لە بەڕازیل تیپی هەندرێن بەشداریی لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان كرد
گەشتەكە لەسەر ئەركی كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكە بریكاری كیا مۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان بوو و مەبەست لە گەشتەكەش بەشداریكردن بوو لە پاڵەوانێتیی كیای جامی كیشوەرەكان كە 9 وڵات لە نێویاندا هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردبوو، هەروەها ئامادەبوون لە یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكان بوو كە كیا مۆتۆرز سپۆنسەریی بوو.
سەرجەم كارئاسانییەكانیش لە لایەن كۆمپانیای نیم بۆ شاندەكە كرابوو لە هەولێرەوە تاكو بەڕازیل.
دوای گەشتێكی دووردرێژی 56 سەعاتی ئەندامانی تیپی هەندرێن گەیشتنە شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ كە چوارەم شاری بەڕازیلە، هۆكاری ئەو گەشتە ماراسۆنییەش كێشەیەكی فڕۆكەخانەی توركیا بوو كاتێك كارمەندانی بلیتی نێوان ئیستەنبووڵ و لەندەنیان نەدا بە شاندەكە و دوای 11 كاتژمێر ناچاری كردن بەرەو دوبەی بەڕێ بكەون و لەوێوە بەرەو ساوپاولۆ و ئینجا بگەنە بێلۆ هۆریزۆنتێ. ئەمەش وای كرد كاتژمێر 3 ی بەرە بەیان بگەنە هۆتێل و بە ناچاری و بەم هەموو هیلاكییە بەیانییەكەی كاتژمێر 9 بەشداری لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان بكەن.
بەرپرسانی پاڵەوانێتییەكە رۆژی بەڕێوەچوونی پێیان راگەیاندین كە تیروپشكیان ئەنجام داوە و 9 تیپەكە بەسەر 3 گرووپ دابەش كراون و سەرجەم یارییەكانی پاڵەوانێتییەكە بە یەك رۆژ تەواو دەكرێت. بەم شێوەیە:
گرووپی یەكەم: باشووری ئەفریكا، فەڕەنسا، چیلی
گرووپی دووەم: هەرێمی كوردستان، كۆلۆمبیا، پیرۆ
گرووپی سێیەم: ئەردەن، بەڕازیل، ئەرژەنتین
كاتژمێر 9 یەكەمین یاریی تیپی كوردستان بوو بەرانبەر تیپی كۆلۆمبیا.
لە یارییەكەدا و لە گێمی یەكەم كوڕانی هەندرێن ئاستێكی بەرزیان نیشان دا و ئەو گێمە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە بەرژەوەندیی ئەواندا تەواو بوو.
لە گێمی دووەمدا یاریزانەكانمان ماندووبوونیان پێوە دیار بوو و لە ماوەی دوو خولەكدا كۆلۆمبیا 3 گۆڵی لەسەر یەكدی تۆمار كرد. پاشان تیپی كوردستان گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد. لە دوا خولەكدا كۆلۆمبیا گۆڵی چوارەم و بردنەوەی تۆمار كرد.
یاسای پاڵەوانێتییەكە وای دەخواست تیپی دۆڕاو لە یەكەمین یاری یەكسەر یاریی دووەم ئەنجام بدات، بۆیە دوای تەواوبوونی یارییەكە بە 5 خولەك یاریی دووەمی كوردستان لە بەرانبەر تیپی پیرۆ بوو.
لە یاریی دووەمدا تیپی كوردستان بە ئەنجامی 2-1 لە پێش بوو، كەچی لە گێمی یەكەمدا عومەر حەسەن تووشی پێكان بوو و چووە دەرەوە و پاشان بەرەو نەخۆشخانەیان برد، بە هەمان شێوە ماندووبوون وای كرد یاریزانەكانمان ئاستی خۆیان پێشكەش نەكەن و یارییەكە بە ئەنجامی 3-2 بدۆڕێنن.
هەرچەندە ئاستی یاریزانەكانمان لە هەردوو تیپی كۆلۆمبیا و پیرۆ بەرزتر بوو بەڵام ماندووبوون و دواكەوتن لە رێگە و سیستمی پاڵەوانێتییەكە هۆكاری سەرەكیی دۆڕاندن بوون.
دوای چەندین یاریی بەهێز، هەریەك لە تیپەكانی بەڕازیل و ئەردەن و كۆلۆمبیا و چیلی سەركەوتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی.
پاشان تیپەكانی بەڕازیل و چیلی گەیشتنە یاریی كۆتایی و بەڕازیل بە ئەنجامی 3-1 یارییەكەی لە بەرژەوەندیی خۆی تەواو كرد و نازناوەكەی بەدەست هێنا.
بەرپرسانی پاڵەوانێتییەكە بلیتی یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 یان بۆ سەرجەم بەشداربووان ئامادە كردبوو و هەموو ئامادەی یاریی نێوان بەڕازیل و ئۆرگوای بوون كە لە بەرژەوەندیی بەڕازیل 2-1 تەواو بوو.
