پایسكلسوارانی هەولێر بەشـــــــــــــــــــــــــداری لە تور قەتەر دەكەن

پایسكلسوارانی هەولێر بەشـــــــــــــــــــــــــداری لە تور قەتەر دەكەن
دوای ئەوەی تیپی پایسكلسوارانی كوڕانی هەولێر توانیان لە وەرزی رابردوو پلەی دووەم لەسەر ئاستی پێشكەوتووان لە پاڵەوانێتی عێراق بە دەستبهێنن، بەفەرمی بەشداریی لە پاڵەوانێتیی تور قەتەر (تەواف قەتەر) بۆ پایسكلسواری دەكەن.
ئەم پاڵەوانێتییە یەكجار بەهێزە باشترین پایسكلسوارانی جیهان بەشداری تیاییدا دەكەن و خەڵاتی گرانبەها بۆ یاریزانە سەركەوتووان ئامادە كراوە و چەندین یانەی پیشەگەری جیهانی بەشداری تیاییدا دەكەن و هەموو ساڵێك ركابەریەكی بەهێز لە نێوان یاریزانان و یانە بەشداربووەكان هەیە و ئەم پاڵەوانێتیە ماوەی 13 ساڵە بەڕێوە دەچێت، كاتێك لە ساڵی 2000 بۆ یەكەم جار ئەم پاڵەوانێتییە لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەچوو.
لەمبارەیەوە موسا موحسین راهێنەری پایسكلسواری یانەی هەولێر لە لێدوانێكیدا گوتی: دوای بە دەستهێنانی پلەی دووەم لەسەر ئاستی عێراق و لە كاتی ئامادەبوونمان لە وڵاتی بەحرێن لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق داوەتی فەرمی پاڵەوانێتی تور قەتەرمان بۆ هات لە یەكێتیی پایسكلسواری قەتەر، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە، بتوانین بۆ یەكەم جار بەشداری لەم پاڵەوانێتییە بەهێزەدا بكەین، كە گشت یانە بەناوبانگەكانی جیهان تێیدا بەشدار بێ و سوودێكی یەكجار زۆری بۆ یاریزانانی یانەكەمان دەبێت، چونكە دەبێتە ئەزموونێكی زۆر باش بۆیان و ئێمە دەستمان بە مەشقەكانی خۆمان كردووە بۆ ئەم پاڵەوانێتییە و هەوڵ دەدەین ئەنجامی باش بە دەستبهێنین بۆ ئەوەی بوونی خۆمان دووپات بكەینەوە.
Top