هۆكاری ئەنجام نەدانــی یارییەكانی هەولێر لــە جامی یەكێتیی ئاسـیا لە كوردستان چییە؟
دوای ئەوەی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بەفەرمی بڕیاری دا، كە یارییە نێودەوڵەتی و دۆستانە لە نێو خاكی عێراق ئەنجام نەدرێت بەهۆی خراپی باردۆخی ئەمنی عێراق، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا پابەندی ئەم بڕیارە نەبوو، بەڵكو بڕیاری دا یارییەكانی نوێنەرانی عێراق لە جامی یەكێتیی ئاسیا لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆك ئەنجام بدرێت تا رادەیەك ساڵی 2012 یاریی كۆتایی جامی یەكێتیی ئاسیا بۆ تۆپی پێی لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و كوێتی كوێتی لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجامدرا، دوای تەواوبوونی یارییەكەش یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا نووسراوێكی ستایش و دەستخۆشیی ئاراستەی یانەی هەولێر كرد، بەهۆی جوانی رێكخستنی یارییەكە، كە زیاتر لە 25 هەزار هاندەر ئامادە بوون و چەندین هەزار هاندەریش لە دەرەوەی یاریگا بێ بەش بوون لە بینینی یارییەكە، هەروەها لەم چەند ساڵەدا رێژەی ئامادەبوونی جەماوەر لە هەردوو یاریگەی هەولێر و دهۆك پڕترین جەماوەرن، كە لە ریزبەندی یەكەم دێن، بەڵام لە ساڵی 2014 شتێكی چاوەڕوان نەكراو رووی دا، كاتێك یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بڕیاری رابردووی سەپاند بەسەر یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا، كە ئەویش ناچار كرا، كە ئەم بڕیارە جێبەجێ بكات و جەماوەری یانەكە لە بینی یارییەكانی یانەی هەولێر لە جامی یەكێتیی ئاسیا بێ بەشكرا.
هۆكاری بڕیارییەكە چییە؟
بەپێی ئەو نووسراوە فەرمییەی، كە ئاراستەی یانەی هەولێر كراوە، هۆكاری بڕیارەكە بۆ بارودۆخی ئەمنی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام چەند هۆكارێك هەیە، كە بووە هۆی یاری نەكردنی یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی، هۆكاری یەكەم یەكێتیی تۆپی پێی عێراقە بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی بەهۆی بوونی ركابەریی لەسەر پۆستی سەرۆكایەتیی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق یەكێك لە پاڵێوراوەكانی شاری بەغداد هەوڵ دەدات ئەم بابەتە بكاتە كارتی فشارێك بۆ بە دەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتیی یەكێتییەكە، كە بەڵێن بە دەستەی گشتیی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق بدات، كە دەتوانێت دووبارە یارییە نێودەوڵەتییەكان بگەڕێنێتەوە عێراق.
هۆكاری دووەم بەپێی چەند سەرچاوەیەك چەند وڵاتێك وەكو یەمەن و سوریا داوای یاری كردنی یانەكانیان كرد لە نێو خاكی خۆیان، بەڵام یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا داواكانیان رەت كردووە، بۆیە ئەوانیش لە رێگەی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتییەوە ئەم داوایە یان بە مافێكی رەوای خۆیان زانی وەكو عێراق چۆن یانەكانیان لە نێو یاریگەی خۆیان یاری دەكەن ئەوانیش بەهەمان شێوە مافیان هەیە، بۆیە یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیای ناچار كرد،كە بڕیارەكەی جێبەجێ بكات.
هۆكاری سێیەم نەبوونی پەیوەندی دەرەوەی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ یەكێتییە وەرزشییەكانی ئاسیا و جیهان، چونكە پەیوەندیكردن بە فیفا كاری یەكێتی تۆپی پێی عێراقە نەوەك یانەكان بۆیە لاوازی پەیوەندی دەرەوەی هۆكارێكی تری ئەم بڕیارە بوو.
رێگا چارە چییە؟
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەرۆكی یانەی هەولێر د.عەبدوڵڵا مەجید دوو رێگای خستەڕوو بۆ گەڕانەوەی یارییەكانی یانەی هەولێر بۆ یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری.
رێگای یەكەم: ناردنی نووسراوێكی فەرمی یانەكە بۆ یەكێتیی تۆپی پێی عێراق بەمەبەستی ئاراستەكردنی بۆ یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا و نێودەوڵەتی بۆ روونكردنەوەی زیاتر لەسەر بڕیارەكە، هەروەها هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی یارییەكان بۆ نێو خاكی عێراق.
رێگای دووەم: یانەی هەولێر خودی خۆی پەیوەندی بە یەكێتیی تۆپی پێی ئاسیا و نێودەوڵەتی بكات بۆ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر، هەروەها بە پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر هەموو پێداویستییەكانی پاراستنی ژیانی تیپی میوان بخاتە بەردەم هەردوو یەكێتییەكە و تا ئەو كاتەش یانەكە رەنگە شاندێكی خۆی بنێرێتە یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ باس كردنی بابەتەكە لە نزیكەوە و ئاراستەكردنی داواتنامەیەكی فەرمی بۆ شاندی یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بۆ سەردانی كردنی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بینینی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و هەولێری پایتەخت و بوونی ئارامی لە ناوچەكەدا.
هەولێر یارییەكانی لە كام وڵات ئەنجام دەدات؟
لە ماوەی رابروودا هەولێر ناچار بوو بە زووترین كات یاریگایەك بۆ خۆی بدۆزێتەوە، كە یارییەكانی جامی یەكێتیی ئاسیا ئەنجام بدات، بۆ ئەم مەبەستەش یانەی هەولێر بڕیاری دا یاریگەی یانەی عەرەبی لە وڵاتی قەتەر دەست نیشان بكات وەكو یاریگەی خاكی خۆی بەمەبەستی ئەنجامدانی یارییەكانی لە جامی یەكێتیی ئاسیا بەهەمان شێوە یانەی شورتە یاریگەی یانەی وەكری هەڵبژاردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی یارییەكانی لەم پاڵەوانێتییەدا.
جێگەی باسە یانەی هەولێر لە جامی یەكێتیی ئاسیا لە كۆمەڵەی چوارەم شان بەشانی یانەكانی (شەباب ئوردن یان وەحدات، شەباب زاهیریەی فەڵەستین یان یانەیەكی قیرغستان، رەفاع بەحرێن) یاری دەكات.
