بیكنباوەر : هیوادارم گواردیۆلا بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ بایرەن بەردەوام بێت

بیكنباوەر : هیوادارم گواردیۆلا بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ بایرەن بەردەوام بێت
ئەفسانە وقەیسەری تۆپی پێی ئەڵمانی فرانز بیكنباوەر سەرۆكی شانازی یانەی بایرەن میونیخی ئەڵمانی ستایشی كارەكانی راهێنەری ئیسپانی پیپ گواردیۆلا لەگەڵ یانەكەی هەرێمی بەڤاریا كردو هیوای ئەوەی خواست ناوبراو لەم پۆستە بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، بیكنباوەر لە لێدوانێكدا گوتی : بێگومان من بەبایەخەوە چاودێریی هەموو كارەكانی گواردیۆلا دەكەم، وابزانم ئەو لەو ماوەیەدا وێنەی تەواوی هەموو یاریزانەكانی لای ئاشكرا بووە، ئێستا بارودۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت، هیوادارم گواردیۆلا بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتوو لەگەڵ یانەی بایرەن میونیخ بەردەوام بێت . هەروەها بیكنباوەر ئەوەشی دووپاتكردەوە كەبوونی یاریزانی هاوشێوەی ماریۆ گۆتزە و تیاگۆ ئەلكانتارا كاری راهێنەرەكان ئاسانتر دەكات بەڵام لەهەمان كاتدا هۆشداریی ئەوەی دا كە هێشتا یانەی بایرەن میونیخ كارێكی زۆری لەپێشە بۆئەوەی ئاستی باشتر بێت سەرەڕای ئەوەی لە وەرزی رابردوو هەرسێ نازناوی خول و جامی ئەڵمانیا و چامپیۆنزلیگی بەدەست هێناوە .
لەلایەكی دیكەوە ئەستێرەی هۆڵەندی ئاریان رۆبن هێرشبەری یانەی بایرەن میونیخ رایگەیاند شێوازی كاركردنی راهێنەر گواردیۆلا ئاستی یانەكەی بەرەو پێش دەبات، رۆبن لە لێدوانێكیدا بە گۆڤاری كیكەری ئەڵمانی گوت : وابزانم بیرۆكە وشێوازی كاركردنی گواردیۆلا وامان لێدەكات لە وەرزی رابردوو بەهێزتر بین، من هەست بە گۆڕانكارییەكان دەكەم كەوامان لێدەكات باشتر یاری بكەین، ئەگەر گواردیۆلا بەهەمان شێواز بەردەوام بێت ئەوە دەتوانین دەسكەوتەكانی وەرزی رابردوو دووبارە بكەینەوە، ئێستا هەموو لایەك چاوەڕێی ئێمە دەكەن لە وەرزی داهاتوو، كەسیش رازی نابێت كە ئاستەكەمان كەمتر بێت لە وەرزی رابردوو .
Top