راهێنەری یانەی نەورۆز: لە قۆناغی دووەم ئاستمان گۆڕانكاری بەسەردا دێت

راهێنەری   یانەی نەورۆز:   لە قۆناغی دووەم ئاستمان گۆڕانكاری بەسەردا دێت
دوای ئەوەی دەستەی كارگێڕیی یانەی نەورۆز بڕیاری گۆڕانكاری لە دەستەی راهێنەرانی یانەكەی دا، بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا ئاستی یانەكە گۆڕانكاریی باش بەخۆیەوە ببینێت ئاستی یانەكە بەرەو پێش ببەن، لە دوایین ریزبەندی یانەكان رزگاریان بكات كە ئێستا یانەكە خاوەنی تەنیا 13خاڵە و لە پلەی دوازدەهەمدا دێت، لەم بارەشەوە ئەرسەلان جەلال راهێنەری یانەی نەورۆز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی ئاستی خۆمان بەرز كەینەوە، هەموو یاریزانانی یانەكەشمان بەڵێنی ئەوەیان داوە هەرچی لە توانایاندا بێت بیكەن بۆ بەدەست هێنانی ئەنجامێكی شایستە و قەرەبوو كردنەوەی ئەنجامە خراپەكانی قۆناغی یەكەم، لە رووی داراییشەوە تاكو ئێستا هیچ كێشەیەكمان نییە، لە رووی هونەریشەوە تەنیا یەكێك لە یاریزانە باشەكانی یانەكەمان تووشی پێكان بووە، لە بارەی كێشەكانیش گوتی: ئێمە تەنیا یەك كێشەمان هەیە ئەویش كێشەی كاتە، چونكە ئێمە پێویستمان بە كاتی زیاترە، لە بارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاریش ناوبراو گوتی: تاكو ئێستا بڕیاری گۆڕانكاریم نەداوە، چونكە تەواوی یاریزانەكانمان بەتوانان و متمانەی تەواوم بە یاریزانانی خۆمان هەیە كە دەتوانن ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنن، بڕیاری ئەوەشمان داوە كە هیچ یاریزانێك ناهێنین و هێشتا كاتمان لەبەر دەستدا ماوە لە یارییەكانی داهاتوو تیپەكە بەرەو ئەنجامی باش ببەین.
Top