دونیا لوقمان: هەموومان وەك ئەندامانی یەك خێزان حەزمان لە یاریی بەرزكردنەوەی قورساییە

دونیا لوقمان: هەموومان وەك ئەندامانی یەك خێزان حەزمان لە یاریی بەرزكردنەوەی قورساییە
یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یاریی بەرزكردنەوەی قورسایی لە شاری هەولێرو كوردستان و عێراق و عەرەبە كە توانیویەتی چەندین ئەنجامی باش لەسەر ئاستی عەرەبی بەدەست بهێنێت، دونیا لە دایكبووی ساڵی 1993ی شاری هەولێرە وماوەیەكی زۆرە لە رێگای باوكیەوە هاتۆتە نێو یارییەكانی بەرز كردنەوەی قورسایی لە كێشی خۆی لەگەڵ یانەی ئافرەتانی هەولێر ئەنجامی بەرچاوی زۆری بەدەستهێناوە ناوبراو قوتابی ئامادەیی پیشەسازییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
*ئاستی یاریی بەرز كردنەوەی قورسایی چۆن دەبینی بەشێوەیەكی گشتی؟
- یارییەكی تا بڵێی باشەو ئاستی لە بەرەو پێشچووندایە بەهیوای ئەوەم كچە یاریزانی دیكەیش روو لەم یارییە بكەن بۆئەوەی پاشەڕۆژی ئەم یارییە زیاتر گەشاوەبێت و ئێستا رۆژ بەڕۆژ ئاستی ئەم یارییە باش دەبێت و یاریزانیش زیاتر رووی تێ دەكەن.
* بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
-زیاتر گرنگی بە ئافرەت بدرێت بۆ ئەم یارییە، چونكە ئەمە یارییەكی قورسە هەموو ئافرەتێك بەشداری ناكات، هۆڵی تایبەت بكرێتەوە و خزمەتی بەردەوام بە ئافرەتان بكرێت و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان دەبێتە هۆكارێكی باش بۆگەشە كردنی ئەم یارییە لە كوردستان.
* بۆچی ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- ئەوەی راستی بێت لە رێگای باوكی خۆشەویستم كە خۆی راهێنەری بەرز كردنەوەی قورساییە بۆیە منیش ویستم رێچكەی ئەو بگرم و ئەویش هانی دام بۆهاتنە نێو ئەم وەرزشە.
*دەڵێن ئێوە خێزانێكی وەرزشكاران هەمووتان وایە؟
- بەڵێ لە ساڵانی هەشتاكانەوە باوكم وەرزش دەكات و منیش ماوەیەكی زۆر هاتوومەتە نێو ئەم وەرزشە و خوشكێكی بچووكیشم ئێستا هاتۆتە نێو ئەم یارییە براكانیشم وەرزشكاران ئێمە هەموومان خولیای زۆرمان هەیە بۆوەرزشكردن.
*چی بكرێت بۆئەوەی ئافرەتان زیاتر روو لە وەرزش بكەن؟
- ئەوەی راستی بێت ئافرەتی وەرزشكار توانای باشی هەیە پێم باشە زیاتر تواناكانی ئەو ئافرەتە وەرزشكارانە بهێننە پێشەوە كە خولیایان هەیە بۆ وەرزش و خۆیان دزیوەتەوە لە وەرزش كردن و گرنگی باش بە وانیش بدەن ئاستی وەرزش باش پێشدەكەوێت.
* ئەم وەرزشە گرانە بۆئافرەتان تا ئێستا تووشی هیچ كێشەو گرفت و كاری نەخوازراو نەبوویت لەم وەرزشە؟
- تاكو ئێستا سوپاس بۆخوا هیچ كات تووشی روداو كێشەو گرفت نەبوومەتەوە ئەوەش بۆ زیرەكی راهێنەرەكەم دەگەڕێتەوە.
*بەرنامەت چییە بۆداهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك لەم یارییە؟
- بەرنامەی ئەوەم هەبوو پەیمانگای وەرزشی تەواو بكەم و سێ ساڵ كاری خۆم لەسەر وەرزش كردن دانا كەچی منیان وەرنەگرت لە كاتێكدا من پاڵەوانی عەرەبم لە بەرزكردنەوەی قورسایی من هەرگیز ئەوەم لە بیر ناچێت و بە غەدری دەزانم.
* خاوەنی چەند ئەنجامی باشی وەكو یاریزان؟
- من جگە لەوەی پاڵەوانی كوردستان و عێراق و عەرەبم خاوەنی 21مەدالیای جۆراوجۆرم وەكو یاریزان .
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەهیوای ئەوەم گرنگیی باش بەم یارییە بدەن و منیش بە پشتیوانیی خوای گەورە بتوانم بەشداری لە پاڵەوانێتیی ئاسیا بكەم لە داهاتوو ناوی خۆم و كوردستان بەرزكەمەوە.
* چی بەو كچانە دەڵێیت كە لە وەرزش كردن دوورن؟
- بەهیوای ئەوەم ئەوانیش بێنە نێو بواری وەرزش، چونكە بە وەرزش دەتوانن تواناكانی خۆیان نیشان بدەن و هەر بەم وەرزشەش دەتوانن ناوی خۆیان وڵاتەكەیان بەرز كەنەوە.
*یانەی ئافرەتانی هەولێر هاوكاریتان دەكەن؟
- بە سوپاسەوە بە پێی پێویست هاوكارمانن بەهیوای ئەوەم هەموو لایەك گرنگی بە یارییەكانی تاكی ئافرەتان بدەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایی ئێمە هیچمان نەماوە؟
- بەهیوای ئەوەم لایەنی بەرپرس گرنگیی باش بە یارییە تاكەكان بدەن، چونكە چەندین یاریزانی بەتوانامان هەیە لە یارییە تاكەكان ئەگەر تۆزێك گرنگیان پێ بدرێت دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن.
Top