ئامال خزر محەمەد: ئومێدەوارم لە گۆڕەپان و مەیدان ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی ئاسیا بەدەستبێنم
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو لە ناو هەموو یارییەكانی تر یاریی گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- ئەوە خولیایەكی منداڵیم بوو، بۆیە من هەر لە زووەوە حەز و ئارەزووی زۆرم هەبوو بۆ یارییەكانی وەرزی بە تایبەتی یاریی گۆڕەپان ومەیدان هەر بۆیە دواجاریش خۆم هەر لە یارییەكەدا دۆزییەوە.
*لەم بارودۆخەی ئێستا ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە شارەكانی كوردستاندا؟
-ئاستی ئەم یارییە لە ئێستادا لە چاو یارییەكانی تر زۆر باشترە، ژمارەیەك لە یانەكانی كوردستانیش گرنگیی باش بەم یارییە دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی ئەم یارییە پێویستیان بە گرنگیی زیاترە لە دابین كردنی یاریگاو پاڵپشتی ماددی و چەندین لایەنی تر بۆیە هەموو یانەكان لەئێستا خەریكی گرنگیدانی زیاترن بە یارییەكان.
*بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش ببەین چی بكرێت باشە؟
- گرنگیدانی زیاتر بە تیپەكانی ئاستی تەمەن بچووك، خۆی دەبێتە هۆی پێشوەچوونی یارییەكە و كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە تەواوی شارەكان و دروست كردنی یاریگای تایبەت بە گۆڕەپان و مەیدان لە شارەكانی كوردستان وپشتگیری كردنی یاریزانانی ئافرەت لە ئێستادا.
* ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە بۆماوەیەكی كورت كە لە دوورۆژ تێ ناپەڕێت تاچەند دەبێتە هۆی پێشكەوتنی گۆڕەپان و مەیدان؟
-پێم باشە ماوەی پاڵەوانێتییەكان زیاتر بێت و تیپەكانیش زیاتر گرنگی بە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بدەن، پاڵەوانێـتیی زیاتر بكرێتەوە لەسەر ئاستی جۆراوجۆر بۆتیپەكان.
* هیواو ئاواتت چییە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە ئاستی خۆم بدەم وەكو كچە یاریزانێك و خزمەتی زیاتری یاریزانانی كچ بكرێت وئەنجامێكی گەورە بەدەست بهێنم لەسەر ئاستی ئاسیا.
* زۆرجار گوێ بیستی ئەوە دەبین كە لەلایەن خانەوادەكان رێگری لە منداڵەكانیان دەكرێ لە وەرزش كردن ئایا هیچ كات رێگری لەتۆ كراوە؟
- منیش زۆر جار گوێ بیستی هەواڵی لەم جۆرە دەبم، بەڵام تاكو ئێستا لەخانەوادەكەی من شتی لەم جۆرە رووی نەداوە بگرە ئەوپەڕی هاوكاریم دەكەن بۆگرنگی دانی زیاتر بە ئاستی خۆم و بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە تر لە داهاتوو.
* یانەی پێشمەرگەی سلێمانی وەكو پێویست هاوكاریتان دەكات؟
- بەردەوام هاوكارمان بووینە و پشتگیری ئێمەیان كردووە لە وەرزش كردن و هیچ كەم تەرخەمییەكیان نەكردووە لەبەرامبەر ئێمە.
* پێشنیارت چییە بۆ ئەو ئافرەتانەی دوورن لە وەرزش ؟
- وەرزش تەندروستێكی باش دەبەخشێت بە خودی هەموو كەسانی وەرزش كار، بۆیە بەهیوای ئەوەم ئەو ئافرەتانەی كە تاكو ئێستا لە وەرزش كردن دوورن خۆیان بە زووترین كات بهێنە نێو بواری وەرزشی.
