لاڤە نەوزاد : لە راكردنی رۆیشتنی 5هەزار مەتری پلەی یەكەمم بەدەست هێنا
*چۆن بوو یاریی گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد بەتایبەتی یاریی رۆیشتن كە ماوەیەكی زۆری دەوێ؟
- من وەكو هەموو یاریزانانی تر خولیا و عاشق بوونم بۆ وەرزش وای لێ كردم كە زیاتر حەزم لەم یارییە بێت، بەردەوامیش خۆم خەریك كردووە بە وەرزش كردن بۆئەوەی بتوانم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم بۆیە خۆشبەخاتە توانیم ببمە یەكێك لە یاریزانانی ئەم یارییە.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە شارەكانی كوردستان؟
-بە بۆچوونی من لە ئێستادا ئاستی ئەم یارییە لە گەشە كردن دایەو یانەكانیش بە شێوەیەكی بەرچاو گرنگی بەم یارییە دەدەن، بۆئاستی خۆشمان وەكو كچان گرنگی باشمان پێ دەدرێت بە تایبەتی لە شاری سلێمانی ئاستی كچانی ئەم شارە زۆر پێشكەوتووە و بەهیوای ئەوەشم یانەكان بەردەوام بن لە گرنگیدان بە ئاستی ئەم یارییە بەگشت ئاستەكانیەوە.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێش بچێت؟
- لەهەر یارییەك ئەگەر بمانەوێ ئاستی وەرزشەكان پێشبخەین دەبێت بیر لە كردنەوەی یاریگای جۆراوجۆر و مۆدێرن بكەینەوە، ئێمەش ئەگەر بمانەوێ ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان زیاتر پێش بكەوێت دەبێت بۆ سەرجەم یانەكان یاریگای تایبەت بكەینەوە بە هەموو پێداویستەكانی سەردەمەوە زیاتر پشت بە تواناكانی یاریزانانی تەمەن بچووك بكەینەوە بۆئەوەی زیاتر پشت بە یاریزانانی خۆمان ببەستین.
* ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە دووتا سێ رۆژ تاچەند دەبێتە هۆی پێشكەوتنی ئەم یارییە؟
-بە بۆچوونی من ئەگەر پاڵەوانێتییەكان بەردەوام بكرێتەوە و ماوەكەشی زیاتر بێت باشترە لەوەی پاڵەوانێتییەكی خێرا بكرێتەوە و كە سوودێكی زۆری نەبێت.
* هیواو ئاواتت چییە وەكو كچە وەرزشكارێك لە ژیانی وەرزشیت؟
- گرنگیی زیاتر بەتواناكانی خۆم بدەم و زیاتر پەرە بدەم بە یارییەكەم بۆئەوەی كێبڕكێ بكەم لەسەر ئەنجامی باش لەسەر ئاستی عێراق وكوردستان و بتوانم ژمارەیەكی پێوانەیی بۆخۆم تۆماربكەم.
* خانەوادەكەت تا چەند هاوكاریت دەكەن لە وەرزش كردن؟
- زۆر هاوكارمن لێرەوە دەمەوێ سوپاسیان بكەم، ئەوان بەردەوام هۆكاربوونە لەپشت بەدەست هێنانی سەركەوتنەكانم.
*زۆرجار ئافرەتان لە وەرزش كردن زۆر دوورن، چی بەوانە دەڵێیت كە لە وەرزش دوورن؟
- پێیان دەڵێم وەرزش بە سوودە بۆجەستە و هێز و لەش ساغی بە مرۆڤ دەگەیەنێ هیوادارم رێژەی ئافرەت لە وەزرش كردن زیاد بێت.
* یانەی سیروانی نوێ هاوكاریتان دەكات؟
- بەسوپاسەوە خزمەتی باشی ئێمە دەكەن، هیچ كەمتەرخەمێكیان نەكردووە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ئەنجامی باش بۆیانەكەمان.
* پێشنیارت چییە بۆ ئەو كەسانەی بە هەڵە لە وەرزش گەیشتوون؟
- وەرزش پەیامی خۆشەویستی و لێك تیگەیشتن و ئاشتییە هیوام وایە هەمووان لەرێگای وەرزشەوە لێكتر نزیكتر بینەوە، بزانە لە جیهان بە پەیامی وەرزش هەموو نەتەوە جیاوازەكان لێكتر نزیك دەبنەوە.
*بەرنامەت چییە بۆداهاتووی خۆت؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم گرنگیی زیاتر بە ئاستی خۆم بدەم بۆئەوەی ناوی خۆم و وڵاتەكەم بەرز بكەمەوە لەرێگای وەرزشەكەم خزمەت بكەم، ئاڵای كوردستانیش لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە بەرزكەمەوە.
*هیچ كێشەو گرفتێكتان هەیە لە یانەكەتان؟
- بە سوپاسەوە هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە، بەڵام هیوادارم زیاتر گرنگی بە كردنەوەی یاریگا بدرێت، چونكە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان پێویستیان بە كردنەوەی یاریگای تایبەت هەیە.
