جــامـــی كــیــــشـــوەرەكان بەرازیل 2013 بەرازیل بۆ جاری چــــــــــــــــــــوارەم بووە پاڵەوان

جــامـــی كــیــــشـــوەرەكان بەرازیل 2013 بەرازیل بۆ جاری چــــــــــــــــــــوارەم بووە پاڵەوان
راپۆرت: سالار جەلال
* بەرازیل شكۆمەندی بۆ خۆی گەڕاندەوە
ماوەیەكە هەڵبژاردەی بەرازیل ئاستی هونەری هاتۆتە خوارەوە و لەریزبەندی فیفا لەپلەی 22 دێت بۆیە جامی كیشوەرەكان دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ راهێنەر سكۆلاری و یاریزانەكانی بۆ ئەوەی دڵی هاندەرانیان خۆش بكەن، هەڵبژاردەی بەرازیل بەسەركەوتنی بەسەرهەڵبژاردەكانی ژاپۆن بەئەنجامی (3-0) و هەڵبژاردەی مەكسیك بەئەنجامی (2-0) وهەڵبژاردەی ئیتالیا بەئەنجامی (4-2) پلەی یەكەمی گرووپەكەی مسۆگەركرد، لە قۆناغی پێش كۆتاییدا بەئەنجامی (2-1) لەهەڵبژاردەی ئۆروگوای بردەوە و بەشایستەیی گەیشتە یاری كۆتایی، لەبەرامبەردا هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵەوانی ئەوروپا وجیهان و پۆلینكاری یەكەمی فیفا وەك بەهێزترین پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی جامەكە بەشداری لەجامی كیشوەرەكان كرد، لەیارییەكانی گروپی دووەمدا بەئەنجامی (2-1) لەهەڵبژاردەی ئۆروگوای و(10-0) لەهەڵبژاردەی تاهیتی و(3-0) لەهەڵبژاردەی نایجیریای بردەوە وپلەی یەكەمی گروپەكەی وەرگرت، لە قۆناغی پێش كۆتاییدا بەلێدانی یەكلاكەرەوەی سزا لەهەڵبژاردەی ئیتالیای بردەوە وگەیشتە یاری كۆتایی لەبەرامبەر بەرازیل .
لەرۆژی یەكشەممە 30/6/2013 لەیاریگای ماراكانا لەشاری ریۆدی جانیرۆ و بەئامادەبوونی 79 هەزار كەس، هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و ئیسپانیا لەیاریی كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 بەیەك گەیشتن، ئەوە یەكەم یاری بوو لەنێوان هەردوو هەڵبژاردە لەماوەی 27 ساڵدا، بەرازیل بەئاستێكی بەرزەوە شكۆمەندی بۆ خۆی گەڕاندەوە دوای ئەوەی توانی بەئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لەهەڵبژاردەی ئیسپانیا بباتەوە وبۆ جاری چوارەم لە مێژوودا جامەكەی بەدەستهێنا لەدوای ساڵانی 1997 و 2005 و 2009، گۆلكانیش لەلایەن یاریزانان فرێد دوو گۆڵ و نیمار لە خولەكەكانی 2 و 44 و 48 دا تۆماركران لەو كاتەی یاریزان رامۆس لێدانی سزای لەدەستدا و لەخولەكی 68 یاریزان پیكێ بەكارتی سوور دەركرا .
لەلایەكی دیكەوە هەڵبژاردەی ئیتالیا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا دوای سەركەەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی ئۆروگوای بە لێدانی یەكلاكەرەوە بە ئەنجامی (3 – 2) گۆڵ دوای ئەوەی كاتی یاسایی و زیادكراوی یارییەكە بەئەنجامی دوو گۆڵ بۆ هەردوولا كۆتایی هات .
* باشترینەكانی جامی كیشوەرەكانی 2013 :
لەدوای یاریی كۆتایی فیفا باشترینەكانی جامی كیشوەرەكانی 2013 ی دیاریكرد كەبەم شێوەیەبوو :
- باشترین یاریزان
نیمار داسیلڤا (بەرازیل) تۆپی زێڕین
ئەندرێس ئەنێستا (ئیسپانیا) تۆپی زیوین
پاولینهۆ (بەرازیل) تۆپی برۆنز
- باشترین گۆڵكەر
فیرناندۆ تۆرێس (ئیسپانیا) لاپچینی زێڕین 5 گۆڵ
فرێد (بەرازیل) لاپچینی زیوین 5 گۆڵ
نیمار داسیلڤا (بەرازیل) لاپچینی برۆنز 4 گۆڵ
- باشترین گۆڵچی
جۆلیۆ سیزار ( بەرازیل) دەستەوانەی زێڕ
- خەڵاتی یاری پاك
هەڵبژاردەی ئیسپانیا
* خەڵاتە داراییەكان
لە كۆتایی جامی كیشوەرەكانی 2013 یەكێتیی تۆپی پێی جیهانی فیفا خەڵاتە داراییەكانی ئاشكراكرد كە بریتی بوو لە 20 ملیۆن دۆلار و بەم شێوەیە بەسەر هەڵبژاردەكان دابەشكرا :
1- هەڵبژاردەی بەرازیل 4.1 ملیۆن دۆلار
2- هەڵبژاردەی ئیسپانیا 3.6 ملیۆن دۆلار
3- هەڵبژاردەی ئیتالیا 3 ملیۆن دۆلار
4- هەڵبژاردەی ئۆروگوای 2.5 ملیۆن دۆلار
5- هەڵبژاردەی نایجیریا 1.7 ملیۆن دۆلار
6- هەڵبژاردەی مەكسیك 1.7 ملیۆن دۆلار
7- هەڵبژاردەی ژاپۆن 1.7 ملیۆن دۆلار
8- هەڵبژاردەی تاهیتی 1.7 ملیۆن دۆلار
* باشترین یاریزانی یارییەكان وئەنجامەكان
لە جامی كیشوەرەكانی 2013 تێكڕای 16 یاری ئەنجامدرا و تیایدا 68 گۆڵ تۆماركرا بەرێژەی 4.25 گۆڵ لەهەر یاریەكدا كە ئەوەش زۆرترین رێژەی گۆڵ تۆماركردنە لەمێژووی جامی كیشوەرەكان، لەهەر یارییەكدا باشترین یاریزان لەلایەن فیفاوە دەست نیشانكران، ئەنجامی سەرجەم یارییەكان و باشترین یاریزانی هەر یارییەك بەم شێوەیە بوو :
بەرازیل * ژاپۆن (3 – 0) نیمار داسیلڤا (بەرازیل)
ئیسپانیا * ئۆروگوای (2 – 1) ئەندرێس ئەنێستا (ئیسپانیا)
ئیتالیا * مەكسیك (2 – 1) ئەندریا پێرلۆ (ئیتالیا)
نایجیریا * تاهیتی (6 – 1) نامدی ئۆدوامادی (نایجیریا)
بەرازیل * مەكسیك (2 – 0) نیمار داسیلڤا (بەرازیل)
ئیتالیا * ژاپۆن (4 – 3) شینجی كاگاوا (ژاپۆن)
ئیسپانیا * تاهیتی (10 – 0) فیرناندۆ تۆرێس (ئیسپانیا)
ئۆروگوای * مەكسیك (2 – 1) دییگۆ فۆرلان (ئۆروگوای)
بەرازیل * ئیتالیا (4 – 2) نیمار داسیلڤا (بەرازیل)
مەكسیك * ژاپۆن (2 – 1) خافییر هێرناندیز (مەكسیك)
ئیسپانیا * نایجیریا (3 – 0) خۆردی ئەلبا (ئیسپانیا)
ئۆروگوای * تاهیتی (8 – 0) ئەبیل هێرناندیز (ئۆروگوای)
بەرازیل * ئۆروگوای (2 – 1) جۆلیۆ سیزار (بەرازیل)
ئیسپانیا * ئیتالیا (0 – 0) (6 – 5) لێدانی یەكلاكەرەوە ئیكەر كاسیاس (ئیسپانیا)
ئیتالیا * ئۆروگوای (2 – 2) (3 – 2) لێدانی یەكلاكەرەوە ئەدینسۆن كاڤانی (ئۆروگوای)
بەرازیل * ئیسپانیا (3 – 0) نیمار داسیلڤا (بەرازیل)
Top