بڕياری گەورەکردنی ڕووبەری ياريگای کامپ نۆ درا
لە کۆنگرەيەکی ڕۆژنامەوانيداو بەسەرپەرشتی ساندرۆ ڕۆسێلی سەرۆکی يانەکە پلانی گەورەکردنی ياريگای کامپ نۆی تايبەت بە يانەی بەرشلۆنە خرايەڕوو ، بەپێی پلانەکە دەستەی بەڕێوبەرانی يانەکە ئامانجيانە ياريگای کامپ نۆ بکەنە گەورەترين ياريگای ئەوروپا بۆ لەخۆ گرتنی زۆرترين هاندەر، لە ئێستادا ئەو ياريگايە توانای لە خۆگرتنی ٩٨ هەزار هاندەری هەيە ، بەڵام بەپێی پلانە نوێيەکە شوێنی ١٥ هەزار کورسی ديکەو چەند بەشێکی گرنگ بۆ ياريگاکە زياد دەکرێت و چەندين تەکنيکی نوێ و ناوازەی نوێی بۆ دادەندرێت ، هەروەها لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٧ دەستدەکرێت بە کارکردن لە پلانەکەداو دەبێت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بەکۆتابێت.
بەڵام تێچووی ئەم پلانەش نزيکەی ٦٠٠ مليۆن يۆرۆيە ، بۆ ئەو مەبەستە يانە کەتەلۆنييەکە پەنادەباتە بەر قەرزی بانکەکان نزيکەی ٢٠٠ مليۆن يۆرۆ قەرز دەکات و هەروەها لەفڕۆشتنی ناوی ياريگايەکەيان نزيکەی ١٠٠ مليۆن يۆرۆی ديکەيان دەستدەکەوێت ، بەو پێيەش کاری نوێ کردنەوەو گەورەکردنی ياريگاکە قورس نابێت و چەند سەرچاوەيەکی تريش وەکو يەدەگ داندراون بۆ يارمەتيدانی يانەکە.
خەندان
