لە بەڕازیل تیپی هەندرێن بەشداریی لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان كرد

لە بەڕازیل تیپی هەندرێن بەشداریی لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان كرد
سامان بریفكانی- بێلۆ هۆریزۆنتێ/ بەڕازیل

فۆتۆ: سەڵاح مەحموود

دوای ئەوەی تیپی هەندرێن بۆ یاریی فوتساڵ توانی پلەی یەكەمی پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان بەدەست بهێنێت، وەك نوێنەری تیپە میللییەكانی كوردستان گەشتێكی بۆ وڵاتی بەڕازیل ئەنجام دا.

گەشتەكە لەسەر ئەركی كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمبیل تاكە بریكاری كیا مۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان بوو و مەبەست لە گەشتەكەش بەشداریكردن بوو لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان كە 9 وڵات لە نێویاندا هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كردبوو و هەروەها ئامابوون لە یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكان بوو كە كیا مۆتۆرز سپۆنسەریی بوو.

سەرجەم كارئاسانییەكانیش لە لایەن كۆمپانیای نیم بۆ شاندەكە كرابوو لە هەولێرەوە تاكو بەڕازیل.

گەشتێكی ماراسۆنی

دوای گەشتێكی دووردرێژی 56 سەعاتی ئەندامانی تیپی هەندرێن گەیشتنە شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ كە چوارەم شاری بەڕازیلە، هۆكاری ئەو گەشتە ماراسۆنییەش كێشەیەكی فڕۆكەخانەی توركیا بوو كاتێك كارمەندانی بلیتی نێوان ئیسەنبووڵ و لەندەنیان نەدا بە شاندەكە و دوای 11 كاتژمێر ناچاری كردن بەرەو دوبەی بەڕێ بكەون و لەوێوە بەرەو ساوپاولۆ و ئینجا بگەنە بێلۆ هۆریزۆنتێ. ئەمەش وای كرد كاتژمێر 3 ی بەرە بەیان بگەنە هۆتێل و بە ناچاری و بەم هەموو هیلاكییە بەیانییەكەی كاتژمێر 9 بەشداری لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان بكەن.

لەگەڵ كۆلۆمبیا و پیرۆ لە یەك گرووپدا

بەرپرسانی پاڵەوانێتییەكە رۆژی بەڕێوەچوونی پێیان راگەیاندنین كە تیروپشكیان ئەنجام داوە و 9 تیپەكە بەسەر 3 گرووپ دابەش كراون و سەرجەم یارییەكانی پاڵەوانێتییەكە بە یەك رۆژ تەواو دەكرێت. بەم شێوەیە:

گرووپی یەكەم: باشووری ئەفریكا، فەڕەنسا، چیلی

گرووپی دووەم: هەرێمی كوردستان، كۆلۆمبیا، پیرۆ

گرووپی سێیەم: ئەردەن، بەڕازیل، ئەرژەنتین

تیروپشك لە بەرژەوەندیی كوردستان نەبوو

كاتژمێر 9 یەكەمین یاریی تیپی كوردستان بوو بەرانبەر تیپی كۆلۆمبیا. لە یارییەكەدا و لە گێمی یەكەم كوڕانی هەندرێن ئاستێكی بەرزیان نیشان دا و ئەو گێمە بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە بەرژەوەندیی ئەواندا تەواو بوو. لە گێمی دووەمدا یاریزانەكانمان ماندووبوونیان بەسەر دیار بوو و لە ماوەی دوو خولەكدا كۆلۆمبیا 3 گۆڵی لەسەر یەكدی كرد. پاشان تیپی كوردستان گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد. لە دوا خولەكدا كۆلۆمبیا گۆڵی چوارەم و بردنەوەی تۆمار كرد.

یاسای پاڵەوانێتییەكە وای دەخواست تیپی دۆڕاو لە یەكەمین یاری یەكسەر یاریی دووەم ئەنجام دەدات، بۆیە دوای تەواوبوونی یارییەكە بە 5 خولەك یاریی دووەمی كوردستان لە بەرانبەر تیپی پیرۆ بوو.

لە یاریی دووەمدا تیپی كوردستان بە ئەنجامی 2-1 لە پێش بوو، كەچی لە گێمی یەكەمدا عومەر حەسەن تووشی پێكان بوو و چووە دەرەوە و پاشان بەرەو نەخۆشخانەیان برد، بە هەمان شێوە ماندووبوون وای كرد یاریزانەكانمان ئاستی خۆیان پێشكەش نەكەن و یارییەكە بە ئەنجامی 3-2 بدۆڕێنن.

هەرچەندە ئاستی یاریزانەكانمان لە هەردوو تیپی كۆلۆمبیا و پیرۆ بەرزتر بوو بەڵام ماندووبوون و دواكەوتن لە رێگە و سیستمی پاڵەوانێتییەكە هۆكاری سەرەكیی دۆڕاندن بوون.

بەڕازیل بووە پاڵەوان

دوای چەندین یاریی بەهێز، هەریەك لە تیپەكانی بەڕازیل و ئەردەن و كۆلۆمبیا و چیلی سەركەوتن بۆ قۆناغی پێش كۆتایی.

پاشان تیپەكانی بەڕازیل و چیلی گەیشتنە یاریی كۆتایی و بەڕازیل بە ئەنجامی 3-1 یارییەكەی لە بەرژەوەندیی خۆی تەواو كرد و نازناوەكەی بەدەست هێنا.

دەربارەی پاڵەوانێتییەكە:

بێستوون ئەكرەم كاپتنی تیپی كوردستان گوتی: رێكخستنی پاڵەوانێتییەكە زۆر بەرز بوو، بەڵام دەبوایە رەچاوی دواكەوتنی تیپەكەمانیان كردبووایە كە لە دەستی ئێمەدا نەبوو، هەروەها نەدەبوایە یەكەمین و دووەمین یاریی گرووپەكەمانیان بۆ ئێمە دانابوایە لەگەڵ ئەوەی هەردوو تیپی كۆلۆمبیا و پیرۆ ماوەی 3 كاتژمێریان پێچوو بۆ گەیشتنیان بۆ بەڕازیل كەچی ئێمە لە گەشتێكی 56 سەعاتیدا گەیشتنە هەمان شوێن.

كارزان جەعفەر یاریزانی تیپی كوردستان گوتی: پاڵەوانێتییەكی بەهێز بوو و ئێمە سوودێكی زۆرمان لەو پاڵەوانێتییە وەرگرت. ئەگەر ئێمە رۆژێك زووتر بگەیشتبوویانە ئەوێ، دڵنیا بووم لە پاڵەوانێتییەكە دەگەیشتینە قۆناغێكی باشتر. لەگەڵ ئەوەشدا بۆنەیەكی باش بوو هاوڕێی زۆرمان لە تیپەكانی دیكە دەستكەوت.

دوای تەواوبوونی پاڵەوانێتییەكە، بەرپرسانی كیا جامی كیشوەرەكان چەندین گەشت و ئاهەنگیان بۆ تیپە بەشداربووەكان ساز كرد و سەرجەم یاریزانەكان كاتی خۆشیان بەسەر برد.

لە جامی كیشوەرەكاندا یاریزانەكان ئامادەی یاریی بەڕازیل و ئۆرگوای بوون

بەرپرسانی پاڵەوانێتییەكە بلیتی یاریی پێش كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 یان بۆ سەرجەم بەشداربووان ئامادە كردبوو و هەموو ئامادەی یاریی نێوان بەڕازیل و ئۆرگوای بوون كە لە بەرژەوەندیی بەڕازیل 2-1 تەواو بوو.

دوای بەجێهیشتنی شاری بێلۆ هۆریزۆنتێ، شاندی تیپی كوردستان گەشتێكیان بۆ شاری ریۆ دی جانێرۆ ئەنجام دا و لەوێ سەردانی شوێنە مێژوویی و گرنگەكانی وڵاتی بەڕازیل كرد و پاشان گەڕانەوە كوردستان.

دوای پاڵەوانێتییەكە:

بۆكان سەلمان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی كۆمپانیای نیم كرد و گوتی، كۆمپانیاكە بەڵێنەكانی خۆی بەجێ گەیاند، ئەمە وا دەكات بۆ پاڵەوانێتییەكی دیكە تیپی بە تواناتر و رێكوپێكتر بەشداری تێدا بكەن.

ئازاد دزەیی راهێنەری تیپەكە كە لەسەر ئەرك و حسابی خۆی یاوەری تیپەكەی بوو، خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریكردن لەو پاڵەوانێتییە دەربڕی و رای گەیاند، كەوا بە شێوەیەكی باشتر خۆیان بۆ پاڵەوانێتیی داهاتوو ئامادە دەكەن.

بە هەمان شێوە یاریزانەكانی دیكەی تیپی هەندرێن سوپاسی خۆیان ئاراستەی كۆمپانیای نیم و بەرپرسانی پاڵەوانێتییەكە بكەن.

مژدەیەك بۆ لاوانی كوردستان

پاڵەوانێتییەكی دیكە و تیپی براوەش بەرەو مۆندیالی بەڕازیلی 2014

نیهاد زەخەرییا بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای نیم تاكە بریكاری كیا مۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریكردنی تیپی هەندرێن وەك نوێنەری هەرێم لە پاڵەوانێتیی كیا جامی كیشوەرەكان دەربڕی و بە هەمان شێوە خۆشحاڵ بوو بە ئەنجامدانی ئەو گەشتە لە لایەن كۆمپانیاكەیانەوە و بەڵێنی دا كە لەم نزیكانە پاڵەوانێتیی كیا جامی جیهان بۆ تیپە میللییەكانی كوردستان ساز بكات و تیپی یەكەمین بە هەمان شێوە بگەیەنێتە بەڕازیل بۆ ئامادەبوونی یەكێك لە یارییەكانی مۆندیال و بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی كیا جامی جیهان بۆ تیپە میللییەكان.

جێی باسە بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك كۆمپانیای نیم بۆ بازرگانیی ئۆتۆمۆبیل تاكە بریكاری كیا مۆتۆرز لە هەرێمی كوردستان پاڵەوانێتیی تیپە میللییەكان ساز دەكات. ساڵی پار تیپی چیا بە پلەی یەكەم هات و گەشتێكی بۆ وڵاتی پۆڵەندە بۆ رێكخرا و ئامادەی یاریی نێوان ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بوو لە یاریی پێش كۆتایی جامی نەتەوەكانی ئەورووپا و ئەمساڵیش تیپی هەندرێن پلەی یەكەمی بەدەست هێنا و هەر لەم نزیكانەش پاڵەوانێتییەكی دیكە رێك دەخرێت و جارێكی دیكە براوەی یەكەم گەشتێكی بۆ وڵاتی بەڕازیل بۆ ساز دەكرێت.

چەند دیمەنێك:

* بە بۆچوونی من بە هۆی بوونی ئاڵای كوردستان لەسەر درێسی یاریزانەكان لە فڕۆكەخانەی ئیستەنبووڵ، رێگە نەدرا بلیتی فڕۆكەخانەی هیترۆ لە لەندەن وەربگیرێت كە شاندەكە وەك ترانزێت بەوێ تێپەڕ دەبوو.

* پێشوازیكردنی كیا هەر لە فڕۆكەخانەی بێلۆهۆریزۆنتێ- یەوە بە گەرمی بوو تاكو گەڕانەوەی شاندەكە.

* عومەر حەسەن لە دووەم یارییدا تووشی پێكان هات، بەرپرسانی پاڵەوانێتییەكە یەكسەر گواستیانەوە نەخۆشخانە و خزمەتێكی باشی كرا.

* یارییەكانی پاڵەوانێتییەكە لە 30 خولەك پێكهاتبوو و هەر گێمێك 15 خولەك بوو و كەسیش ناڕەزایی دەرنەبڕی، كەچی كاتێك پاڵەوانێتییەكە بە هەمان كات لە هەولێر بەڕێوە چوو، كۆمەڵێك تیپ ناڕەزاییان دەربڕی و پێیان راگەیاندین كە چۆن لە یاسا لا دەدەین.

* ئاڵای كوردستان لای زۆربەی خەڵكەكە نامۆ بوو، شاندەكەش لەو گەشتەدا باشترین نوێنەری كوردستان بوو بۆ ناساندنی ئەو نەتەوەیە بە میوانان.
Top