سەفین رەسول: لە كۆی 5 هەزار وەرزشكار، پلەی یەكەمی ماڕاسۆنی نێودەوڵەتیم لە ئەڵمانیا بەدەست هێنا

سەفین رەسول:   لە كۆی 5 هەزار وەرزشكار، پلەی یەكەمی ماڕاسۆنی نێودەوڵەتیم لە ئەڵمانیا بەدەست هێنا
سەفین رەسول یەكێكە لە یاریزانە كوردە بەتواناكانی كوردستان و عێراق لە یاریی ماڕاسۆن و یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوە و خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە لە پاڵەوانێتییەكان، لە دوایین پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتێش لە وڵاتی ئەڵمانیا لە كۆی 5 هەزار وەرزشكاری بەشداربوو توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە بەدەست بهێنێت تاكە كوردی پاڵەوانێتییەكە بوو، سەفین رەسول لەدایكبووی ساڵی 1991ی حاجیاوەی سەر بە قەزای رانیەیەو دەرچووی پەیمانگای وەرزشییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.

* چۆن بوو بەشداریت كرد لە ماڕاسۆنی نێودەوڵەتیی گولوسایم؟
- لە رێگای ژمارەیەك كەسی نزیكی خۆم توانیم داوەتنامەیەكی فەرمی وەربگرم بۆبەشداری كردنم لە پاڵەوانێتییەكە، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر توانیم دەنگ بگەیەنمە كاك مەسرور بارزانی جەنابیشیان بەدڵێكی گەورە هاوكاریی كردم و توانیم بەشداری بكەم لەم پاڵەوانێتییە گەورە.
* بۆچی تەنیا بەشداری ماڕاسۆنە نێودەوڵەتییەكان دەكەیت و لە بەشدارییەكانی تر نات بینین؟
- ئەگەر ئێمە بتوانین داوەتنامەی فەرمی بهێنین بەشداریی پاڵەوانێتیی نێویاریگا دەكەین، بەڵام ئێمە دەوڵەت نین، بۆیە ناتوانین بەشداریی پاڵەوانێتییەكانی ناو یاریگاش بكەین.
* بۆچی تاكو ئێستا لەگەڵ هیچ یانەیەك چ وەكو یاریزان چ وەكو راهێنەر كار ناكەی؟
- من وەكو یاریزانێك یاریم بۆ زۆرێك لە یانە گەورەكان كردووە وەكو(ئارارات-هەولێر-پێشمەرگەی سلێمانی – سیروانی نوێ- ئاڵا- پێشمەرگەی هەولێر- كارەبا-سناعە)، بەڵام زۆر بەداخەوە ئێستا لە هەولێری پایتەخت هیچ یانەكانمان نییە كە تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كوڕانی هەبێت، زۆر بەداخەوە منیش ماڵم لە هاوینەهەواری پیرمامە و بۆمن تۆزێك زەحمەتە لە یانەیەكی دەرەوەی شاری هەولێر بم ئەمەیە هۆكارەكەی، نازانم بۆچی یانەكانی شاری هەولێر بیر لە دروست كردنی تیپی كوڕان ناكەنەوە، لە ساڵانی 2008-2009شاری هەولێر یانەكانی هەولێرو ئارارات لە كوڕان و كچان پێشەنگی كوردستان و عێراق بوون لەم یارییەدا.ئێستاش زووە بۆمن بیر لە كاری راهێنەرایەتی بكەمەوە تازە لە سەرەتامە وەكو یاریزان.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بە گرنگیدانی زیاتر بە یارییەكانی ماڕاسۆن؟
- بەدڵنیاییەوە نە یاریی ماڕاسۆن بەڵكو هیچ لە یارییە تاكەكان بە تایبەت گۆڕەپان و مەیدانیش هیچ گرنگی لای هیچ بەرپرسێكی وەرزشی نییە، چونكە وەك ئێمە ماندوونەبوون تاكو گەیشتوونەتە ئەو پۆستە ئەوەش نازانن كە چەند ئێمە ماندوو بووینە و پشتگوی خراوین.
* هەست ناكەی لە كوردستان گرنگیی تەواو بە یارییەكانی ماڕاسۆن نادرێت؟
- بەڵێ گرنگیدان بەم یارییە وەكو پێویست نییە بۆیە یاریزانانی ئەم یارییەش بە رێژەیەكی زۆر نییە.
* دەڵێن وەزارەتی رۆشنبیری و لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان هاوكارییان نەكردی ئەی كێ هاوكاریی كردی؟
- هیچ لەمانە هاوكارییان نەكردم لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان گوتی من تەنیا دەتوانم پێنج سەد دۆلار سەرف بكەم.
* بۆ ساڵی داهاتوو دەڵێن بەرنامەت هەیە بەشداریی چەند پاڵەوانییەتییەك بكەی لەدەرەوە تا چەند ڕاستە؟
- بەڵێ چەندین داوەتنامەیەكی فەرمیم بۆهاتووە لەگەڵ خۆم هێناوتەوە لە چەند وڵاتێكی جیاجیا بەهیوام بتوانن هاوكاریم بكەن بۆئەوەی خزمەتی زیاتر بەم وەرزشەو كوردستان بكەین.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتووی خۆت؟
-بەرنامەم بەردەوامبوونە لە وەرزشەكەم و تەواوكردنی خوێندنەكەم هەر لە بواری وەرزشی .
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان لە ژیانی وەرزشی خۆت؟
- دەستكەوتی وەرزشیم زۆر لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق لە تەمەنە كورتە لە ساڵی 2008دەستم پێكردووە و لە زۆربەی پاڵەوانێتییەكان ئەنجامم وەكو پێویست بووە، لە ئاستی نێودەوڵەتیش ئەنجامم بەرچاو بووە.
* ئاستی راگەیاندنەكان چۆن دەبینی لە گرنگیدان بە یارییەكان و جەنابیشت كە ئەم ئەنجامە باشت بەدەست هێنا؟
- گرنگیی باشیان بەمن و وەرزشكارانی تر داوە خۆم بە قەرزاریان دەزانم، بەڵام گلەییم لە هەندێك دەزگای راگەیاندن هەیە كە كەسێك لێدوان دەدات یان قسەیان بۆدەكات وەكو خۆی بلاو ناكەنەوە.
* پەیامت چییە بۆ ئەو یانانەی كە ئەم یارییەیان نییە؟
- پەیامی من بۆ ئەو یانانەی كە ئەم یارییانەیان نییە و هەوڵبدەن یارییەكە زیندووبكەنەوە، چونكە ئەم یارییە دایكی گشت یارییەكانە داوا لە یانەكانی شاری هەولێر دەكەم چاوێك بەم یارییەدا بخشێنەوە.
Top