ویلشێر بەڵێن دەدات واز لەجگەرەكێشان بهێنێت

ویلشێر بەڵێن دەدات واز لەجگەرەكێشان بهێنێت
یاریزانی لاوی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئەرسنال و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا جاك ویلشێر دانی بەوە دانا كەجگەرەی كێشاوە لە یەكێك لەشەقامەكانی شاری لەندەن و بەڵێنی بەهاندەرانی یانەی ئەرسنال دا كە واز لە جگەرەكێشان بهێنێت و جارێكی دیكە ئەم هەڵسوكەوتە دووبارە نەكاتەوە، رۆژنامەیەكی لەندەنی پێش ماوەیەك وێنەیەكی ویلشێری بڵاوكردەوە كە تیایدا یاریزانی ناوبراو بەجگەرەوە بەدیار دەكەوێت بەڵام ویلشێر ئەم وێنەیەی بە گاڵتە دانا دواتر راهێنەر ئارسن ڤینگەر رەخنەیەكی توندی ئاراستەی یاریزانی ناوبراو كرد بەهۆی ئەم هەڵسوكەوتە.
یاریزان ویلشێر لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەری فەرمیی یانەی ئەرسنال دانی بەهەڵەكەی خۆی دانا و دووپاتیكردەوە كەئەم كارە جارێكی دیكە دووبارە نابێتەوە، ویلشێری تەمەن 21 ساڵ لە لێدوانەكەی گوتی : هەندێك جار یاریزانەكان هەڵە دەكەن، من جگەرەكێش نیم، لەگەڵ راهێنەر ڤینگەر قسەم كرد و بارودۆخەكەم بەتەواوی بۆ شیكردەوە، وا بزانم ئەوە دوا جگەرەیە كەمن دەیكێشم.
شایانی باسە یاریزان ویلشێر گۆڵی بەرامبەری بۆ یانەی ئەرسنال تۆماركرد لەبەرامبەر یانەی وێست برۆمیج ئەلبیۆن كەبەم بەرامبەربوونە یانەی ئەرسنال پلەی یەكەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرای وەرگرتەوە بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ یانەی لیڤەرپول كە لەپلەی دووەم دێت.
Top