ماڵپەڕی كوت ئۆفسایدی وەرزشی دەربارەی چارەنووسی یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بەرشلۆنە پیدرۆ رۆدریگز بڵاویكردۆتەوە ئەگەری ئەوە هەیە لەكاتی گواستنەوەی زستانە بچێتە یانەی ئەرسناڵ. هەروەها ماڵپەڕی ناوبراو دووپاتی كردۆتەوە كە راهێنەری فەرەنسی و بەڕێوەبەری هونەری یانەی ئەرسناڵ ئەرسین فینگەر كۆشش دەكات بۆ بەدەستهێنانی تواناكانی یاریزانی تەمەن 26 ساڵ پیدرۆ رۆدریگز بۆ ریزی یانەی تۆپ هاوێژەكان لەكاتی گواستنەوەی وەرزی زستانە كە دەكەوێتە مانگی كانوونی دووەم، بەڵام لەئێستادا ئەو كارە تائەندازەیەك ئەستەمە، چونكە یانەی بەرشلۆنە لەسەرەتای دەستپێكردنی وەرزی نوێ دەست بەرداری دێڤید ڤیای یەك لەهێرشبەرەكانی بوو بۆ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید، بۆیە ئەستەمە دەستبەرداری هێرشبەرێكی تری بێت، تەنیا لەئەگەری بەدەستهێنانی یاریزانێكی یانەی ئەرسناڵ نەبێت وەك رێكەوتنێكی دووقۆلی نێوان هەردوویانە بۆ گۆڕینەوەی یاریزانان. شایەنی باسە ماوەیەكی درێژە یانەی ئارسنال كۆشش دەكات بۆ بەدەست هێنانی هێرشبەرێكی بەتوانا كە زیاتر لەشوێنێك لەنێو یاریگا یاری بكات بۆ ئەم مەبەستەش یانەی ناوبراو پەیوەندی بەكەریم بنزیمەی فەرەنسی و لویس سواریزی ئۆرگوایی كردەوە لەرابردوو بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی لێكەوتبێتەوە.