شەكیب یەحیا: لە یۆنان مەدالیای زێڕ و بڕوانامەی یەكەمم لە كێشی 70كگم بەدەست هێنا

شەكیب یەحیا: لە یۆنان مەدالیای زێڕ و بڕوانامەی یەكەمم لە كێشی 70كگم بەدەست هێنا
هەر چەندە یاریی كیك بۆكسێنگ وەكو پێویست گرنگی پێ نەدراوە لە چاو یارییەكانی تر لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شارەكانی كوردستان خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانان كە توانیویانە رۆڵی كارا بگێڕن لەبەدەست هێنانی ئەنجامی باش، شەكیب یەحیا خزر یەكێك لەم یاریزانە بەتوانایانە كە لە وڵاتی یۆنان توانی مەدالیای زێڕ بۆكوردستان بەدەست بهێنێت شان بەشانی چەندین وڵاتانی دنیا، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1977ی شاری هەولێرەو دەرچوونی كۆلێژی زانستە لە زانكۆی سەلاحەدین وئێستاش لەریزی یانەی ئاراراتە لە شارۆچكەی پیرمام ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*ئاستی پاڵەوانێتیی وڵاتی یۆنان لەچ ئاستێك بوو؟
- ئەم پاڵەوانێتییە ئاستێكی یەكجار بەرزی هەبوو 39 وڵاتی جیهانی بەشداریان تێدا كردبوو، یاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانانی بەشداربوو لە پاڵەوانێتییەكە لە ئاستی پێویست بوون لە سەركەوتنی پاڵەوانێتیەكە هیچ كێشەیەكی تێدا نەبوو، وەكو كوردستانیش ئێمە ئاستمان باش بوو.
* ئاستی یارییەكانی تایكواندۆ چۆن دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا بەرەو پێش دەچێت لە چاو ساڵانی پێشووش بێ گومان جیاوازی زۆرە ئێستا یەكێتییە وەرزشیەكان گرنگیی باش بە یارییەكانی خۆیان دەدەن.
* بۆچی یانەكانی كوردستان گرنگیی تەواو بەم یارییە نادەن؟
- چونكە جگە لە یاریی تۆپی پێ هەموو یارییە وەرزشیەكانی تر بودجەیان كەمە، حكومەتیش پارەی كەمی بۆ یارییە تاكەكان تەرخان كردووەو بەڕاشكاویش دەڵێم ئێمە هەموو شتەكانمان چاولێكەرییە، بەڕاستی نادادپەروەرییەكی زۆر لە وڵاتەكەمان بەی دەكرێت بۆ وەرزش .
* پشتگوێ خستنی ئەم یارییە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- تەنیا ئەوەیە كە بودجەكەی كەمە و ئەوانیش پشت گوێیان خستووە و ناتوانن بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان بكەن.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- پەرە بە یارییە تاكەكان بدرێت وەكو یارییە كۆمەڵییەكان یاریزان رێزی لێ بگیرێت چونكە ئێمە هیچمان لە یاریزانانەكانی تری ئەو وڵاتە كەمتر نییە.
* كێشەو گرفتتان چییە لەم یارییەدا؟
- پێش چوونمان بۆ پاڵەوانێتییەكە ئێمە ڕاهێنەرمان نەبووە من خۆم دەڵێم راهێنەر نەبووە بەبێ بوونی كەل و پەڵی پێویست و هەر خۆم راهێنەری خۆم بووم، پێش 12رۆژیش لە پاڵەوانێتییەكە مامۆستا رزگار وئاراس وعەباس توانیان مەشقێكی باشم پێ بكەن، دەبوایە ئێمە سەربازگەی مەشقیمان بۆئەنجامبدرایە، بەڵام بە نەبوونی چووین سوپاس بۆخوای گەورە بەسەربەرزی گەڕاینەوە توانیمان ئاڵای كوردستان شان بەشانی وڵاتانی ئەمریكاوئەڵمانیا وچین وئیتالیا وئیرلەندا و هەموو ئەو وڵاتانەی خۆیان لەم یارییە بە زلهێزدەزانی، بەرز بكەینەوە.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بوون؟
-لە هەمووپاڵەوانێتییەكی ناوخۆ لەسەر ئاستی هەولێرو كوردستان و عێراق بەشداریم كردووە پلەی یەكەمیشم بەدەست هێناوە، لە عێراق دووجار یەكەم بوویمە لە ساڵی 2002لە هەڵبژاردەی عێراق لە یاری كیك بۆكسینگ، لەیاری وشووساندا لە ساڵی 2004تاكو 2009لە هەڵبژاردەی عێراق بوومە، یەكەمی عێراق بووم و هیچ یارییەكەم نەدۆڕاندووە، لە پاڵەوانێتیی عەرەب لە ئوردەن دووجار مەدالیای زیو و برۆنزیم بەدەست هێناوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە یۆنان لە دوورگەی كرێتی توانیم بە پشتیوانی خوای گەورە مەدالیای زێڕدا بەدەست بهێنم لەگەڵ بڕوانامەی یەكەم لە كێشی 70كگم.
* هیچ یانەیەك پەیوەندی پێوە كردی بۆیاری كردن لەگەڵیاندا؟
- چەند جارێك یانەی پێشمەرگەی هەولێر داوای لێ كردووم بۆیاری كردن من ڕەتم كردۆتەوە.
*بەدەست هێنانی مەدالیای زێڕ لە یۆنان ئەو كاتە هەستت چۆن بوو بە ئاڵای كوردستانەوە؟
- بەڕاستی تائێستا بیر دەكەمەوە دەڵێم ئەوە منم یەكەم بووم پێم شتێكی زۆر سەیر بوو كە پێم وەسف ناكرێت.
* بەنیازی چی بۆ دوا رۆژی خۆت وەكو یاریزان؟
- لەبەر ئەوەی جارێك تەواو بڕیارم نەداوە سەیر دەكەم بزانم حكومەت چۆن ئاوڕمان لێ دەداتەوە ئەو كات بڕیاری خۆم دەدەم.
*كێ لە وەرزشەكە زۆر هاوكاریت دەكات ؟
- یەكەم كەس كە هاوكاری كردبم باوكم بووە دوای ئەویش راهێنەرێكم هەیە وەك سەربازێكی نەناسراوە كەس ئاوڕی لێ ناداتەوە، كاك هیمداد بارزانی سەرۆكی یانە زۆر هاوكارمە، خەڵكی شارۆچكەی مەسیف سەلاحەدینیش بە گەورە و بچووكەوە هەموو هاوكارم بووینە.
Top