هەولێر ئارامترین ناوچەی عێراقە بۆ جامی كەنداو
بەپێی هەواڵێك كە سایتی (Iraqfpg)، بڵاویكردەوە: یوسف عەبدوڵڵا سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی ئیمارات روونیكردووەتەوە كە عێراق پێویستی بە بڕیارێكی رەسمی یەكێـتی تۆپی پێی جیهان (فیفا)یە بۆ لابردنی گەمارۆی سەر یاریگاكانی عێراق، ئەمە جگەلەوەی پێویستە عیراق راپۆرتێكی رەسمی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پێ بگات سەبارەت بە تیشكی یۆرانیۆم و چەند مەسەلەیەكی گرنگی دیكە، ئاماژە بەوەش دەكات ئەگەر ئەو جامە لە عێراق سازبكرێت، ئەوا هەولێر ئارامترین و شیاوترین ناوچەی عێراقە بۆ پاڵەوانێتییەكە.
یوسف عەبدوڵڵا دەشڵێت: «پێشتر سەردانی هەولێرم كردووەو دەزانم چەند شارێكی ئارامە، شوێنی مانەوەی زۆر باشی تێدایە و یاریگاكانی بەشێوەیەكی پێشكەوتوو بنیادنراون، بۆیە هەولێر هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە بۆ سازكردنی جامی كەنداوی 22.»
ئەو بەرپرسە وەرزشییەی ئیمارات، باسی لە كەموكورتییەكانی شاری بەسڕە كرد و وتی: «كێشەكە تەنها لە شاری وەرزشیی بەسڕەدا نییە، بەڵكو زۆر كاری لۆجستی هەن كە هێشتا مایەی نیگەرانییە، وەك بارەگای پێشوازیكردنی شاندەكان و كێشەی لۆجستی و چەندین كێشەی دیكە، كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق، بۆیە نامانەوێت هەمان ئەو كێشانەی لە یەمەن رووبەڕوومان بووەوە، لە عێراقیش بەرۆكمان بگرێت.»
لە بەشێكی دیكەدا سایتەكە لەزاری سكرتێری یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات بڵاویكردووەتەوە كە دیاریكردنی پارێزگای بەسڕە لەجیاتی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی عیراقەوە، بڕیارێكی سیاسییە، بەڵام هێشتا پێویستە عێراق هەوڵ بدات گەمارۆی سەر یاریگاكانی لەلایەن فیفاوە لابەرێ و لایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بیسەلمێنێت كە هیچ ئاسەوارێكی تیشكی یۆرانیۆمی تێدا نییە.
