یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پلەی یەكەمی ریزبەندی یانە دەوڵەمەندەكانی جیهانی وەرگرت و بەپێش یانەكانی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و بەرشلۆنەی ئیسپانی كەوت، گۆڤاری فۆربس تایبەت بە هەواڵی ئابووری لیستێكی بە 50 یانە بڵاوكردەوە كە دەوڵەمەندترین یانەكانی جیهانن، لە لیستەكەی گۆڤاری فۆربس یانەی ریال مەدرید هەڵگری نۆ نازناوی چامپیۆنزلیگ هاتە پێشەنگی یانە دەوڵەمەندەكان و نرخەكەی ئێستا دەگاتە 3.3 ملیار دۆلار و پلەی یەكەمی لەیانەی مانچستەر یونایتد وەرگرت دوای ئەوەی داهاتەكەی زیادی كرد بەهۆی بۆندی سپۆنسەری لەگەڵ كۆمپانیای ئەدیداسی وەرزشی و كۆمپانیای فلای ئیمارات .
یانەی مانچستەر یونایتد گەڕایەوە پلەی دووەم و نرخی ئێستای 3.17 ملیار دۆلارە لەو كاتەی یانەی بەرشلۆنە پاڵەوانی خولی ئیسپانیا لە پلەی پێنجەمەوە سەركەوت بۆ پلەی سێیەم و نرخەكەی ئێستا دەگاتە 2.6 ملیار دۆلار، یانەی نیویۆرك یانكسی ئەمریكی لە یاری بیسبۆل دابەزیە پلەی چوارەم بە نرخی 2.3 ملیار دۆلار، یانەكانی دالاس كاوبۆیز و نیوئینگلاند باتریۆس لە یاری تۆپی پێی ئەمریكی لە پلەكانی پێنجەم و شەشەم هاتن .