ئەرسەلان جەلال:كێشەی سـەرەكیمان نەبوونی توانایەكی باشی داراییە

ئەرسەلان جەلال:كێشەی سـەرەكیمان نەبوونی توانایەكی باشی داراییە
هەر چەندە ئەرسەلان جەلال بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپانەی كە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەم وەرزی خولی نایابی كوردستان تۆماری كردبوو لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە دوورخرایەوە، بەڵام دوای یەكلایی بوونەوەی چارەنووسی لەگەڵ یانەی پێشمەرگەدا، ئەرسەلان جەلالی یاریدەدەری راهێنەری یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سێلمانی بەفەرمی لەگەڵ یانەی شەهیدان رێككەوت بۆ راهێنەرایەتی كردنی یانەی شەهیدانی شاری رانیە لە یارییەكانی خولی تۆپی پێی یانە پلە یەكەكانی كوردستان كە ئێستا یانەی شەهیدان خاوەنی 10خاڵە و لە پلەی پێنجەمی خولەكە دێت، لەبارەی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی شەهیدان ئەرسەلان جەلال بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: دوای وازهێنانم لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی شەهیدان پەیوەندیان پێوە كردم بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی یانەی شەهیدان بكەم لە یارییەكانی خولی تۆپی پێی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، ئەركەم وەرگرتووە بۆماوەی سێ مانگە تاكو كۆتایی هاتنی وەرزی نوێ خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بڕی گرێبەستەكەم 4ملیۆن و500هەزار دینارە و هیچ مووچەیەكی مانگانەم نییە جگە لەم پارەیە، گوتیشی هەموو هەوڵێكی ئێمە بەسەرخستنی یانەی شەهیدان دەبێت بۆخولی پلە نایابی یانەكانی كوردستان هەر چەندە ئێمە كێشەی گەورەمان هەیە لە رووی داراییەوە بەڵام لەرووی ئاستی یاری كردن هیچمان كەمتر نییە لە یانەكانی تر لە نێو یاریگا هەموو ئەو تایبەتمەندیانەمان تێدایە كە سەربكەوین بۆخولی پلە نایاب، هیچ كێشەو گرفتێكیش لە نێو تیپەكەمان نییە هەوڵ دەدەین تیپێكی شاری رانیە لە خولی نایابی كوردستان یاری بكات.
Top