم ئامادەیە بۆ یاریكردن، بۆیە دەتوانم رای بگەیەنین كە ڤاران لەماوەی دە رۆژی داهاتوو بۆ یاریی بەرامبەر ئیسپانیۆل لەمیانەی یاریی چارەگی كۆتایی پاڵەوانییەتی شای ئیسپانیا ئامادەیە بۆ یاریكردن. شایەنی وتنە بەهۆی پێكانە یەك بەدوا یەكەكانی ڤاران ماوەیەكی درێژە لەیاریگاكان دابڕاوەو لە 12 مایۆی 2013 نەشتەرگەرییەكی لە ئەژنۆی راستی كرد بەر لەوەی تووشی پێكان بێت بە هەوكردنی ئەژنۆی لە 20 تشرینی دووەمی رابردوو تا ئێستا . گەڕانەوەی ڤاران لەكاتێكدایە یانەی ریال مەدرید لەم دواییانەدا توانیویەتی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و جیاوازی لەگەڵ هەردوو ركابەرەكەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و بەرشلۆنە بۆ تەنیا یەك خاڵ كەم بكاتەوە.
Top