ماڵئاوا ساڵی 2013گرنگترین رووداوە وەرزشییەكانی جیهان لەماوەی یەك ساڵدا

ماڵئاوا ساڵی 2013گرنگترین رووداوە وەرزشییەكانی جیهان لەماوەی یەك ساڵدا
ساڵی 2013 پڕ بوو لە رووداو لەسەرجەم بوارەكانی ژیانی مرۆڤدا، بەڵام لە بواری وەرزشیدا بەپێچەوانە لەگەڵ بوارەكانی دیكە رووداوەكانی بۆ هەندێك لایەن و یانە و هەڵبژاردە ساڵی سەركەوتن بوو، بۆ بەشێكی دیكەش ساڵی شكست و نەهامەت بوو، گرنگترین رووداوە وەرزشییەكانی ساڵی 2013 لەسەر ئاستی جیهان بەم شێوەیە بوو.

تۆپی پێ:
* لە مانگی حوزەیراندا لە وڵاتی بەرازیل یارییەكانی جامی كیشوەرەكان بە بەشداریی 8 هەڵبژاردە ئەنجامدرا، ئەم پاڵەوانەتییە باشترین پرۆڤە بوو بۆ وڵاتی بەرازیل پێش ئەوەی میوانداری یارییەكانی مۆندیالی 2014 بكات لە هاوینی داهاتوودا، هەڵبژاردەی بەرازیل نازناوەكەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاری كۆتایی بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لەهەڵبژاردەی ئیسپانیای بردەوە .
* لە 6/12/2013 لە شاری باهیای بەرازیلی تیروپشكی مۆندیالی بەرازیلی 2014 راكێشرا لە ئەنجامدا چەند گروپێكی بەهێزی لێكەوتەوە وەك گروپی دووەم كە ئیسپانیا و هۆڵەندا و چیلی لەخۆدەگرێت، هەروەها گروپی چوارەم كە هەڵبژاردەكانی ئۆرگوای و ئینگلتەرا و ئیتالیا كۆدەكاتەوە، یارییەكانی مۆندیالی بەرازیل لە رۆژی 12/6/2014 تا رۆژی 13/7/2014 بەردەوام دەبێت .
* لە ساڵی 2013دا هەردوو مۆندیالی لاوان لە وڵاتی توركیا و مۆندیالی تازەپێگەیشتووان لە وڵاتی ئیمارات ئەنجامدران، لە مۆندیالی لاواندا فەرەنسا و لە مۆندیال تازەپێگەیشتوواندا نایجیریا نازناوەكانیان بەدەستهێنا .
* ساڵی 2013 ساڵێكی تایبەت بوو بۆ یانەی بایرەن میونیخی ئەڵمانی،چونكە توانی لەم ساڵەدا پێنج نازناو كۆبكاتەوە، خولی ئەڵمانیا و جامی ئەڵمانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و جامی سوپەری ئەوروپا و جامی مۆندیالی یانەكان تەنها یەك نازناوی لە دەستدا بەرامبەر یانەی بروسیا دۆرتمۆند كە نازناوی جامی سوپەری ئەڵمانی بوو .
* لەسەر ئاستی خولەكانی یانەكانی كیشوەرەكان، یانەی بایرەن میونیخی ئەڵمانی خولی یانەكانی ئەوروپای بەدەستهێنا، یانەی ئەتلەتیكۆ مینیرۆی بەرازیلی جامی لیبەرتادۆرسی یانەكانی ئەمریكای باشووری بەدەست هێنا، یانەی گوانزهۆی چینی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیای بەدەستهێنا، یانەی ئەهلی میسری نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەفریقیای بەدەست هێنا .
* لە خولە بەهێزەكانی تۆپی پێی وڵاتانی ئەوروپا، لە خولی نایابی ئینگلتەرا یانەی مانچستەر یونایتد نازناوەكەی بەدەست هێنا، لە خولی لالیگای ئیسپانیا یانەی بەرشلۆنە بووە پاڵەوان، لە خولی بۆندسلیگای ئەڵمانیا یانەی بایرەن میونیخ پلەی یەكەمی بەدەست هێنا، لە خولی سیری ئەی ئیتالیا یانەی یۆڤانتس نازناوەكەی بردەوە، لە خولی لیگا ئای فەرەنسا یانەی پاریس سان جێرمان نازناوەكەی بەدەستهێنا، لە خولی هۆڵەندا یانەی ئەیاكس ئەمستردام بووە پاڵەوان .
*سەبارەت بە نازناوی یاریزانان، لەسەرەتای ساڵی 2013 دا یاریزان لیونیل میسی خەڵاتی تۆپی زێڕینی بۆ جاری چوارەم لەسەر یەك وەك باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا، هەروەها میسی خەڵاتی لاپچینی زێڕینی وەرگرت وەك باشترین گۆڵكەر، لە مانگی ئابدا یاریزانی فەرەنسی فرانك ریبێری خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای وەرگرت .
* ساڵی 2013 ساڵی گۆڕینی راهێنەران بوو، سێر ئەلێكس فێرگسۆن بەیەكجاری وازی لەكاری راهێنانی یانەی مانچستەر یونایتد هێنا و دێڤید مۆیس جێی گرتەوە، جۆزێ مۆرینهۆ یانەی ریال مەدریدی بەجێهێشت و بووە راهێنەری یانەی چێلسی، راهێنەر كارلۆ ئەنشلۆتی بووە راهێنەری یانەی شاهانە، بەهۆی نەخۆشییەوە ڤیلانۆڤا وازی لە راهێنانی یانەی بەرشلۆنە هێنا و لەشوێنی ئەو تاتا مارتینۆ بووە راهێنەر، پیب گواردیۆلا بووە راهێنەری یانەی بایرەن میونیخ لە شوینی راهێنەر یۆب هاینكس، رۆدی گارسیا بووە راهێنەری یانەی رۆما، مانویل پیلیگرینی بووە راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی.
گۆڕەپان و مەیدان
لە مانگی تەمموزدا لەشاری مۆسكۆ پاڵەوانییەتی جامی جیهانی گۆڕەپان و مەیدان ئەنجامدرا و جارێكی دیكە یاریزانی جامایكا یۆساین بۆلت وەك ئەستێرەی یەكەم بەدیار كەوت و پلەی یەكەمی لە راكردنەكانی 100 مەتر و 200 مەتر و 100x4 مەتری بەدەستهێنا .
تۆپی دەست
لە ساڵی 2013دا هەردوو مۆندیالی پیاوان لە ئیسپانیا و مۆندیالی ئافرەتان لە سربیا ئەنجام درا، لە مۆندیالی پیاواندا هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوەكەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاری كۆتایی لە هەڵبژاردەی دانیماركی بردەوە، لە مۆندیالی ئافرەتانیشدا، هەڵبژاردەی بەرازیل نازناوەكەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاری كۆتایی لە هەڵبژاردەی سربیای بردەوە.
تێنسی سەر زەوی
لە ساڵی2013دا یارییەكانی تێنسی سەر زەوی بەردەوام بوو، ململانێش لە لوتكەدا بوو، یاریزانی ئیسپانی رافاییل نادال پلەی یەكەمی ریزبەندی باشترین یاریزانانی جیهانی لە یاریزانی سربی نۆڤاك جۆكۆڤیج وەرگرتەوە، لەسەر ئاستی ئافرەتانیشدا كچەیاریزانی ئەمریكی سیرینا ویلیامز پارێزگاری لەپلەی یەكەمی جیهان كرد.
ماڵئاوایی لە ساڵی 2013 دەكەین و پێشوازی لە ساڵی 2014 دەكەین و بەدڵنیاییەوە ساڵێكی پڕ دەسكەوتی وەرزشی و ساڵی مۆندیال دەبێت.
Top