لە خولی بژاردەی عێراقی سبەی هەولێرودهۆك ڕووبەرووی زاخۆ وتەلەبە دەبنەوە

لە خولی بژاردەی عێراقی   سبەی هەولێرودهۆك ڕووبەرووی زاخۆ وتەلەبە دەبنەوە
كارزان كانەبی

لە چوارچێوەی یارییەكانی خولی بژاردەی یانەكانی عێراقی لە چوار یاری دواخراوی خولەكە بریارە سبەی هەینی لە چەند یاریگایەكی شارەكانی عێراق چوار یاری گرنگ و بەهێز لە نێوان یانەكانی بەشدار لە خولەكە ئەنجام بدرێت، یانەی هەولێر لەسەر یاریگای نێودەوڵەتی شەهید فرەنسۆهەریری لە كاتژمێر30-9ی شەو لە ژێر رۆشنایی بلاجكتۆرەكانی یاریگا میوانداری یانەی زاخۆ دەكات لە یەكێك لە گرنگترین یارییەكانی خولەكە، بۆئەم یارییەش یانەی هەولێر ئامادەكاری باشی كردوە ، رۆژانەش مەشقەكانیان بە شێوەیەكی توكمە ئەنجام داوە لەسەر دەستی ڕاهێنەری بەتوانای شارەكە عومەر مەجید ئامادەكارییان ئەنجامداوە یانەی هەولێر بەپشت بەستن لە یاریگاو جەماوەر چاوی لە درێژە دان بە ئەنجامە باشەكانی كە لە چوار یاری ڕابردوو ئەنجامی بەرچاوی تۆماركردوە، یانەی زاخۆش بەبەراورد لەگەڵ یانەی هەولێر ئەنجامی وەكو پێویست نیە و لە دوو یاری ڕابردوو تامی سەركەوتنی نەكردوە ، بۆیە لەم یارییە هەموو هەولێكیان دەخەنەگەڕ بۆئەوەی لەبەردەم كوڕانی پایتەخت ئەنجامێكی چاوەڕوان نەكراو تۆماربكەن، لە بارەی یارییەكەش عومەر مەجید ڕاهێنەری یانەی هەولێر گوتی: ئامادەكاری باشمان كردوە بۆئەنجامدانی ئەم یارییە گرنگە، ئێمە وەكو یانەی هەولێر ئامادەكاری باشمان كردوە پەنا بەخوا دەتوانین سەركەوتن تۆماربكەین و یانەی زاخۆش یانەیەكی باشە، بەڵام ئێمەدەمانەوێ‌ لە ریزبەندی یانەكان زیاتر خۆمان نزیك بكەینەوە بۆئەوەی بچینە پێشەنگی یانەكان یاریزانەكانیشمان ئامادەن بۆئەنجامدانی ئەم یارییە، لە شاری بەغداش لەسەر یاریگای جەوییە لە یارییەكی بەهێزدا هەردوو یانەی دهۆك و تەلەبە ڕووبەرووی یەكتری دەبنەوە، بۆئەم یارییەش شاندنی یانەی دهۆك لە رۆژی پێنج شەمەوە گەشتی شاری بەغدایان كردوە ، بە ئامانجی سەركەوتن روو لە شاری بەغدا دەكەن لەبەرامبەریشدا یانەی تەلەبە تێنوی كۆكردنەوەی خاڵە

لە یارییەكاندا بۆیە بە ئامانجی بەدەست هێنانی سەركەوتن و خۆ دوورخستنەوە لە كۆتاییەكانی ریزبەندی یانەكان ڕووبەرووی یانەی دهۆك دەبێتەوە، لەبارەی یارییەكەش كاوە ئیبراهیم ڕاهێنەری گۆلچیەكانی یانەی دهۆك بۆرۆژنامەی خەبات گوتی: ئێمە ئامادەكاری باشمان كردوە بۆئەم یارییە و تەواوی یاریزانەكانی یانەكەمان لە ئامادە باشیدان بۆئەنجامدانی ئەم یارییە گرنگە، هەر چەندە یارییەكەمان لەشاری بەغدایە و پلەكانی گەرما بەرزە بەڵام ئێمە سوردەبین لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لەم یارییەدا، هەر لە شاری بەغداش هەردوو یانە جەوییە و بەغداد لە دێربی پایتەخت ڕووبەرووی یەكتری دەبنەوە، یانەی مەسافیش لە شاری بغداد ڕووبەرووی یانەی كەربەلا دەبێتەوە. هەلوێر خاوەنی 47خاڵە لە ریزبەندی لەپلەی چوارەم دێت .
Top