دوای ئەوەی توانی ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات لە یارییەكانی جامی جیهانی لاوان لە وڵاتی توركیا لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق فەرحان شوكر هێرشبەری یانەی سلێمانی توانی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی 3گۆڵی بەنرخی بۆهەڵبژاردەی وڵاتەكەی تۆماربكات و بە ئاستە بەرزەكەی بووە مایەی سەرنجی چەندین یانەی بەناوبانگی وڵاتانی جیهان، بۆیە هەریەك لە یانەكانی كۆنیا سپۆرلە خولی یانەكانی توركیا ویانەیەكی تری خولی توركی و لە یانەیەكی وڵاتی تایلەند گرێبەستی بۆهاتووە بۆئەوەی دوای كۆتایی هاتنی یارییەكانی جامی جیهانی گرێبەستی لەگەڵدا مۆربكەن، لە ئێستاشدا فەرحان گرێبەستی یەك ساڵەی لەگەڵ یانەی سلێمانی بە 30 ملیۆن دینار واژوو كردووە بۆئەوەی بە درێسی یانەی سلێمانی لە خولی بژاردەی عێراقی بەرگری لەو یانەیە بكات، مەلا جەبار سەرپەرشتیاری یانەی سلێمانی بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: ئێمە گرێبەستی یەك ساڵمان لەگەڵیدا واژوو كردوە بۆئەوەی لەخولی بژاردەی عێراقی یاریمان بۆبكات، لە دوای ئەم ساڵەش خۆی سەرپشك دەكەین لە ئەگەری مانەوەی یاخود رۆیشتنی بۆهەر یانەیەكی تر، ئەگەر ئەویش بڕوات ئێمە دەتوانین چەندین یاریزانی بەتوانا كە لە ریزی هەڵبژاردەی یەكەمی عێراقی یاری دەكەن بە پارە بگوازینەوە یانەكەمان، لە ئێستادا هاتنی یاریزانان هەمووی بۆتە پارە ئەگەر فەرحانیش یانەكەی بەجێهێشت شتێكی زۆر ئاساییە ئێمە یاریزانی تر لە شوێنی ئەو دەهێنین، بەڵام دەبێ لە ئێستادا بەردەوام بێت تا كۆتایی هاتنی گرێبەستەكەی ئەوكاتیش قسەی لێ دەكەین.