یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی نەتەوەكانی ئاسیا لەسەر ئاستی لاوان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت
لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا قادر شەمخی ئەندامی یەكێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند لە رۆژانی 8-12/10-2013 لەشاری هەولێر، یارییەكانی كۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنی جامی ئاسیا بە بەشداری هەڵبژاردەكانی عێراق و كوەیت و پاكستان و بەنگلادیش دەستپێدەكات.
هەروەها رۆژی 8ی مانگ عێراق یەكەمین یاری بەرامبەر بەنگلادیش ئەنجامدەدات و رۆژی 10ی مانگیش رووبەڕووی پاكستان دەبێتەوە، رۆژی 12ی مانگیش بەرامبەر كوەیت دوایین یاریی خۆی ئەنجامدەدات و پاڵەوانی كۆمەڵەكەش سەردەكەوێت بۆ پاڵەوانێتیی جامی ئاسیا كەبڕیارە ساڵی 2014 لە بانكۆكی پایتەختی تایلاند بەڕێوەبچێت.
بڕیارە هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق لەجێی هەڵبژاردەی لاوان ئەو 3 یارییە ئەنجامبدات، تاوەكو ببێتە ئامادەكارییەكی زیاتر بۆ هەڵبژاردەكە پێش بەشداریكردنیان لەیارییەكانی جامی جیهانی تازەپێگەیشتووان كەبڕیارە لە رۆژی 17/10/2013 لە ئیمارات دەستپێبكات.
