گەشە شێرزاد یاریزانی گۆڕەپان ومەیدانی یانەی ئاڵا: لە منداڵییەوە هۆگری ئەم یارییە بوومەو زیاتر خۆم پێدەگەیەنم
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان لە چاو ساڵانی پێشووتر گۆڕانكاری باشی بە خۆیەوە بینیوە لە ڕووی گرنگیدانی زیاتر لەلایەن یانەكانی كوردستان بۆهەردوو ئاستی كچان و كوڕان و خاوەنی چەندین یاریزانی بەتواناین لەسەر ئاستی عێراق ئەوەش بەڵگەی گرنگیدانی زیاترە لەلایەن یانەكان بۆئەم یارییە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم یارییە ؟
- پێش هەموو شتێك ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان ومەیدان بەرز بكەینەوە،دەبێ سەرەتا لە دروست كردنی قوتابخانەوە دەست پێبكەین بۆئەوەی لەم قوتابخانەیە یاریزانی باش دروست بكەین بۆپاشەڕۆژ، دواتریش كردنەوەی پاڵەوانێتیی زیاتر بۆئەوەی یاریزانی بە توانا دروست بن و یاریگای تایبەت هەبێت بەم یارییە لە شارەكانی كوردستان كە ئەمانە هەبوو ئەم یارییە خۆی كۆنتك دەكات و ئاستی بەرز دەبێتەوە.
* چۆن بوو یاریی گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- سەرەتا من وەكو هەموو یاریزانێك لە قوتابخانەكانەوە خۆشەویستیم بۆئەم یارییە دروستبوو، ئیتر بەردەوام لە پاڵەوانێتییەكانی فیستیڤاڵی ساڵانەی قوتابخانە و پەروەردەكان بەشداردەبووم بۆیە تا وای لێ هات هەر چەند جار ئەنجامی بەرچاوم بەدەست دەهێنا خۆشەویستیم بۆئەم یارییە زیاتر دەبوو تا هۆگری بووم و هیچ كات لە وەرزشكردن دانەبڕێم ئێستاش بەردەوام لە ناو ئەم یارییەو خزمەتی ئەم یارییە و خۆم دەكەم بۆ بەرز بوونەوەی ئاستم.
* بۆتۆ كێشە نییە لە قەزای سۆران دێیتە یانەیەكی هەولێر یاری دەكەیت؟
- بەڵێ زۆریش كێشەیە بۆ من كە لە قەزای سۆرانەوە بێمە شاری هەولێر بۆ وەرزشكردن، بەڵام ئەوە بڕیاری خۆمەو لێی پەشیمان نیمە،چونكە یارییەكەم پێخۆشە ئامادەم هەموو قوربانییەكی بۆبدەم بۆئەوەی بگەمە لووتكەی وەرزشكردنم.
* تا ئێستا هیچ گرێبەستێكت پێشكەشكراوە لەلایەن یانەكانی كوردستان؟
- نەخێر ئەو دەرەفتەم بۆ نەڕەخساوە كە یانەكان داوای یاری كردنم لێ بكەن، ئەگەر گرنگیی زیاتر بە ئاستی خۆم بدەم رۆژێك دەبێت گرێبەستم پێشكەش بكرێت، بەڵام وەكو داوا كردن بۆ یاری كردن بەڵێ چەند یانەیەك داوایان لێ كردمەوە یارییان بۆ بكەم.
* تاكو ئێستا لە هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق داواكراویت ؟
- بەهۆی ئەوەی من ماوەیەكی زۆر نییە هاتوومەتە نێو یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان ماوەی تەنیا یەكساڵە ئەم وەرزەشە دەكەم، بۆیە تائێستا دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە یاری لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بكەم.
*هەست ناكەی ئەم یارییە هیچ گرنگی پێ نادرێت لە شاری سۆران؟
- بەڵێ زۆر ڕاستە لە قەزای سۆران هیچ گرنگییەك بەم یارییە نادرێت، زۆر یاریزانی بەتوانای تێدایە كە پاشەڕۆژی باشی لێ چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام بەهۆی بایەخ نەدان پێیان تواناكانیان شاردراوەیەو نەبوونی یاریگای تارتانیش كێشەیەكی ترە بۆئەم شارە.
* بەرنامەت چییە بۆداهاتووی خۆت وەكو یاریزانێك؟
- لە بەرنامەی منە ئەگەر ئەمساڵ خوێندنم بەسەركەووتویی بڕی زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم و كێبڕكێ بكەم لەگەڵ یاریزانانی تری هاوڕێیانم بۆئەوەی بتوانم زیاتر گرنگی بە ئاستی خۆم بدەم.
*هیواو ئاواتت چییە لەم یارییە؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بەتواناكانی خۆم بدەم بۆئەوەی لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق وەربگیرێم و خزمەتی ئەم وەرزشە بكەم، سوپاس بۆ یەكێـتیی گۆڕەپان و مەیدانی كوردستانیش كە گرنگیی باش بەم یارییە دەدەن، سوپاس بۆئێوەش كە بەبێ جیاوازی خزمەتی وەرزشی كوردستان دەكەن لە گشت شارەكانی كوردستان ئەوەش بەڵگەی دڵسۆزیتانە بۆ وەرزش.
