كچانی كوردستان ئەنجامی بەرچاو لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بە دەست دەهێنن

كچانی كوردستان ئەنجامی بەرچاو لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بە دەست دەهێنن
لە وڵاتی ئوردن پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا بۆ گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان بۆ كوڕان و كچان بەڕێوەچوو، كە تیایدا هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لەم پاڵەوانێتییە كردبوو، لەم هەڵبژاردەیە چوار كچە یاریزانی كوردستان و دوو راهێنەری كورد بەشدارییان كردبوو، توانیان ئەنجامی بەرچاو بە دەستبهێنن و ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەن.
لەم پاڵەوانێتییەدا 11 وڵات بەشداری كردبوو ئەویش هەریەكە لە (عێراق، قەتەر، عومان، ئەردەن، بەحرێن، یەمەن، سوریا، كوێت، ئیمارات، لوبنان، فەڵەستین)، هەرچوار كچە یاریزانی كوردستان ملوانەكەیان بەدەستهێنا بەم شێوەیە:
1-كچە یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق مریەم عەبدولحەمید توانی ملوانكەی زێڕ لە بازی بەرز بە دەستبهێنێت دوای خۆهەڵدانی لە (1.51)م.
2-كچە یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق تەمارا شاكر توانی ملوانكەی زیو بە دەستبهێنێت لە راكردنی 100م بەربەست.
3-كچە یاریزانی یانەی سیروانی نوێ و هەڵبژاردەی عێراق شێنێ عەزیز توانی ملوانكەی بڕۆنز لە راكردنی 800م بە دەستبهێنێت.
4-كچە یاریزانی یانەی سیروانی نوێ و هەڵبژاردەی عێراق لاڤە نەوزاد توانی ملوانكەی بڕۆنز بە لە پێشبڕكی رۆیشتن دەستبهێنێت.
لە لێدوانێكی تایبەتدا رێبوار محیەدین خۆشحاڵی خۆی بەم ئەنجامە دەربڕی و گوتی: كچەكانمان توانیان لەم پاڵەوانێتییەدا ئەنجامی باش بە دەستبهێنین، كە بووە جێگەی خۆشحاڵی هەموو لایەك و دوارۆژێكی گەش چاوەڕوانی ئەم كچە یاریزانانە دەكات، بەڵام پێویستیان بە بایەخدان هەیە و كردنەوەی ئۆردوگای مەشقی و دابینكردنی پێداویستییەكانیان بۆ ئەوەی ئاستیان بەرزتر بێت لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكاندا.
Top