فوئاد عەبدولموحسین ئاواتم بەدەست هێنانی بڕوانامەی (بلو باج)ی نێودەوڵەتییە لە یارییەكانی جیهانی و ئۆڵۆمبیاد
* خۆت بە خوێنەرانی گوڵان بناسێنە ؟
- ناوم فوئاد عەبدولموحسین تەهایە لە دایكبووی ساڵی 1982ی شاری هەولێرم و دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشیم و ناوبژیوانی نێودەوڵەتیم لە یاریی تێنسی سەرمێز.
*چۆن بوو بوویتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە یاریی تێنسی سەرمێز؟
- من هەر لەسەرەتاوە بەهۆی خولیابوونم بە وەرزشی تێنسی سەرمێز یەك بەدوای یەك بڕوانامەكانم بەدەست هێنا، لە ساڵی 2006بڕوانامەی پلەی سێیەمم بەدەست هێنا، لەدوای ساڵی 2010 بڕوانامەی پلەی یەكەمم بەدەست هێنا، لە دوای ساڵی 2010یەكێتیی تۆپی سەرمێزی جیهانی خولێكی نێودەوڵەتی كردەوە بۆناوبژیوانی تاقی كراینەوە لە رێگای ناونیشانی ئەلیكترۆنی لەلایەن یەكێتیی تۆپی سەرمێزی عێراقی وەڵامی ئێمە درایەوە كە دەرنەچووینە، دواتر چووینە خولی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی كە لە هەولێر ئەنجامدرا لەگەڵ 25ناوبژیوانی تر توانیم دووبڕوانامە بەدەست بهێنم و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە كاری ناوبژیوانی تۆپی سەرمێزدەكەم ئێستاش سەرۆكی لێژنەی ناوبژیوانانی عێراقم.
* بۆچی كاری ناوبژیوانیت هەڵبژارد؟
- حەز و ئارەزووەكانم بۆئەم یارییە وای لێ كردم ئەم یارییە و كاری ناوبژیوانی لەم یارییە هەڵبژێرم.
* لە كوردستان بەتەنیا تۆ ناوبژیوانی نێو دەوڵەتیت؟
- لە سنووری پارێزگای هەولێر بە تەنیا خۆمم، بەڵام لە شاری سلێمانیش ناوبژیوانی نێودەوڵەتی هەیە.
* هەست ناكەیت ئاستی تێنسی سەرمێز وەكو پێویست نییە؟
- زۆر بە داخەوە دەتوانم بڵێم ئاستی ئەم یارییە لە شاری هەولێر زۆر لاوازە، بەڵام ئەگەر بەراوردێك بكەین لەگەڵ شاری سلێمانی دەبینین بە خۆشحاڵییەوە ئاستی ئەم یارییە لەوێ گرنگی زیاتری پێ دەدرێت، بوونی هۆڵی گونجاو و دابین كردنی پێداویستیی تایبەت بە یاریی تۆپی سەرمێز، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات گرنگی پێ نەدرێت چەند ساڵی تر لە شاری هەولێربەرەو نەمان دەچێت، چونكە نەبوونی هۆڵێكی گونجاو وتایبەت بەم یارییە و گرنگی نەدان لە هەموو روویەكەوە ئەمانە هەمووی هۆكاری سەرەكین بۆ دروست نەكردنی یاریزان چ لە رووی مادی و چ لە رووی مەعنەوی ئەگەر پێداویستیەكان نەبێت چۆن ئەم یارییە گەشە دەكات.
* چی بكرێت باشە بۆبەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- بۆبەرەو پێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان پێویستە هۆڵی ستاندراتی جیهانی تایبەت بەم یارییە دابین بكەن، چونكە ئەمڕۆ سوپاس بۆخوا هەرێمی كوردستان ناوبانگی باشی هەیە لە جیهاندا چەندین پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی لە یارییەجیاجیاكان بەڕێوەچوون، خاڵێكی گرنگە بۆبەهێز بوونی ژێرخانی وەرزشی، هێنانی ڕاهێنەری بیانی بۆپێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن بچووك، گرنگیدان بەكردنەوەی خولی ڕاهێنەران و ناردنیان بۆدەرەوەی وڵات.
* هەستت بە چی كرد كاتێك لە یاریی كۆتایی یانەكانی عەرەب كاری ناوبژیوانییەكەت پێ سپێردرا؟
- وەكو ناوبژیوانێكی كورد هەستم بە خۆشییەكی زۆر كرد كە ئەم یارییەیان پێ سپاردم، چونكە كارێكی هێندە ئاسان نییە تۆ لە نێو 30 ناوبژیوانی هەڵبژێردراو دەست نیشانت بكەن بۆ بەڕێوە بردنی یاریی كۆتایی، چونكە هەر ناوبژیوانێك هەڵسەنگاندنی بۆدەكرێت، من نەك هەر یاریی كۆتایی بەڵكو یاریی دەستپێكی پاڵەوانێتییەكە و پێش كۆتایشیان پێدام، دوای ئەوەش بوو كە ناجی العجمی سەرۆكی لێژنەی ناوبژیوانانی عەرەب منی هەڵسەنگاندبوو،ئەوان بەهاوكاریی ناوبژیوانی گشتی منیان هەڵبژاردبوو بۆبەڕێوەبردنی ئەم یارییە، سەرۆكی ناوبژیوانانی عەرەب پێی گوتم: زۆر خۆشحاڵ و سەرسامم و شانازیت پێوە دەكەم لەو ئاستەی كە لەكاتی بەڕێوەبردنی یارییەكان بەگشی ئەنجامت دا، لە پاڵەوانێتیی قەتەری نێودەوڵەتیش داواتنامەی بۆناردم بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە نەمتوانی بەشداری ئەم پاڵەوانێتییە بكەم.
* بەرنامەت بۆخۆت وەكو ناوبژیوانێك چییە ؟
- هەوڵ دەدەم بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی (بلو باج)ی نێودەوڵەتی كە بتوانم بەشداربم لە بەڕێوەبردنی یارییەكانی جامی جیهانی و ئۆڵۆمپیاد، هەروەها بە هاوكاریی یەكێتیی تۆپی سەرمێزی كوردستان و عێراق بتوانم خولێكی ناوبژیوانی بۆئەو كەسانەی ئارەزووی ئەم یارییە دەكەن بەتایبەت قوتابیانی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی وپەیمانگای وەرزشی ئەنجام بدەم، بۆئەوەی زیاتر شارەزابن لە بواری ناوبژیوانی و یاسا و گۆڕانكارییەكانی ئەم یارییە.
*بەچ ناوبژیوانێكی جیهانیی ئەم یارییە سەرسامیت؟
- بەو ناوبژیوانە سەرسامم كە كەمترین هەڵە بكات چونكە ناوبژیوانیش مرۆڤە و هەڵە دەكات، سەرسامم بە ناوبژیوانی لێهاتوو محەمەد رەفعەت ئەلبسیونی میسری كە كەسێكی بەتوانایە لە یاساكانی ناوبژیوانی لە یەكێـتیی تۆپی سەرمێزی جیهانی، خانمی ئێرانی (سیما لیمۆتجی) كە زانیاریی تەواوی هەیە لەسەر یاساكانی خاوەن پێداویستیەكانی تایبەت، یەكێك بووینە لە بەڕێوەبردنی یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پەكین،سوودێكی زۆرم لەوانە وەرگرتووە لێرەوە سوپاسیان دەكەم.
