چه‌ند بڕیار و ڕاسپارده‌ی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان

چه‌ند بڕیار و ڕاسپارده‌ی نوێی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان
ڕۆژی شەممە 27/7/2013 یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجام دا و چەند بڕیارێكی تازەی دەركرد:

1.بڕیاردرا بە هەڵوەشاندنەوەی گشت لیژنەكانی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان.

2.ئاگاداری گشت یانەكانی پلە نایاب، پلە یەك و پلە دووەكانی كوردستان دەكەینەوە، كە یاریگەكانیان بە شێوەیەكی ئاسایی بە پێی ئەم خاڵانەی خوارەوە ئامادەبكەن بۆ ئەنجامدانی یارییەكانی خولەكانی كوردستان.

أ. ژووری ناوبژیوانان ئامادە بكرێت لەگەڵ پاشكۆكانی.

ب. دابینكردنی ژوور بۆ تیپی میوان لەگەڵ پێویستییەكانی.

ج. پەرژینكردنی چواردەوری یاریگە و دابینكردنی جێگەی دانیشتن بۆ یاریزانە یەدەگەكان و جێگەی سەرپەرشتیاری یاری و ناوبژیوانی چوارەم.

د. پێش دەستپێكردنی یارییەكان، پێویستە یاریگەكان ئامادەكراوبن و لیژنەی تایبەت لە یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان سەردانی ئەم یاریگەیانە دەكات.

3. گشت یاریزانەكانی كە بەشداریی خولەكانی كوردستان دەكەن پێویستە گرێبەستەكانیان لە (10,0000,000)لە دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

4. داوا لە گشت یاریزانەكان دەكەین ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ یانەكانیان كردووە ساڵانی پێشتر و ماوەكەی لە ساڵێك زیاترە، پێویستە سەرلەنوێ‌ گرێبەستەكان لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پەسەند بكەنەوە.

5. پێویستە گشت ڕاهێنەرەكانی یانەكانی كوردستان و یاریدەدەری ڕاهێنەر و ڕاهێنەرانی گۆڵپارێز گرێبەست لەگەڵ یانەكان بكەن و لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پەسەندی بكەن، بە پێچەوانەوە بۆیان نییە ڕاهێنەرایەتی یانەكانیان بكەن.

6. ئاگاداری گشت یانە پلەنایاب، پلە یەك، پلە دوو، لاوانی پلە نایاب، لاوانی پلەیەك و تازەپێگەیشتووانی پلە نایاب دەكەین، كە رۆژی شەممە رێككەوتی 17/8/2013 نوێنەری یانەكان و ڕاهێنەرەكانیان ئامادەبن بە مەرجێك نوێنەری یانە پێویستە ئەندامی دەستەی كارگێری بێت، بۆ ئەنجامدانی تیروپشكی خولەكان.

7. بەهۆی ئامادەنەبوونی یانەی قەڵای توركمان لە یارییەكەیان بەرامبەر یانەی سنجار لە خولی یانە پلە سێیەكانی كوردستان، بڕیار درا بە هەژماركردنی ئەنجامی یارییەكە (3 – 0) بۆ بەرژەوەندیی یانەی سنجار و غەرامەكردنی یانەی قەڵای توركمان بە بڕی(500000)پێنجسەد هەزار دینار.

8. بانگهێشتكردنی سەرپەرشتیاری یاری و ناوبژیوانانی یاریی نێوان یانەی سنجار و یانەی رواندوز لە خولی پلە سێیەكانی كوردستان لەگەڵ هەردوو یاریزانانی یانەی رەواندوز (ئارام ئەمین- ژمارە 5) و یاریزان (هەژار جەلیل -ژمارە 11). رۆژی یەكشەممە رێكەوتی 28/7/2013 كاتژمێر(12)ی نیوەڕۆ بۆ بارەگەی یەكێتیی تۆپی پێ لە هەولێر.







س/سايتى ڕەسمى یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان
Top