تازەپێگەیشتووانی هەولێر بوونە دووەمی عێراق لە تۆپی بالە
لە لێدوانێكی تایبەتدا قەهار حوسێن راهێنەری تازەپێگەیشتووانی هەولێر لە شاری كەربەلا گوتی: لەم پاڵەوانێتییەدا یاریزانەكانمان ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و دەتوانم بڵێم دەستەی ناوبژیوانان پاڵەوانێتییەكەیان لە ئێمە فڕاند و كردیانە دیاری بۆ یانەی رومێسە.
تازەپێگەیشتووانی هەولێر سەرەتا بەشدارییان لە یارییەكانی پاڵاوتن كرد، كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو شانبەشانی یانەكانی (پێشمەرگەی سلێمانی، سنجار، قەرەقۆش)، لە یارییەكانی پاڵاوتن یانەی هەولێر لە سێ یارییدا سەركەوتنی تۆمار كرد بە ئەنجامی (3-0) گێم.
دواتر یارییەكانی قۆناغی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە لە شاری كەربەلا بەڕێوەچوو، بە بەشداریی هەشت یانە ئەویش یانەكانی (هەولێر، شوعلە، شەتڕە، دەغارە، رومێسە، حەی، حور، سنجار) بەسەر دوو كۆمەڵە دابەش كران.
تازەپێگەیشتووانی هەولێر لە كۆمەڵەی یەكەم شانبەشانی یانەكانی (شەتڕە، شوعلە، حور) یاری كرد توانی لە هەردوو یانەی شەتڕە و شوعلە بە ئەنجامی (3-2) گێم بباتەوە و لە یانەی حور بە ئەنجامی (3-0) گێم بباتەوە.
لە یاریی پێش كۆتاییدا تازەپێگەیشتووانی هەولێر رووبەڕووی یانەی دەغارە بوونەوە و توانی یارییەكە بە ئەنجامی (3-0) گێم بباتەوە و لە یاریی كۆتایی بەرامبەر یانەی رومێسە بە ئەنجامی (3-2) گێم تووشی دۆڕان هاتن و پلەی دووەمی خولەكەی بەدەستهێنا.
