بەمەبەستی بەهێزكردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی و بەدەست هێنانی ئەنجامێكی شایستە لە یارییەكانی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەكانی كوردستان كە بڕیارە یارییەكانی وەرزی نوێ 2013-2014 لە رۆژی 3ی مانگی 10ی داهاتوو بەبەشداریی 14 یانەی شارەكانی كوردستان دەست پێبكات، بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبردنی یانەكەی دەستەی كارگێڕیی یانەی زاخۆ یاریزانێكی بەرازیلی هێنایە ریزی یانەكەیەوە و لە خولی كوردستان ئەمساڵ بۆیەكەمجار یاریزانێكی بەرازیلی بەدیار دەكەوێت بە درێسی یانەی زاخۆ، لەبارەی هێنانی ئەم یاریزانەش خەلیل حەسەن سكرتێری یانەی زاخۆ بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: ئێمە بەمەبەستی بەهێزكردنی ریزی یانەكەمان بەتایبەتی دوای ئەوەی وەرزی رابردوو نەمانتوانی ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنین لە یارییەكانی خولەكە بۆیە ئەمساڵ جیا لە ساڵانی تر تیپێكی بەهێزمان دروست كردووە بۆئەوەی بتوانین ركابەریی یانەكانی تری كوردستان بكەین لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لەم وەرزە، بۆیە گرێبەستێكمان بەفەرمی لەگەڵ یاریزانی بەتوانای تیپی دووەمی یانەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی ئایلتۆنی بەرازیلی مۆركرد، گوتیشی نامانەوێ بڕی گرێبەستەكەی ئاشكرا بكەین بەڵام بۆیەك وەرز لە خولی كوردستان بەرگری لە درێسی یانەكەمان دەكات، ئەمساڵیش جیا دەبین لە وەرزەكانی تر و دەمانەوێ ئاست و ئەنجاممان هەبێت لە خولەكەدا، هیچ كێشەو گرفتێكمان نییەو تیپەكەمان بەشێوەیەكی باش ئامادەسازی كردووە بۆ یارییەكانی وەرزی نوێ لەسەر دەستی راهێنەری نوێی یانەكەو ستافێكی تازە كەسەرپەرشتی یانەی زاخۆ دەكەن لە خولی كوردستان ئومێدمان زۆرە بەم یاریزانانە.