شەونم قادر: خەونی چەند ساڵەی من یاری كردنە لە هەڵبژاردەی عێراق
* چۆن بوو شەیداییت لەگەڵ وەرزش دروست كرد؟
- من هەر لە قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەكانەوە دەستم بە وەرزش كردو زۆریش شەیداییم بۆوەرزش دروست بوو لەگەڵ مامۆستای وانەی وەرزش زۆر هاوڕێ بوو بەردەوام لەگەڵ ئەو بووم لە قوتابخانە، بۆیە ئەم خۆشەویستییەم بۆ ئەو وای لێ كردم ئاشنایەتیم زیاتر بێت لەگەڵ وەرزش كردن.
*چەند جۆرە یاریی وەرزشی ئەنجام دەدەیت؟
- چونكە من قوتابی كۆلێژی پەورەردەی وەرزشیم لە زانكۆی سەلاحەدین بۆیە زیاتر حەزم لە هەموو جۆرە وەرزشەكانە بەڵام زۆرترین وەرزش كە ئەنجامی دەدەم یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و یاریی تۆپی دەستە لەمانە زیاتر نزیكم لە وەرزش كردن.
* باشتر نییە خۆت بۆیەك یاریی یەكلایی بكەیتەوە و تواناكانی خۆتی تێدا سەرف بكەیت ؟
- من ئێستا دەتوانم بڵێم تاڕادەیەك تەنیا یاریی تۆپی دەست ئەنجام دەدەم بۆئەوەی بتوانم بوونی خۆمی لێ بدۆزمەوە.
*لە هەڵبژاردەی عێراق داواكراویت؟
- بەڵێ لە ئێستادا بانگێشت كراوم بۆئەوەی یاری لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بكەم.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستی وەرزش لە كوردستان؟
- ئەو پرسیارە زۆری دەوێت بەر لە هەموو شتێك نەبوونی شوێن كێشەی سەرەكیی ئێمەیە بۆ شارێكی گەورەی وەكو هەولێر كە پایتەختی كوردستانە و دەبێتە پایتەختی گەشتیاری بەڕاستی زۆر شتێكی غەریبە كە هۆڵێكی نێودەوڵەتی تێدا نەبێت كە ناسراو بێت وەكو دەوڵەتانی تر، لە ئێستادا هەموو گەلانی دنیا بەهۆی وەرزشەوە دەناسرێن و سیمای پێشكەوتنی وڵات بەهۆی وەرزش بە دیار دەكەوێت، بەڵام لە كوردستان ئەو شتانە بەدی ناكرێن تەنیا باڵاخانەكان بەرزدەكرێتەوە،بۆیە پێویستمان بە گرنگی دانی زیاترە لە گشت روویەكەوە، بوونی ڕاهێنەری لێهاتوو لەكوردستان لە چاو ئەم پێشكەوتنەی دنیا لەبواری وەرزش بەخۆیەوە بینیوە كە ئەمەش كێشەیەكی ترە ئەگەر بێتو لە دەرەوەی وڵات خولی ڕاهێنەرانیان بۆبكرێتەوە سوودی زۆری دەبێت، هەروەها هاوكاریی خێزان بۆمنداڵەكانیان بۆئەوەی بتوانن سەركەوتووبن لە بواری ورەزشدا.
* بەرنامەت چییە بۆداهاتووی خۆت وەكو یاریزانێك؟
- دەمەوێت وەكو یاریزانێك راهێنانێكی زۆرتر ئەنجام بدەن و جێگایەكی تایبەتم هەبێت لە هەڵبژاردەی عێراق ئەوە خەونی چەند ساڵەی منە.
*هەست ناكەی ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە شاری هەولێر وەكو پێویست نییە؟
- بەڵێ بە تەئكید نەك تەنیا لە شاری هەولێر لە هەموو كوردستان بەو شێوەیە نیە كە بتوانین بڵێین وەرزشی ئافرەتان پێشكەوتووە.
*باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان؟
- خاوەن چەندین ئەنجامی باشم و هەوڵیش بۆئەنجامی باشتر دەدەم لە داهاتوودا.
* چی بەوكچانە دەڵێیت كە لە وەرزش كردن دوورن؟
- وەرزش زۆر پێویستە بۆهەموو كەسێك جا چ بۆخۆشی بێت یان بۆ ئامانجێكت هەبێت، ئەو كەسانەی تەنیا بۆخۆشی وەرزش ئەنجام دەدەن لەشێكی تەندروست و ساغیان دەبێت و بە دوور دەبن لە هەموو نەخۆشییەك، ئەوانەی كە ئارەزوویەكیان هەیە لە وەرزش بە بۆچوونی من لە خۆشترین ژیاندان.
* وەرزش چی پێ بەخشیویت و چی لێ سەندوویەتیەوە؟
- وەرزش زۆر شتی پێ بە خشیوم، مانای ژیانی پێ بەخشیوم، هاوڕێیەتی، وەفاداری، دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، ململانێ بۆسەركەوتن، خۆڕاگری بەرامبەر دۆڕان، زۆر شتی جوان.
* هیچ یانەیەك پەیوەندی پێوە كردووە بۆیاری كردن؟
- بەڵێ چەندین یانە پەیوەندیان پێوە كردوومە بۆئەوەی یارییان لەریزی یانەكانیان بكەم، پێشتریش بۆیانەی قەڵای توركمانیش یاریم كردووە، بەڵام من هەر حەزم لە یانەی ئافرەتانی هەولێرە هەر لەگەڵ ئەو یانەش بەردەوام دەبم.
* كێشەو گرفتان چییە لەوەرزش كردن؟
- نەبوونی یاریگا كێشەیەكی سەرەكییە بۆئێمەی یاریزانان كەوا دەكات كاریگەریی هەبێت لەسەر ئاستمان.
* هیواو ئاواتت لە وەرزش كردن چییە؟
- هیواو ئاواتم ئەوەیە رۆژێك وەرزشی كچانی كوردستانەكەم ببینم شان بەشانی وڵاتانی جیهان بن.
