ئەمڕۆ باشترین یاریزانی جیهان لـــــــە ساڵی 2013دەستنیشان دەكرێت :رۆناڵدۆ یان میسی یان ریبیری

ئەمڕۆ باشترین یاریزانی جیهان لـــــــە ساڵی 2013دەستنیشان دەكرێت :رۆناڵدۆ یان میسی یان ریبیری
وا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری زیوریخ-ی سویسری مەراسیمی دەستنیشانكردنی باشترین یاریزانی جیهان لە ساڵی 2013 لە لایەن یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و گۆڤاری فرانس فوتبۆلی فەرەنسی ئەنجام بدرێت، لە ئاهەنگێكی گەوردا، كە لە زۆربەی كەناڵە راگەیاندنەكان راستەوخۆ دەگوازرێتەوە، لەم ئاهەنگەدا باشترین یاریزانی جیهان لەسەر ئاستی كوڕان و كچان و یاری خاوین و جوانترین گۆڵ و باشترین راهێنەر لەسەر ئاستی كوڕان و كچان و خەڵاتی سەرۆكایەتی و پێكهاتەی ساڵی 2013.
ئا: رێبین رەمزی
باشترین یاریزانی جیهان
ركابەرییەكی یەكجار بەهێز هەیە لە نێوان هەر سێ یاریزان كریستیانۆ رۆناڵدۆ و میسی و ریبیری بۆ دەستنیشانكردنی باشترین یاریزان لە ساڵی 2013، كە تیاییدا كاپتنی هەڵبژاردەكان و راهێنەری هەڵبژاردەكان و یەكێتیە وەرزشیەكان و كەسایەتی وەرزشی دیار بەشداری لەم مەراسیمە دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی باشترینەكان، كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2013 توانی بە درێسی یانەی ریال مەدرید 34 گۆڵ تۆمار بكات و ببێتە هۆكاری سەرەكی بۆ سەركەوتنی هەڵبژاردەی پورتوگال بۆ جامی جیهانی 2014.
لیونێل میسی لەم وەرزدا ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و توانی 45 گۆڵ بۆ یانەكەی تۆمار بكات و هەروەها توانی بە ئاستێكی بەرز هەڵبژاردەكەی بگەێنێتە مۆندیالی بەرازیل 2014 و دووەم گۆڵكاری یارییەكانی پاڵاوتن بوو.
فرانك ریبیری لەم وەرزدا توانی گشت نازناوەكان بە دەستبهێنێت، خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی سوپەری ئەوروپی و جامی جیهانی بۆ یانەكان لەگەڵ یانەی بایرن میونیخ ، هەروەها توانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بگەێنێتە جامی جیهانی 2014 و بە باشترین یاریزان لەسەر ئاستی ئەوروپا دەستنیشان كرا.
لەسەر ئاستی ئافرەتان سێ كچە یاریزان ركابەری لەسەر نازناوی باشترین كچە یاریزانی جیهان لە ساڵی 2013 دەكەن بەم شێوەیە بە پێی ریزبەندی فیفا.
1-نادین ئەنجیریر گۆڵچی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئەڵمانیا توانی لە ساڵی 2013 ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات و توانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا بۆ وڵاتەكەی بە دەستبهێنێت و بە باشترین گۆڵچی لەسەر ئاستی ئەوروپا دەستنیشان كرا، هەروەها بە باشترین یاریزانیش، هەرچەندە تەمەنی 34 ساڵە، بەڵام لە ئاستی بەرزی خۆی بەردەوامە و ركابەرییەكی بەهێزە بۆ بە دەستهێنانی نازناوەكە.
2-یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیلی مارتا یەكێكە لە پاڵێوراوە بەهێزەكان بۆ بە دەستهێنانی نازناوەكە، ئەم كچە یاریزانە پێنج جار لەسەر یەكدی توانی خەڵاتی باشترین یاریزان بە دەستبهێنێت هەرچەندە دەستكەوتێكی ئەوتۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بە دەست نەهێناوە، بەڵام لە رووی تاكە كەسی ئاستێكی یەكجار بەهێز و سەرسوهێنەر پێشكەش دەكات بەتایبەتی لە خولی سوید.
3-یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمەریكا ئەبی وامباك، كە بە ئەفسانەی تۆپی پێی لە ئەمەریكا ناسراوە و خاوەنی ژمارەی پێوانەیی لە تۆماركردنی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەكەی بە تۆماركردنی 158 گۆڵ و لەگەڵ یانەكەی توانی بگاتە یاریی كۆتایی خولی ئەمەریكا و پلەی دووەمی بە دەستهێنا بۆیە ئەم كچە یاریزانە بە ركابەرییەكی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكە پاڵیوراوە.
باشترین راهێنەر
یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی هەر لەم ئاهەنگەدا مەراسیمی دەستنیشانكردنی باشترین راهێنەر بۆ كوڕان و كچان لە ساڵی 2013 دەستنیشان دەكات، سەرەتا 10 راهێنەری دەستنیشان كرد پاشان ئەم 10 ناوە بۆ 3 ناو كەمكرایەوە و ركابەری دەكەن.
لەسەر ئاستی كوڕان سێ راهێنەر ركابەریی دەكەن بەمشێوەی خوارەوە بەپێی ریزبەندی فیفا:
1-سێر ئەلێكس فیرگسۆن راهێنەری یانەی مانچستەر یۆنایتد توانی لە وەرزی رابردوو نازناوی خولی ئینگلتەرە بۆ یانەكەی بە دەستبهێنێت و هەروەها دوای 26 ساڵ كاركردن وەكو راهێنەری یانەی مانچستەر یۆنایتد لەگەڵ تەواوبوونی وەرزی 2013 بڕیاری دا بەیەكجاری واز لە كاری راهێنەرایەتی بهێنێت، فیرگسۆن توانی لە مێژووی خۆیدا 49 نازناو بۆ یانەكەی بە دەستبهێنێت و ببێتە باشترین راهێنەری لە مێژووی بەریتانیا.
2-راهێنەری ئەڵمانی بەناوبانگ بۆب هاینكس راهێنەری یانەی بایرن میونیخ توانی لە وەرزی 2013 مێژوویەكی نوێ بۆ خۆی و یانەكەی تۆماربكات دوای ئەوەی بۆ یەكەم جار یانەیەكی ئەڵمانی بەرەو بە دەستهێنانی سێ نازناو لە یەك وەرز برد، كاتێك توانی خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە دەستبهێنێت دوای ئەم سێ نازناوە بۆب هاینكس لە تەمەنی 68 ساڵی بەیەكجاری وازی لە كاری راهێنەرایەتی هێنا.
3-راهێنەری ئەڵمانی یۆرگن كلوب راهێنەری یانەی بروسیا دۆرتمۆند توانی ئەم یانەیە بگەڕێنێتەوە ئاستی راستەقینەی خۆی ركابەری لەسەر نازناوەكان بكات، لە وەرزی 2013 توانی پلەی دووەم لە خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە دەستبهێنێت و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەڵمانی، هەرچەندە لە ساڵی 2012 توانی خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا بە دەستبهێنێت و ئەم راهێنەرە خاوەن جەماوەرێكی یەكجار زۆرە لە ئەڵمانیا.
لەسەر ئاستی كچان سێ راهێنەر ركابەری لەسەر نازناوەكە دەكەن بەم شێوەیە بە پێی ریزبەندی فیفا.
1-راهێنەری ئەڵمانی رالف كێلرمان توانی مێژوویەكی پرشنگدار بۆ خۆی و یانەی ڤۆلسڤبۆرگ تۆماربكات كاتێك توانی لە وەرزی 2013 سێ نازناوی مێژووی بە دەستبهێنێت ئەویش خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەمەش دەستكەوتێكی مێژووییە بۆ یانەكە.
2- راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا سیلیڤیا ناید توانی دەستكەوتێكی گەورە بە كۆمەڵە یاریزانێكی بچووك بە دەستبهێنێت كاتێك توانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بۆ جاری 6 لەسەر یەكدی بە دەستبهێنێت، كە پاڵەوانێتییەكە لە سوید بەڕێوەچوو، ئەم راهێنەرە خاوەن لێهاتووەیەكی زۆرە لە بوارەكەی و توانی كۆمەڵە یاریزانێكی بە توانا بۆ دوا رۆژی ئەڵمانیا ئامادە بكات.
3-راهێنەری هەڵبژاردەی سوید بیا سوندهاج توانی دوای دەستنیشانكردنی وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی سوید هەڵبژاردەكەی بگەێنێتە یاریی پێش كۆتایی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا، كە بەرانبەر بە ئەڵمانیا تووشی شكست هات و توانی لە ماوەیەكی كورتدا هەڵبژاردەیەكی بەهێز بە كۆمەڵە كچە یاریزانێكی لاو دروست بكات.
خەڵاتی بۆشكاش
خەڵاتی بۆشكاش كە تایبەتە بە دەستنیشانكردنی جوانترین گۆڵ لە وەرزی 2013، كە سەرەتا یەكێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 10 گۆڵ-ی دەستنیشان كرد پاش دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی دەنگدان تەنیا سێ گۆل مایەوە بۆ ركابەری كرد لەسەر نازناوەكە كە ئەویش لە قۆناغی دووەمی دەنگدان جەماوەر جوانترین گۆڵ لە وەرزی 2013 دەستنیشان دەكات بەمشێوەی خوارەوە.
1-یاریزانی هەڵبژاردەی سوید و یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ توانی لە یارییەكی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگڵتەرە گۆڵێكی یەكجار جوان بەشێوەی ئیكرۆبات لە شوێنێكی دوور تۆمار بكات.
2-یاریزانی هەڵبژاردەی سلۆڤاكیا و یانەی بەنفیكا نیمانیا مانتیچ توانی لە یاری یانەكەی بەرانبەر یانەی پۆرتۆ لە خولی پورتوگال گۆڵێكی یەكجار جوان تۆمار بكات لەسەر هێڵی ناوچەی سزا.
3- یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی بەرشلۆنە نیمار لە جامی كیشورەكان و لە یاری هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ژاپۆن لە دووری 20 یاردە لێدانێكی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ كرد و توانی یەكێك لە جوانترین گۆڵەكان تۆمار بكات.
خەڵاتی سەرۆكایەتی
ئەم خەڵاتە لە لایەن سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی پێشكەش بە كەسایەتیكی دیاری بواری تۆپی پێی یاخود یەكێتی تۆپی پێی یەكێك لە وڵاتەكان یاخود رێكخراوێك یان رووداوێك یان هەر شتێكی تر ئەم خەڵاتە هیچ ركابەرەی لەسەر ناكرێت و لە رۆژی ئاهەنگە براوی ئەم خەڵاتە لە لایەن خودی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ئاشكرا دەكرێت.
خەڵاتی یاری خاوین
ئەم خەڵاتە هاوشێوەی خەڵاتی سەرۆكایەتی تا رۆژی ئاهەنگ ئاشكرا ناكرێت بە پێوەی رووداوێكی دیاری كراو یاخود یاریزان یان یەكێتیی وەرزشی دەستنیشان دەكرێت وەكو هاندانێك بۆ بەرز راگرتنی یاری خاوین لەسەر ئاستی جیهان و لە بواری تۆپی پێ.
Top