باشترینەكانی لالیگا بۆ وەرزی 2012-2013

باشترینەكانی لالیگا بۆ وەرزی 2012-2013
یاریزانی ئەرژەنتینی یانەی بەرشلۆنە لیونێل میسی توانی هەردوو خەڵاتی باشترین یاریزان لەخولی ئیسپانیا و باشترین هێرشبەر بەدەست بهێنێت كە خەڵاتەكانی لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتی خوولی ئیسپانی پلە یەك و پلە دوو بۆ وەرزی رابردووی 2012-2013 ساز كرا.
ئەمەو میسی توانی ببێتە گۆڵكاری لالیگا بە تۆماركردنی 46 گۆڵ و دوابەدوای ئەمیش هەریەك لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی ریال مەدرید دێت بە تۆماركردنی 34 گۆڵ و دوای ئەمیش هێرشبەری پێشووی سیڤیلیا و مانچستەر سیتی لە ئێستادا ئەلڤارۆ نیگریدۆ دێت، لەمەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەكان ساندرۆ رۆسیل سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە بەنوێنەرایەتی میسی هەردوو خەڵاتی ناوبراوی وەرگرت، چونكە لەئێستادا میسی لەوڵاتەكەی خۆیەتی بۆ وەرگرتنی بەرنامەی چارەسەری ئەو پێكانەی رووبەڕووی بۆتەوە.
لەلایەكی ترەوە هەر لەم ئاهەنگەدا یاریزان ئەندرێس ئەنیستا خەڵاتی باشترین یاریزانی هێڵی ناوەراستی هێرشبەری وەرگرت و توانی بەسەر ئیسكۆی یاریزانی پێشووی مەلەگەو ئێستای ریال مەدرید و خیسوس ناڤاسی یاریزانی پێشووی سیڤیلیا و ئێستای مان ستی سەربەكەوێت.
سەبارەت بەكریستیانۆ رۆناڵدۆش تەنیا یەك خەڵاتی پێ بەخشرا ئەمیش خەڵاتی یاریزانی نموونەیی بوو.
هەر لەدرێژەی ئاهەنگەكەدا دییگۆ سیمۆنی خەڵاتی باشترین راهێنەری خولی پلە یەكی بەدەستهێنا كە رابەرایەتی سەركەوتنی تیپەكەی كردبوو لە بەدەست هێنانی جامی ئیسپانیا و جامی سوپەری ئەوروپی.
دەربارەی باشترین گۆڵپارێزیش تیبۆ كورتوا گۆڵپارێزی ئەتلەتیكۆ مەدرید و هەڵبژاردەی بەلژیكا توانی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێز بەدەست بهێنێت و پێش هەریەك لە ڤیكتۆر ڤاڵدێزی بەرشلۆنە و ویلی كاباییری گۆڵپارێزی مەلەگە بكەوێت، بەڵام ئیكەر كاسیاس خەڵاتی باشترین یاریزانی یاری خاوێنی پێ بەخشرا. ئەمەو لەبەشێكی تری ئاهەنگی خەڵات دابەشكردن بەسەر باشترینەكان بۆ هێلی بەرگری سێرجیۆ رامۆس خەڵاتی باشترین بەرگری وەرگرت دوای ركابەریەكی بەهێز لەگەڵ بەرگریكاری یانەی بەرشلۆنە جۆردی ئەلبا و ئینجیۆ مارتینیزی یانەی ریال سۆسیداد .
یاریزانی ئێستای ریال مەدرید و پێشووی ریال سۆسیداد ئیسێر ئیراماندی دوو خەڵاتی وەرگرت یەكەمیان خەڵاتی باشترین یاریزانی هێلی ناوەراستی بەرگریكار و دووەمیان خەڵاتی باشترین یاریزانی لاویشی وەرگرت .
Top