نیهاد ئۆزدیمیر تایبەت بە گوڵان: فەنەرباخچە بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە دێتە هەولێر

نیهاد ئۆزدیمیر تایبەت بە گوڵان: فەنەرباخچە بۆ   ئەنجامدانی یارییەكی  دۆستانە دێتە هەولێر
هەفتەی رابردوو كەسایەتیی دیاری یانەی فەنەرباخچە و خاوەنی گەورەترین كۆمپانیای توركی نیهاد ئۆزدیمیر گەیشتە هەولێری پایتەخت بە مەبەستی ئەنجامدانی سیمینارێك و لەم سەردانەدا كاری وەرزشیشی ئەنجام دا، كاتێك سەردانی یانەی هەولێری كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی یانەكە بوو، نیهاد ئۆزدیمیر راستە جێگری سەرۆكە، بەڵام كەسایەتیی یەكەمە لە یانەكە و خاوەن ناوبانگێكی زۆرە لە نێو هاندەرانی یانەكە و هەردەم لە خەم و پێشكەوتنی یانەی فەنەرباخچەدایە، لەم ماوەیەدا یانەكە تووشی گرفتیكی گەورە بووەتەوە، كە هەڕەشە لە سەرۆك یانە دەكرێت بەوەی كە بەند بكرێت بەهۆی تێوەگلانی لە كێشەی گەندەڵیدا، بەڵام نیهاد ئۆزدیمیر دڵنیایە لە سەرەوەریی یاسا بۆ چارەسەكردنی ئەم كێشەیەو زانینی چەند زانیارییەكی تایبەت، بە پێویستمان زانی ئەم دیمانەیە لەگەڵ ئەم كەسایتیە ئەنجام بدەین.


*ئامانجی ئەم سەردانەت بۆ كوردستان چییە؟
- ئامانجی سەرەكیم بارزگانی بوو، بەڵام حەزم كرد بزانم وەرزش لە كوردستان چۆنە، بۆیە بە پێویستیم زانی سەردانی گەورەترین یانە لە كوردستان و عێراق بكەم ئەویش یانەی هەولێر بوو، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەم یانەیە و وەرزشی كوردستان بم، هەروەها لە رووی سیاسییەوە پەیوەندیی نێوان كوردستان و توركیا زۆر چاكە، منیش هەوڵ دەدەم زیاتر گەشە بەم پەیوەندیە بدەم، بەڵام لە رووی وەرزشەوە، چونكە ئێمە یەك نەتەوەین و جیاوازیمان لە نێواندا نییە.
* تا چەند زانیاریت لەسەر هاندەرانی یانەكەت (فەنەرباخچە) لە كوردستان هەیە؟
- یانەی فەنەرباخچە یەكێكە لە یانە هەرە گەورەكانی توركیا و خاوەن پێگەیەكی جەماوەری یەك جار زۆرە لە توركیا و هەردەم لە نازناوەكان نزیكە، بەڵام كە هاتمە كوردستان هەستم بەوە كرد، كە یانەكەم جەماوەرێكی زۆری لە كوردستان بە تایبەتی لە هەولێر هەیە، چونكە كاتێك لە شەقامەكان دەڕۆیشتم یان لە شوێنە گشتیەكان كەسانێكی زۆر لێم نزیك دەبوونەوە پرسیاری یانەی فەنەرباخچەیان لێ دەكردم و دەیان پرسی كەی یانەكە دێتە كوردستان یاخود چ یاریزانێكتان كڕیوە، بەڕاستی من سەرسامم بووم و هەستم بەخۆشیەكی زۆر كرد.
* چۆن دەڕوانییە ئەم كێشە گەندەڵییە، كە ئێستا یانەكە پێوەی دەناڵێت؟
- ئەوەی راستی بێت، ئێمە متمانەیەكی تەواومان بە دادگا و یاسای توركیا هەیە بۆیە ئێستا دادگا لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەكات بۆ ئەوەی بگەینە راستییەكان و بۆ شەقامی توركیاش روون بێتەوە و ئێمە متمانەیەكی تەواومان هەیە، كە ئەم كێشە بە زووترین كات چارەسەر دەبێت.
* ئایا ئەم كێشەیە كاریگەری لە یانەكە ناكات؟
- ئێستا یانەكەمان بە قۆناغێكی گرنگ تێپەڕ دەبێت، هەروەها فەنەرباخچە یانەیەكی گەورەیە و خاوەن مێژوویەكی زۆرە، بە بۆچوونی خۆم ئەم بابەتە هیچ كاریگەری لەسەر یانەكە نابێت، چونكە یانە گەورەكان هەردەم لە كاتی تەنگانەدا دەستكەوت بە دەست دەهێنن و ئومێدەوارین ئەمساڵیش بتوانین نازناوەیەك بە دەست بهێنین.
* چۆن وەسفی سەردانەكەت بۆ یانەی هەولێر دەكەیت؟
- لەم سەردانەدا زۆر شتی گرنگ هەبوو، كە تیایدا توانیمان چاومان بە دەستەی كارگێڕیی یانەكە بكەوێت و چەندین باسی گرنگ ئاڵوگۆڕ كرا، لەوانە ئەنجامدانی ئۆردوگای مەشقی و یاریی دۆستانە،هەروەها سەیری یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریریم كرد.
* ئەگەر زیاتر باسی یارییە دۆستانەكە بكەیت چۆن و كەی ئەنجام دەدرێت؟
- ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی هەولێر رێكەوتین، كە یانەی فەنەرباخچەی توركی سەردانی شاری هەولێر بكات بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لەگەڵ یانەی هەولێر و گشت ئەستێرەكانی یانەكەش ئامادە بن، بەهەمان شێوە یانەی هەولێر سەردانی توركیا بكات بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لەگەڵ یانەكەی ئێمە، بەڵام كاتی یارییەكە دیاری نەكرا، چونكە ئێستا یانەی فەنەرباخچە سەرقاڵی خولەكانی توركیا و ئەوروپایە بەهەمان شێوە یانەی هەولێریش سەرقاڵی خولی عێراق و ئاسیایە رەنگە ئەم یارییە لە وەرزی هاویندا ئەنجام بدرێت و رەنگە لە مانگی 9، بەڵام هێشتا دیار نییە.
* ئەی سەبارەت بە ئۆدروگای مەشقی؟
- ئێمە حەز دەكەین ئۆردوگایەكی مەشقی بۆ یانەی هەولێر لە توركیا ساز بكرێت و من پێم راگەیاندن، كە هەر كاتێك یانەی هەولێر ئۆردوگای مەشقی هەبوو بەتایبەتی لە توركیا ئەوە دەعوەتی منن، چونكە دەمەوێ خزمەتی بواری وەرزشی كوردستان بكەم و هاندەرانی هەردوو یانە لە یەك نزیك بكەینەوە.
* یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری-ت چۆن بینی؟
- یاریگایەكی خۆشە، بەڵام بەداخەوە زۆر بچووكە بۆ شارێكی گەورەی وەكو هەولێر، كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە دەبێت یاریگایەكی گەورە بۆ یانەكە دروست بكرێت تاوەكو جەماوەرێكی زۆر لە نێو یاریگا ئامادە بێت.
* دوا وتەت بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان چییە ؟
- زۆر سوپاسی ئێوەی خۆشەویست دەكەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بەهیوای سەركەوتن بۆ گۆڤارەكەتان و دڵنیام ئەم ساڵ یانەی فەنەرباخچە لە گشت یارییەكان پلەی یەكەم بە دەست دەهێنێت و دووبارەی دەكەمەوە، كە بەم نزیكانە یانەی فەنەرباخچە دێتە كوردستان بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لەگەڵ یانەی هەولێر.
Top