رامۆس هەڕەشەی رۆیشتن لە یانەی شاهانە دەكات

رامۆس هەڕەشەی رۆیشتن لە یانەی شاهانە دەكات
رۆژنامەی دیڤێنسا سەنترالی ئیسپانی پەردەی لەسەر كێشەیەكی دیكەی ناوماڵی یانەی ریال مەدرید لادا كاتێك راپۆرتێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بەبوونی كێشە و ناكۆكی نێوان یاریزان سێرجیۆ رامۆس و سەرۆكی یانە فلۆرەنتینۆ پیرێز، رۆژنامەكە كە زۆر نزیكە لە هەواڵەكانی یانەی شاهانە دووپاتیكردەوە كەهۆكاری كێشەكە لە داواكارییەكی یاریزان رامۆسە كە داوای زیاد كردنی مووچەكەی دەكات بەڵام پیرێز ئەم دواكارییەی لە بنەڕەتەوە رەتكردۆتەوە . رۆژنامەكە ئەوەشی راگەیاند هاتنی یاریزانی وێلزی گاریس بیل بەمووچەیەكی بەرزەوە و درێژكردنەوەی بۆندی ئەستێرەی پورتوگالی كریستیانۆ رۆنالدۆ بەمووچەی 17 ملیۆن یۆرۆ هۆكاری سەرەكی داواكارییەكەی سێرجیۆ رامۆس بەزیادكردنی مووچەكەی هاوشێوەی ئەم یاریزانانە، بەڵام ئەم داواكارییە لەلایەن سەرۆكی یانەوە رەتكرایەوە هەربۆیە رامۆس هەڕەشەی رۆیشتن لە یانەی ریال مەدرید دەكات بەپێی سەرچاوەكانی رۆژنامەكە . جێگای ئاماژە پێكردنە ئەوە جاری یەكەم نییە پیرێز كێشەی هەبێت لەگەڵ یاریزانەكان و پێشتریش كێشەی هەبووە لەگەڵ ئیكەر كاسیاس بەهۆی دوورخستنەوەی لە پێكهاتەی سەرەكیی یانەی ریال مەدرید، هەمان رۆژنامە ئەوەی راگەیاندووە كەبریكاری كاسیاس پەیوەندی بەیانەی میلانی ئیتالی كردووە وەك سەرەتایەك بۆ رۆیشتنی كاسیاس بەرەو خولی ئیتالیا .
Top