دوای ئەوەی پاڵەوانێتیی تۆپی باسكەی ناوەندەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی كوڕان بۆ لاوان دەستی پێكرد، تیپی لاوان/ ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لە سێ یاریدا سێ سەركەوتن تۆمار بكات و خۆی بگەیەنێتە كۆتاییەكانی ئەم خولە. لە یەكەم یاریی خۆیدا توانی سەركەوێت بەسەر ناوەندی وەرزش و لاوانی كۆیە بە ئەنجامی (43-15) خاڵ و لە یاریی دووەم توانی لە ناوەندی وەرزش و لاوانی دارەتوو بباتەوە بە ئەنجامی (59-40) خاڵ و لە سێیەم یاری توانی لە ناوەندی وەرزش و لاوانی بنەسڵاوە بباتەوە بە ئەنجامی (41-20) خاڵ. چاوەڕوان دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆتاییەكانی ئەم خولە بەڕێوەبچێت. لەمباریەوە دڵشاد حوسێن بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر گوتی: خۆشحاڵین بەو ئاست بەرزەی، كە تیپی تۆپی باسكە پێشكەش-ی كردووە ئەمەش بۆ ماندووبوونی راهێنەر و سەرپەرشتیاران و یاریزانانی تیپەكە دەگەڕێتەوە و هیوادارین بتوانین نازناوی پاڵەوانێتییەكە بە دەستبهێنین. لە درێژەی قسەكانیدا دڵشاد حوسێن گوتی: لە ناوەندی وەرزش و لاوانی هەولێر جگە لە تۆپی باسكە یارییەكانی تۆپی دەست و بالە و جومناستیك و كاراتی و تایكواندۆ و جۆدۆ و تۆپی پێ و تێنسی سەرمێز و تێنسی سەر زەوی بۆ كوران و كچان ئەنجام دەدرێت، هەروەها خولی بەردەوام بۆ دوورمان و سەرتاشین و كۆمپیوتەر و فێربوونی زمانی ئینگلیزی و خۆشنووسی دەكەینەوە، كە وا بڕیارە لە (2013/12/2) خولەكان دەست پێبكەن و نانووسین كراوەیە بۆ ئارەزوومەندان.