شارا ئەكرەم: تاكە ئافرەتی ناوبژیوانی تێنسی سەرمێزم لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق
* چۆن بوو هاتیتە نێو دنیای وەرزشییەوە؟
- من هەر لە منداڵییەوە خولیام بۆ وەرزش هەبووە لە قوتابخانە لە قۆناغەكانی سەرەتایی و ئامادەیی بەشداری هەموو چالاكییەكانم كردووە، لە كاتی چوونیشم بۆ زانكۆ بە هۆی حەزم بۆ وەرزش تەنازولم كرد بۆ كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی.
* بۆچی بواری ناوبژیوانی یاریی تێنسی سەرمێزت هەڵبژارد؟
- بە شێوەیەكی گشتی هەموو یارییە وەرزشیەكانم خۆش دەوێ، زۆربەی یارییەكانیشم ئەنجامداوە وەكو وەرزش كردن توانیومە ناوبژیوانی یارییەكانی تریش بكەم جگە لە ناوبژیوانی تێنسی سەرمێز، بەڵام حەزم لەم یارییە بووە.
* ئاستی ئەم یارییە لە رووی ئافرەتان وەكو پێویستە؟
- نەخێر وەكو پێویست نییە چ لە رووی یاریزانەوە چ لە رووی ناوبژیوانانیشەوە.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- شت زۆرە ئەگەر بكرێت، بۆنمونە كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان و هێنانی راهێنەری باش و بەتوانا و كردنەوەی پاڵەوانێتیی زیاتر بۆ یاریزانان ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان.
* تۆ تاكە ئافرەتیت لەم یارییەدا وەك ناوبژیوان هەست بە چی دەكەی؟
- ئەوەی ڕاستی بێت هەست بە تاقانەیی خۆم دەكەم لە ناو برا ناوبژیوانەكانم زۆر خۆشحاڵم و بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بەتوانای خۆم بدەم.
* وەكو تاكە ئافرەتی ناوبژیوان لەم یارییە لە عێراق و كوردستان وەكو پێویست گرنگیت پێدراوە؟
- بەڵێ زۆریش لێرە دەمەوێ لەم گۆڤارە ئازیزەوە سوپاسی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی سەرمێزی كوردستان و عێراق بكەم كە ئەوپەری هاوكارییان كردووم بۆ هەموو پاڵەوانێتییەك بانگم دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكان.
* بەرنامەت بۆداهاتووی خۆت چییە ؟
- هەموو تاكێك لە ئێمە بەرنامەی خۆی هەیە بۆ ژیان منیش بەرنامەی تایبەتیی خۆم دەبێت و دەمەوێ لە رێگای وەرزشەوە لە ئاستی ناوبژیوانی بگەمە پلەیەكی بەرزتر و زیاتر توانای خۆم چڕ بكەمەوە بۆ بەهێزكردنی ئاستی زانیاریی خۆم.
* بۆچی نەبوویتە یاریزان یان راهێنەر، كاری ناوبژیوانیت هەڵبژارد؟
- دیارە كەس ناتوانێ لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو بێت، منیش لە بواری ناوبژیوانی خۆم بەسەركەوتوویی زانیوە بۆیە هەڵمبژاردووە.
* كێشەو وگرفتی ناوبژیوانی ئافرەت زیاتر لە چی ڕەنگ دەداتەوە ؟
- من وەكو خۆم هیچ كێشەیەكم نییە و زۆریش ئاسوودەم لە كارەكەی خۆم.
* لە كاری ناوبژیوانیت لەم یاریەدا هیچ كات كێشەت بۆ دروست بووە ؟
- نەخێر ئەگەر تووشم هاتبێ شتێكی وا نییە كە شایەنی باس كردن بێت.
* داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی پەیوەندیدار چییە؟
- داواكارم كە جیاوازی لە نێوان ناوبژیوانەكان نەكرێت، هەر كەسەو بەپێی لێهاتوویی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
* هیواو ئاواتت لەم یارییەدا وەكو ناوبژیوانێك چییە؟
- ئاواتم ئەوەیە نەك یاریی تێنس، بەڵكو وەرزش بە گشتی پێش بكەوێت و ئافرەتان زۆرتر بێنە پێشەوە و شوێن دەستیان دیار بێت لە نێو بواری وەرزشیدا.
