فرمێسك حاتەمی: سێ جار پلەی یەكەمم لە سەر ئاستی عێراق بەدەست هێناوە

فرمێسك حاتەمی: سێ جار پلەی یەكەمم لە سەر ئاستی عێراق بەدەست هێناوە
حەز و خولیا ناتوانێت رێگە لە هیچ كەسێك بگرێت لە وەرزش كردن هەر بۆیە رۆژانە چەندین كەس ڕوو لە وەرزشە جۆراوجۆرەكان دەكەن، یاریی تایكواندۆش ئەو یارییەیە كە هاندەرێكی باشی لە دەوری خۆی كۆكردتەوە لە شاری هەولێر، لە ئێستاشدا لە پایتەخت ژمارەیەك كچە یاریزانی بەتوانا هەن ئارەزووی ئەوە دەكەن ببنە پێشەنگی ئەم یارییە لە سەرعێراق، یەك لەم یاریزانانەش فرمێسك حاتەمە یاریزانی تایكواندۆی قوتابخانەی هەولێرەوە لە دایكبووی ساڵی 1997ی شاری هەولێرەو خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو یاریی تایكواندۆت هەڵبژارد؟
- من هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیای باشم بۆئەم یارییە هەبووە و بۆیە توانیم بە هیمەتی چەند راهێنەرێكی خۆشەویست خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە.
* ئاستی یاریی تایكواندۆ لە شارەكانی كوردستان چۆن دەبینیت ؟
- ئاستی ئەم یارییە بە گشتی وەكو تایكواندۆ زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ماویەتی بڵێین كە زۆر باشە و پێشكەوتووە و جارێك ماویەتی كە بەتەواوەتی پێشكەوتنی سەدلەسەد بەخۆیەوە ببینێت.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە هەولێر لە چ ئاستێك دەبینیت، ئایا گرنگیی پێ دەدرێت؟
- لە شاری هەولێر زۆر باشەو گرنگیی باشی پێ دراوە و خزمەت كراوە، بەتەواوەتی گرنگیی پێدراوە، بەڵام پێویستە گرنگیی زیاتری پێ بدرێت ئەگەر بمانەوێ یاریزانی بەتوانا دروست بكەین پێویستیمان بە پشتگیری دەبێت.
*كێشەو گرفتی ئەم یارییە لە چیدا دەبینیت؟
- عەدالەت و یەكسانی لەم یارییە كە زۆر بەكەمی هەیە ئەوەش خۆی كێشەیەكە بۆ یارییەكە، نەبوونی یاریگای پێویست بۆئەم یارییەش كێشەیەكی ترە كە ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ئەم یارییە، ئەگەر هۆڵی زەرد چاك بكرێت ئەوكات كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.
*وەكو كچە یاریزانێك پێت باشە چی بكرێت،بۆئەوەی ئاستی تایكواندۆ پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت؟
- دروست كردنی یاریزانانی تەمەنی ئاستە جیاوازەكان ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە چەندین یاریزانی بەتوانا پێ بگەیەنرێت بۆداهاتووی كوردستان و دروست كردنی هۆڵی پێویست بۆ ئەم یارییە ئەوەش كاریگەریی خۆی دەبێت.
* وەكو یاریزانێك بەرنامەت چییە لەم یارییەدا ؟
- بتوانم زیاتر گرنگی بە ئاستی خۆم بدەن وبتوانم بەردەوامم بم لە وەرزشكردن و خزمەت كردنی بەردەوامی یاریزانانی ئەم یارییە بە تایبەتی كچان.
*ئەنجامە باشەكانت چین وەكو یاریزان ؟
-لەسەر ئاستی عێراق سێ جار پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە و پاڵەوانم لە كێشی خۆم، پێشتریش چەندین ئەنجامی بەرچاوم بەدەست هێناوە.
* بۆچی زۆر جار ئێوە بۆچی گلەیی دەكەن؟
-ئەوەی ڕاستی بێت نەبوونی هۆڵێكی تایبەت و پێداویستییەكان ئەوانە خۆی كێشەن پێویستە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار كە خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكەن، كچانیش پێشەنگ بن لە گرنگیدان.
*لەهەڵبژاردەی عێراق داواكرابوویت ؟
-بەڵێ ماوەیەكە لەگەڵ هەڵبژاردەی كچانی تایكواندۆی عێراق بەردەوامم.
*خانەوادەكەتان رێگریت لێ ناكەن لە وەرزش كردن ؟
- نەخێر تاكو ئێستا ئەوە كێشەیەم رووبەڕوو نەبۆتەوە بگرە زۆر هاوكارمن، سەركەوتنەكانی من هۆكاری پشتگیری ئەوانە لە وەرزش كردنم.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك لەم یارییە چییە؟
- بتوانم بۆ داهاتووی خۆم ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنم و خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكەم و هیچ كێشەو گرفتێكم نییە لە وەرزش كردن بۆئەوەی بتوانم بەردەوام بم و هیوام بەدەست هێنانی ئەنجامێكی نێودەوڵەتییە.
*ئەم یارییە یارییەكی هەندێك بەكێشەیە بۆ تووشبوون بە هەندێك رووداوی نەخوازراو لەكاتی یاریی كردن روودەدات هیچ جارێك تووشی كێشە بوویت؟
- راستە یارییەكی شەڕانگێزییە بەڵام تاكو ئێستا سوپاس بۆخوای گەورە تووشی هیچ رووداوێكی نەخوازراو نەبوویمە لەم یارییە.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- سوپاس بۆئێوە بۆخزمەت كردنی زیاتری ئەم یارییە و پشتگیری كردنی ئافرەتی وەرزشكار.
Top