تاژان شێخ نەسرەدین: سێ ساڵە بێ ركابەر یەكەمی ئەسپسوارانم لە هەرێمی كوردستان

تاژان شێخ نەسرەدین: سێ ساڵە بێ ركابەر یەكەمی ئەسپسوارانم لە هەرێمی كوردستان
یاریی ئەسپسواری یەكێكە لەو یارییانەی كە لەسەر ئاستی جیهان كوردستان گرنگیی زۆری پێ دەدرێت، ساڵانە چەندین پاڵەوانێتیی گەورەی لەسەر ئاستی وڵاتان بۆ ئەنجام دەدرێت، لە كوردستانی خۆمان بەپێچەوانەوە ساڵانە چەند پاڵەوانێتییەك ئەنجام دەدرێت، بەڵام هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە، چونكە تەنیا چەند یانە و هەڵبژاردەیەكی دووبارە بەشداری لە یارییەكان دەكەن، لە ئاستی كچانیش یاریزانان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكەن، شاری سلێمانیش خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی بەتوانایە لە یاریی ئەسپسواریدا، تاژان شێخ نەسرەدین شێخ بەهادین یەكێكە لەو یاریزانانەی كە بەردەوام لە یارییەكانی ئەسپسواریدا دەبینرێ، ئەو بۆ تیپی سەنتەرەكان و هەڵبژاردەی سلێمانی یاری دەكات و پێشتریش لە ریزی یانەی ئەفرۆدێت بووە ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1993ی شاری سلێمانییە ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی



* چۆن بوو ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- لەبەر خۆشەویستیی باوكم بۆ یارییەكانی ئەسپسواری كە پێشتر پاڵەوانی عێراق بووەو یەكێك بووە لە راهێنەرە بەتواناكان، ئەو هۆكار بووە بۆهاتنی من بۆ ناو ئەم یارییە.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- ئەم یارییە تازە خەریكە پێش بكەوێت و بناسرێت لە شارەكانی كوردستان، لەم بڕوایەشم لە ئایندەیەكی نزیك بەرەو پێشچوونی باش بەخۆیەوە دەبینێت.
*بۆچی لە شارەكان وەكو پێویست گرنگیی بەم یارییە نادرێت ؟
- لەبەر نەبوونی كادیرو كەسانی شارەزا و بەتوانا لەم بوارەدا، بۆیە پێویستە لەسەر لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان كە هەوڵی جدی بدەن بۆ گرنگیدان و بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە.
* پێویستە چی بكرێت بۆ بەرەو پێشچوونی ئەم یارییە وەكو وڵاتانی جیهان؟
- دروست كردنی گۆڕەپانی تایبەت بۆ ئەم یارییە كە تایەتمەندبێت بەم یارییە و شوێنی دابین كردنی حەوانەوەی ئەسپ زۆر پێویستە.
* ساڵانە كردنەوەی یەك دوو پاڵەوانێتی بەبەشداری ژمارەیەك یاریزانی كەم، دەبێـتە هۆی پێشكەوتنی ئاستی یارییەكە؟
- زۆری و كەمی یاریزانان زۆر گرنگ نییە بۆ ئەم یارییە، بەڵام كردنەوەی پاڵەوانێتیی زیاتر پێویستی بە شوێنی تایبەت دەبێت بۆئەوەی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت.
* كێشەو ئاستەنگەكان یاریی ئەسپسواری چین؟
- كێشەو گرفتمان زۆرە، بەڵام ئەوەی زۆر نیگەرانی كردووین لەم یارییەدا نەبوونی گۆڕەپان و شوێنی ئەسپەكان ئەوانە هەمووی كێشەی ئەم یارییەن.
* بۆ حەزە یان بۆ وەرزشە كە ئەم یارییە ئەنجام دەدەن؟
- من وەكو وەرزش ئەم یارییە دەكەم، كە وەرزشێكی گەورەیە لە جیهان.
*ئایا ئێوەی كچ هیچ كات دووچاری كێشەو گرفت نەبووینە لەم یارییەدا؟
- كێشەو گرفتی ئەوتۆمان نەبووە، هەر چەندە هەندێكجار پێمان دەڵێن ئەم یارییە قورسە و بۆ ئافرەت نابێت، بەڵام من چونكە باوكم هاوكارمە و شارەزایە لەم یارییە ئەو كێشەیەم نییە.
*هیواو و ئاواتت وەكو یاریزانان لەم یارییەدا چییە ؟
- هیوام ئەوەیە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری بكرێین، بەشداریمان پێ بكرێت لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە تاكو هەرێمی كوردستانیش لەرێگای وەرزشەكەمان بە وڵاتانی جیهان بناسێنین.
*بەرنامەی داهاتووتان چییە؟
- بەرنامەمان زۆرە بۆداهاتوو وەكو كردنەوەی خولێك بۆ كچان تایبەت بەم یارییە.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت ماوە بیڵێیت؟
- بۆماوەی سێ ساڵە بەشداری پاڵەوانێتییەكانی كوردستان دەكەم، پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە بێ ڕكابەری كە ئەوەش بۆمن خۆش نییە، رێزم بۆهەموو ئەسپسوارانی كوردستان.


Top